تیما نەتەوەیێن ئێكگرتى دێ دهست ب ڤهكۆلينێ لسهر تاوانێن داعش ل عێراقێ كهت
هەولێر-KDP.info-
شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، سەردانی ئەمەریكایان كرد و لەوێ چاویان بە سەرۆكی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق كەوت. ئەندامێكی شاندەكەیش دەڵێ، بڕیارە لە 10 رۆژی دووەمی ئەم مانگەدا، ئەو تیمەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق، دەستبەكار بێ و ماوەی شەش ڕۆژ دەمێننەوە.
بەرەڤان حەمدی، بریكاری وهزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "له ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، بڕیار درا لە 21-9-2017 لیژنەیەكی تایبەتی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوهی بەڵگەكان و پاراستنیان پێك بهێنرێت و راوێژكارێكی باڵا لە ئەنجوومەنی ئاساییش تیمێك دروست دەكات و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی عێراق دەكات، بۆیە لەو سەردانەی وەكو شاندێكی باڵای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەنجاممان دا كە ماوەی 8 رۆژی خایاند، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بەڕێوەبەرایەتیی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەرایەتیی مافی مرۆڤ و دیموگرافی و بەرپرسی مەلەفی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆكی ئەو لیژنەیەی ئەنجوومەنی ئاساییش كۆ بووینەوە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە پەیامی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكان بگەیێنین".
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیشیانەوە، حەمدی گوتی: "لەگەڵ سەرۆكی تیمەكە لە نیویۆرك باسمان لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان بەر لە چوار ساڵ و لە كاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا، هەر زوو لیژنەیەكی باڵای دامەزراند و پاشان دەستەیەكی تایبەتی لە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكانی لە دهۆك دامەزراند بە سەرپەرشتیی دادوەرێك و بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان، بۆ ئەوەی ئەو بەڵگە و دۆكیومێنتانە بپارێزرێن و لێدوانی قوربانیان وەربگیرێت و ئامادە بكرێ بۆ دادگایەك، ئەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێم ناویەتی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لەسەر ئەم كەیسە، بووە جێگای خۆشحاڵیی سەرۆكی لیژنەكە و لێكتێگەییشتنێكی باش لە نێوانماندا دروست بوو، لە كاتی سەردانیكردنی عێراقیشدا، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات و لەگەڵ لیژنەی باڵا و كەسانی شارەزا و كەسوكاری قوربانیان دادەنیشێ، هەروەها بڕیاریشی دا سوود لەو هەوڵانە ببینێ كە هەرێمی كوردستان داویەتی لە ماوەی ڕابردوودا" .
بریكاری وهزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، دەشڵێ: "ئەو لیژنەیە لە 10 رۆژی دووەمی مانگی ئابدا سەردانی عێراق دەكات و بریارە ماوەی 6 رۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و 3 رۆژ لە بەغدا و 3 رۆژیش لە هەولێر دەبێت، هەروەها سەردانی شوێنی تاوانەكان دەكات و لەگەڵ كەسوكاری قوربانیان كۆ دەبێتەوە و لەسەر بەڵگەكان و پاراستنیان و جۆری ئەو تاوانانەی كە ئەنجام دراون و قەبارە و چۆنیەتیی رێكخستنیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و یاسا بەركارەكانی كە عێراق كە كاریان پێ دەكرێت، لە ماوەی دوو ساڵیشدا ڕاپۆرتێك ئامادە دەكەن."
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەنجامدانی ئەو تاوانانە لەلایەن تیرۆریستانەوە، هەر زوو ڕایگەیاند، تاوانەكانی داعش نێودەوڵەتین و دەبێت دادگایەكی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات، بەڵام حكوومەتی عێراق هاوكار نەبوو.
بهرهڤان حهمدی دەشڵێ: "ئەو هەنگاوانەی حكوومەت لە كۆكردنەوەی بەڵگە و دۆكیومێنتەكان و لێكۆڵینەوەكان و نزیكی لە قوربانیان و كاركردن لەسەریان، دەتوانێت باشترین خزمەت بەو تیمە ڕاوێژكارییەی لێكۆڵینەوەیە بكات، ئامانجی ئێمەیش ئەوەیە خزمەتی زیاتر بەم كەیسە بكەین، چونكە حكوومەتی هەرێم بە ڕوونی لەگەڵ ئەوەدا نییە بەپێی یاسا ناوخۆییەكان لە رێگای دادگایەكی ناوخۆیی كەیسەكە و قەبارەی تاوانەكە بچووك بكرێتەوە، بەڵكوو دەمانەوێت ڕەهەندێكی تێكەڵی هەبێ لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە تاوەكو زەمانەتێك و دڵنەواییەك و پاڵپشتییەك بۆ كەسوكاری قوربانیان بێت و ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی".
تعليقات