پیر خدر سلێمان:"ئێزدى مه‌غدوری و چاره‌نڤيسى تێكه‌ل ناكه‌ن"
وشه:
پیر خدر سلێمان لێكۆڵه‌ر و كه‌سایه‌تیی ناوداری ئێزیدییه‌كانی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئێزیدی هه‌میشه بوونه‌ته قه‌ڵغانی پاراستنی كوردستان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی ڕه‌سه‌نی كوردستانن له ڕووی خاك و نه‌ته‌وه و كولتوور و هه‌موو هه‌ستێك. به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه "سته‌م چه‌ند زۆر بێ، ناتوانێ وا بكات ده‌ست له ئاین و كوردایه‌تی به‌ر بده‌ین".
پیر خدر ئه‌وه‌ش ده‌خاته روو كه راسته ئێزیدی پشتگوێ خراون و گله‌یی زۆریان هه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆمان له كوردستان جیا بكه‌ینه‌وه، بۆیه "مه‌غدووری و چاره‌نووس تێكه‌ڵ ناكه‌ین".
پێوه‌ندیی ئێزیدی به خاك و خه‌ڵكی كوردستانه‌وه چۆنه؟
ئێزیدی به‌شێكی ڕه‌سه‌ن و دانه‌بڕاوی گه‌لی كوردستانن و هیچ كه‌س و گه‌ل و لایه‌نێك ناتوانێ ئه‌م مافه له ئێزیدی بسێنێته‌وه، ئێزیدی له رووی زمان و خاك و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و كولتووره‌وه، به كوردستانه‌وه به‌ستراون و كه‌س ناتوانێ ڕێگری و نكۆڵی له‌مه بكات، چونكه ئێزیدی له هه‌موو شۆڕشه‌كاندا چه‌ندان قوربانییان بۆ ئه‌م خاكه داوه و وه‌ك هه‌میشه مل به ملی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه خه‌باتی كردووه.
به‌ڵام هه‌ندێك ده‌نگ هه‌یه ده‌یانه‌وێ ئێزیدی له كوردستان دابڕن، بۆ ئه‌مه چی ده‌ڵێی؟
ئێزیدی بۆ به‌رگریكردن له خاكی خۆیان كه كوردستانه و بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تی كه ئێزیدیایهتییه درێغییان نه‌كردووه و ڕووبارێك خوێنیان ڕشتووه، به‌ڵام هیچ جارێك ده‌ستبه‌رداری خاك و كوردایه‌تیی نه‌بوون، به‌ڵگه‌یش زۆرن، ئه‌م جینۆسایده‌ی دوایی كه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه قوربانی زیاتری پێ دابن، به‌ڵام ئێزیدی ماون و دوژمن شكا، بۆیه دووركه‌وتنی ئێزیدی له كوردستان مه‌حاڵه، چونكه گه‌وره په‌رستگه‌ی ئێزیدییه‌كان له كوردستانه، ئینجا چۆن ده‌بێ ئێمه له په‌رستگه‌ی خۆمان جیا ببینه‌وه.
هه‌ست ده‌كرێ زۆر ده‌نگی ناڕازی له‌ناو ئێزیدیدا هه‌ن و پێیان وایه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه پشتگوێ خراون، راستیی ئه‌مه چۆنه؟
ڕاسته ئێزیدی له كوردستان و عێراق زۆر مه‌غدوورن و ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان پێكه‌وه پشتگیریمان بكه‌ن، چونكه ئێزیدی وه‌ك كه‌سێكی برینداری لێ هاتووه و پێویستی به چاره‌سه‌ره، گه‌وره‌ترین جینۆسایدی سه‌ده‌ی 21یان به‌سه‌ردا هاتووه، بۆیه پێویسته كوردستان به‌ده‌م داواكاری ئێزیدییه‌وه بێت و مافی خۆیانه گله‌یی بكه‌ن، چونكه زۆر غه‌دریان لێ كراوه له رووی دانانی پۆسته كارگێڕییه‌كان و له هه‌موو جومگهكانیشدا، له دواین هه‌ڵبژاردنیشدا ده‌نگه‌كانیان فه‌وتا، بۆیه هیوادارین هه‌رچی زووه ئه‌م داواكارییانه بگاته هه‌موو لایه‌نه پێوه‌نداره‌كان.
له ریفراندۆمه مێژوویییهكهدا ئێزیدی زیاتر له هه‌موو ناوچه‌یه‌ك ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، هۆی ئه‌مه چی بوو؟
ئێمه ده‌ڵێین غه‌درمان لێ كراوه، به‌ڵام ئێمه مه‌غدووری خۆمان تێكه‌ڵ به چاره‌نووسمان ناكه‌ین، كوردستان خاكمانه و ناتوانین لالش و شنگال جیا بكه‌ینه‌وه، ده‌بێ هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بن، بۆیه ٩٠%ی ناوچه‌كانی ئێزیدینشین به "به‌ڵێ'' سه‌ربه‌خۆیییان هه‌ڵبژارد له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ. هه‌ركاتێك ئێمه گله‌یی و گازندهیهكمان هه‌بێت، ده‌یگه‌یه‌نین به سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و گوێمان لێ ده‌گرن، پێشمان وایه گره‌نتی به‌رقه‌راركردنی مافمان سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و ماڵی بارزانه.
به‌گشتی له‌و هه‌موو ناخۆشی و رووداوانه‌دا، ئێسته چاره‌نووسی ئێزیدی چۆن ده‌بینیت؟
هه‌ندێك پێیان وابوو ئێزیدی بێباوهڕن بۆیه كۆمه‌ڵكوژی ده‌كرێن، به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو كورد و به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی ئێزیدینشین باش بزانن، چاوی دوژمن له خاكی كوردستانه به‌هۆی ئه‌وه‌ی پڕه له داهات، جیۆگرافیای ناوچه‌كانی ئێزیدیش بووه‌ته قه‌ڵغان بۆ كوردستان، چونكه ناوچه‌یه‌كی ستراتیجیمان هه‌یه، بۆیه ئێمه كۆڵ ناده‌ین و دوژمنیش به‌رده‌وامه، به‌ڵام له كۆتادا گه‌لانی خۆڕاگر براوه ده‌بن. له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه ئێزیدی و كورد وه‌ك یه‌ك سه‌یر ده‌كرێن، نابێ هیچ جیاوازییه‌ك ببینین جگه له بابه‌تی خاك و نه‌ته‌وه‌مان كه هه‌موومان خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین تا ده‌گه‌ین به ئامانج و كوردستانی سه‌ربه‌خۆ.
تعليقات