150زارۆكێن گرتيێن ئێزدى ل توركيا هاتنه ديتن
رووداو- دهۆك
بەشێك لەو منداڵە ئێزدیانەی لەگەڵ كەسوكاریان لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون، ئێستا لە شارەكانی توركیا لە خانەكانی بێسەرپەرشتاندا دەدۆزرێنەوە. ئەم منداڵانە پێشتر لە ماڵی ئەمیر و چەكدارانی داعشدا بوونە، دوای لەناوبردنی داعش بەشێك لەو چەكدارانە هەڵاتوون بۆ توركیا و ئەوانیشیان لەگەڵ خۆیان بردوون، بەڵام دواتر خۆیان لە خانەكانی بێسەرپەرشتان بینیوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 150 منداڵ و هەرزەكاری ئێزدی لە خانەكانی بێسەرپەرشتاندان لە توركیا، بەشێك لەوانە نازانن كوردی ئێزدین و تەنانەت زمانی دایكیشیان بیرچووەتەوە. بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردی ئێزدی لە دهۆك دەڵێت تاوەكو ئێستا 15 لەو منداڵانە لە توركیاوە هێنراونەتەوە كوردستان.
سۆلین، كچە كوردێكی ئێزدییە، یەكێكە لەوانەی لە توركیاوە گەڕاوەتەوە. چیرۆكی رفاندن و رزگاركردنی خۆی بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە و دەڵێت "دوای ئەوەی چەكدارانی داعش ئێمەیان رفاند، ئەمیرێكی داعش بەناوی ئەبوو ئەكرەم هاتە لامان و لەنێو چوار خوشكدا منی هەڵبژارد و بە بەرچاوی دایكم و باوكمەوە منی برد".
سۆلین ناوی خوازراوی ئەو كچە ئێزدییە تەمەن 18 ساڵەیە كە لە سەنتەری شنگال كەوتە دەستی چەكدارانی داعش، ئەو دەڵێت: "ساڵێك لە مووسڵ بووم. ئەمیرەكە سەرەتا زۆر خراپ بوو لەگەڵم، ئەویش لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێك ژنەكەی بە خراپە باسی منی بۆ دەكرد، پاشان ئەمیرەكە وردە وردە قەناعەتی بە ژنەكەی هێنا كە ئاساییە پیاو دوو ژنی هەبێ، یان كەنیزەكی هەبێ، ئیدی ژنەكە قەناعەتی دینی بۆ دروستبوو و هەڵسوكەوتی بەرامبەرم گۆڕا".
دوای ساڵێك، ئەبوو ئەكرەم بە خێزانەوە دەچێتە رەققە، سۆلینیش لەگەڵ خۆی دەبات، بەڵام ئەبوو ئەكرەم لەوێ لە شەڕێكدا دەكوژرێ. سۆلین دەڵێت "دوای كوژرانی ئەبوو ئەكرەم، خێزانەكەی بڕیاریاندا بچنە توركیا، منیشیان لەگەڵ خۆیان برد، بە قاچاخ لە رەققەوە چووین بۆ ئەنقەرە".
چەكدارانی داعش لە مانگی ئابی 2014 پەلاماری قەزای شنگال و دەوروبەریان دا، لەو پەلامارەدا نزیكەی 6500 كوردی ئێزدی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش. ژمارەیەكی زۆریان لێ شەهید كردن، ژمارەیەكیشیان رفاندن. ئەگەرچی ژمارەیەكی زۆر لە رفێنراوان بە رێگەی جۆراوجۆر رزگاركران، بەڵام سەرەڕای نەمانی داعش هێشتا چارەنووسی هەندێكیان نادیارە، ئێستا دەركەوتووە ژمارەیەك لەو رفێنراوانە لە توركیان.
سۆلین باسی چۆنیەتی رزگاربوونی خۆی لە ئەنقەرە دەكات و دەڵێت: "لە توركیا تەلەفۆنێكم پەیدا كرد، دواتر بەڕێگای فەیسبووك كەسوكاری خۆمم دۆزینەوە. پاشان لە ئەنقەرە عەرەبێكی مووسڵ تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی من رزگارت دەكەم، پەیوەندیم بە ماڵەوە كرد، ئەوانیش گوتیان لەگەڵی وەرە، دواتر بەڕێگای ئەو كەسە و بە هاوكاریی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی گەیشتمەوە ئێرە".
سۆلین دەڵێت ئەو تەنیا كچە كوردی ئێزدی نییە لە توركیا بێ "زۆر منداڵ و گەنجی ئێزدی وەكو من لە توركیان، بەڵام نازانن بە چ رێگایەك خۆیان رزگار بكەن، هەندێكیان تەنانەت زمانی خۆیان لەبیرچووە، چونكە چوار ساڵ لەژێر دەستی داعشدا بوون".
ئیدریس كۆچۆ، یەكێكە لەوانەی رفێنراوانی ئێزدی رزگار دەكات و تا ئێستاش 200 كوردی ئێزدی رزگار كردووە كە چواریان لە توركیا بوون. ئیدریس بە (رووداو)ی گوت "رفێنراوان لە عێراق، سووریا و توركیان، زانیاریمان هەیە ئەوانەی توركیا لە شارەكانی مەدیاد، مێرسین، عەنتاب و ئەنقەرەن، هەندێكیان تەمەنیان لە 10 ساڵ كەمترە".
ئیدیس باسی چۆنیەتی بردنی ئەو كوردانە بۆ توركیا دەكات و دەڵێت:"بەشێك لەوانە لەنێو ماڵە توركمانەكانی تەلعەفەر بوون، بەشێكی دیكە لە نێو ماڵی عەرەب و چەكدارە داعشەكان بوون، ئەوان دوای ئەوەی هەڵاتوون بۆ توركیا، لەوێ لە ترسی ئاشكرابوونیان منداڵەكانیان تەسلیمی حكومەت كردووە، ئەوانیش بردوویانن بۆ خانەكانی بێسەرپەرشتان". گوتیشی: "زانیاری زۆرمان بۆ دێت كە منداڵی ئێزدی لە خانەكانی بێسەرپەرشتانن، بەڵام دۆزینەوەیان زەحمەتە، چونكە منداڵەكان نازانن بە كوردی قسە بكەن، یان ناوی كەسوكاری خۆیان نازانن، كەسوكاریشیان هەندێكیان نایانناسنەوە، تاكە رێگە بۆ ناسینەوەی ئەو منداڵانە پشكنینی دی ئێن ئەیە بۆ منداڵەكان و ئەوانەی منداڵیان لە شەڕی داعشدا ون كردووە".
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردی ئێزدی لە دهۆك بە (رووداو)ی گوت، لە ساڵی 2016 وە دەستیان كردووە بە رزگاركردنی ئەو رفێنراوانەی بردراون بۆ توركیا، تاوەكو ئێستاش 15 لەو رفێنراوانەیان لە توركیا هێناوەتەوە.
حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوەدا كە لە دۆزینەوە و هێنانەوەی رفێنراوانی ئێزدی لە توركیا بەرەوڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە. قائیدی دەڵێت: "ئەوانەی لە توركیا رزگار دەكرێن زۆر زەحمەتترن لەوانەی لە سووریا و عێراقەوە دەهێنرێنەوە، ئەوان كات و خەرجیی زۆریان دەوێ تا رزگار دەكرێن، چونكە پێویستیان بە پشتگیریی باڵیۆزخانەی عێراقە، دواتریش توركیا هەتا دڵنیا نەبێ كە ئەو منداڵە ئێزدییە و لەلایەن داعشەوە رفێنراوە رازی نابێت بیهێنینەوە، هەتا پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ منداڵەكە و كەسوكاری نەكرێ و دڵنیا نەبنەوە، رفێنراوەكەمان رادەست ناكەن".
تعليقات