ئەشواق، کچا کوردا ئێزدی به‌رسڤا داواکارێ گشتيێ ئەلمانیا دده‌ت

 باسنيوز:
ئەشواق حەجی حەمید تەعلوو، ئەو کچە کوردە ئیزیدییەی کە هەشت مانگ لەمەوبەر، هەمان ئەو چەکدارەی داعش کە لە مووسڵ ماوەی سێ مانگ وەکوو کەنیزەک ئەشکەنجەی دابوو، لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا رێگری و گێچەڵی پێ کردبوو و بەو هۆیەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی نوێیدا بۆ (باسنیوز)، وەڵامی لێدوانێکی فرانک کۆیلەر، وتەبێژی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەداتەوە.

فراوک کۆیلەر، وتەبێژی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لە چەند رۆژی رابردوودا پێوەند بە کەیسی ئەشواق (کچە کوردی ئێزدی) بە (ئەسۆشیدت پریس)ی راگەیاندووە: ”ئەو کچە پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە سەبارەت بەو رووداوە گوتەی لێ وەرگیراوە، لێ زانیارییەکانی زۆر ورد نەبوون، وەختێکیش بەرپرسان لە هەوڵی ئەوەدا بوون بەدوای کەیسەکەدا بڕۆن، ئەو کچە گەنجە لە ئەڵمانیا نەماوە“.

وتەبێژی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا هەروەها گوتوویەتی: ”بەرپرسانی ئەڵمانیا لەو کەیسەدا خەمساردییان نەنواندووە و ئەگەر دەرفەتێک هەبوایە و بتوانرایە کەسێک دەستگیر بکرێ، بێ شک دەستگیر دەکرا“.

فراوک کۆیلەر راشی گەیاندووە: ”پێویستە ئەشواق حەجی بگەڕێتەوە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر بە هیزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بدات، یاساش رێگەی پێ دەدات بگەڕێتەوە“.

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەی وتەبێژی داواکاری گشتیی ئەڵمانیادا، ئەشواق لە تازەترین لێدوانیدا بۆ (باسنیوز) رای گەیاند: ”من سوپاسی بەرپرسانی ئەڵمانیا و بەڕێز فرانک کۆیلەر، گوتەبێژی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەکەم کە بایەخ بەم کەیسەم دەدەن، بەڵام حەز دەکەم کە بە بەڕێزیان رابگەیەنم، کە من دوای ئەوەی (ئەبوو هومام)ی داعش رێگەی پێ گرتم و چوومە لای بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەکەمان و پۆلیس سکاڵام تۆمار کرد، دوای ئەوە یەک مانگ و نیو لە ئەڵمانیادا مامەوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دوایین قسەی پۆلیس بۆ من ئەوە بوو کە ژمارەی تەلەفۆنێکیان دامێ و گوتیان هەر کاتێ ئەو کەسە هاتەوە ڕیگەت و گێچەڵی پێ کردیت یان هەڕەشەی لێ کردیت، پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکە“.

ئەشواق هەروەها گوتی: ”بەڕێز کۆیلەر باش دەزانێ، مادام ئەو ئەبوو هومامە هاتە سەر ڕێم و پێشی گوتم کە دەزانێ من لە کوێ دەژیم و لەگەڵ کێ دەژیم و رۆژانە بە چییەوە خەریکم! کەواتە ئەبوو هومام ماوەیەکی زۆر چاودێریی منی کردووە، باشە من ماوەی یەک مانگ و نیوی تر لە ئەڵمانیا لەژێر چاودێریی چەکدارێکی دڕندەی داعشدا بووم پۆلیس هەر نەیگرت، لە کاتیکدا یەک سەعاتیش زۆرە تۆ لەبن چادێریی پیاوێکی داعشیدا بیت، ئایا کێ هەیە بتوانێ بەبەردەوامی لەژێر مەترسیی ئەوەدا بژی کە لەناکاو چەکدارێکی داعش بە هەڕشەوە بێتە بەردەمی، من لە هەموو کچان و خانمانی دونیا دەپرسم، ئەگەر ئەوان لە جێی من بوونایە چییان دەکرد؟ ئەگەر ئەوان وەکوو من نزیکەی سێ مانگ لەلایەن چەکدارێکی داعشەوە ئەشکەنجە بدرانایە و پاش ئەوە لە ئەلمانیا هەمان کەسی داعش رێگەی پێ بگرتنایە و لەولاشەوە پۆلیس ئامادە نەبێ بیگرێت، چییان دەکرد؟!“.


ئەشواق زیاتر روونی کردەوە: ”گرتنی ئەبوو هومام زۆر ئاسانە، تەنیا کامێرای ئەو مارکێتە بهێنن کە لەبەردەمیدا من لە دەست ئەبوو هومام هەڵاتم، تەماشایەکی بکەن دەزانن کە ئەبوو هومام کێیە، زۆر زۆر ئاسانە هەموو کامێراکانی ئەو ناوچەیە سەیر بکەن و ئاشکرای بکەن و بیگرن، ئەگەر شایەدیشتان دەوێ من شایەدییم لەسەر تاوانەکانی داوە، دڵنیا بن هیچ کەسێک لە دونیادا هێندەی کچە ئیزیدییە رزگاربووەکان، شایەدی تاوانەکانی داعش نییە، تەنیا کچانی ئیزدی دەتوانن لە هەموو دادگاکانی دنیادا ببنە زیندووترین و راستگۆترین شایەت بۆ سەلماندنی تاوانە گەورەکانی داعش“.


ئەشواق هەر لە وەڵامی گوتەبێژی داواکاری گشتیی ئەڵمانیادا گوتیشی: ”تا ئەو رۆژەی ئەبوو هومامم نەبینیبوو لە شتوتگارت، من ژیانم زۆر خۆش بوو لە ئەڵمانیا، حکوومەتی ئەڵمانی هاوکاریی زۆری کردین، من و دایکم و براکەمیان خستە کەمپەوە، تەنانەت دەیانناردمە لای پزیشکیش، من خولی زمانی ئەڵمانیم تەواو کرد، منیان ناردە قوتابخانە و تەنانەت لە کوافێرێکیش ئیشم دەکرد، بەڵام کە ئەبوو هومامی داعش لە ئەڵمانیاش هاتەوە سەر ڕێگام و کە هەستم کرد پۆلیس خەمساردە و نایانەوێ ئەبوو هومام بگرن، پاش مانگ و نیوێک بڕیارم دا لەگەڵ دایکم و برای خۆم بگەڕێمەوە کوردستان، بەڕاستی من ناتوانم لە ئەڵمانیاش بەبەردەوامی لە ترسدا بژیم، پێویستە بەرپرسانی ئەڵمانیا ئەبوو هومام و هەموو ئەو کەسانە بگرن کە وەک ئەبوو هومام تاوانبارن، ئیتر پێویستە ئەبوو هومام بگیرێت و هەواڵ و دیمەن و وینەی گرتنیشی بدرێ بە تەلەڤزیۆن و میدیاکان تا خەڵک دڵنیا بێتەوە، من کچی تری ئێزیدی دەناسم هەر لە ئەڵمانیا کە تووشی هەمان ئەم حاڵەتەی من بوون، بەڵام ئەوان ناوێرن قسە بکەن“.


دوا قسەی ئەشواق ئەوە بوو: ”ئەگەر لەبەر منیش ئەبوو هومام و هاوبیرەکانی ناگرن، پێویستە لەپێناو پاراستنی ئەمنییەتی ئەڵمانیادا بیانگرن، خۆ نابێ چاوەڕێ بکرێ تا رۆژێک هێرشێکی تیرۆریستی جێبەجێ دەکەن و دنیایەک قوربانیی لێ دەکەوێتەوە، پێویستە ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپاش جیاوازی بکەن لەنێوان (پەنابەر) و (تیرۆریست)دا، ئاخر پەنابەر مەزڵوومە و ستەمی لێ کراوە، بەڵام تیرۆریست زاڵمە و ستەمی لە خەڵک کردووە، قانوونیش دەبێ پشتیوانی مەزڵوومەکان بکات، من ئامادەم لێرەوە لە کوردستانەوە هاوکاریی پۆلیسی ئەڵمانی بکەم و وەڵامی هەر پرسیارێکیان بدەمەوە، بەلام پاش ئەم هەموو دەنگدانەوە میدیاییەی کەیسەکەی من، ناتوانم بگەڕێمەوە ئەڵمانیا چونکە ئەبوو هومام و هاوبیرەکانی لەوێن و هەڕەشەن بۆ سەر ژیانم“.


ئەشواق حەجی حەمید تەعلوو \تەمەن 19 ساڵ\، ئەو کچە کوردە ئێزیدییەی کە لە رۆژی 3ی مانگی ئۆگستسی ساڵی 2014 لە هێرشی تیرۆریستانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) خۆی و سەرجەم ئەندامانی ماڵبات و بنەماڵەکەی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش.


ئەشواق بە تەمەنی 15 ساڵی ماوەی نزیکەی سێ مانگ وەک کەنیزەک دەکەوێتە دەست چەکدارێکی داعش بەناوی (ئەبوو هومام ئەلشەرعی) کە ناوە راستەقینەکەی (محەمەد رەشید ئەلبەغدادی)یە و خەڵکی عێراقە بە قسەی ئەشواق، بە درێژایی ماوەی ئەسارەتی، ئەبوو هومام ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی ئەشواقی داوە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر، بەڵام لە دوای ئەو ماوەیە ئەشواق بە زیرەکی و لێهاتووییەکەیەوە، خۆی رزگار دەکات لە (ئەبوو هومام) و خۆی دەگەیەنێتە ناوچەکانی بن دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لەوێ بە بە شێک لە کەسوکاری شاد دەبێتەوە.


دواتر، پاش رزگاربوونی بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەی و بێسەروشوێنبوونی پێنج برای و خوشکێکی، ساڵی 2015 لەگەڵ دایکی و برایەکی لەڕێگەی بەرنامەیەکی مرۆییەوە گەیشتنە ئەڵمانیا و لە کەمپێکی پەنابەرانی شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا گیرسانەوە. بەڵام پاش نزیکەی سێ ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا، لە رۆژی 21ی مانگی فەبریوەری ئەمساڵ (٢٠١٨) هەمان ئەو چەکدارەی داعش (ئەبوو هومام) کە بە کەنیزەک ئەشواقی گرتبوو لە مووسڵ و ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی دابوو، لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەیەکی شاری شتوتگارت رێگە لە ئەشواق دەگرێت و پێی دەڵێ: ”تۆ ئەشواقیت، من هەموو شتێک لەبارەی تۆوە دەزانم، ئاگادارم لێرە لەگەڵ کێ دەژیت و بە چییەوە خەریکیت و رۆژانە چی دەکەیت!“.


ئەشواق وەک خۆی دەڵێ: ”پاش ئەوەی لە هەوڵەکانی پۆلیسی ئەڵمانی لە گرتنی ئەبوو هومام، بێ ئومێد دەبێ ئیتر دەگەڕێتەوە کوردستان“.


جێی وەبیرهێنانەوەی کە هەفتەنامەی (باس) و ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)، یەکەمین دەزگای میدیایی بوون لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیهان، کە چیرۆکی ئەشواقیان بڵاو کردەوە، لەو رۆژەوە تا ئێستا، چیرۆکی ئەشواق سەرتۆپی پرس و باسە گرنگەکانی میدیاکانی جیهانە.

تعليقات

المشاركات الشائعة