قاسم شەشۆ:راوێژكارێن سەربازی يێن بيانى ل شنگالێ نه‌

شنگال-KDP.info-
 قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چیای شنگال ڕایگەیاند، چەندین ڕاوێژكاری سەربازیی وڵاتانی بیانی هاتوونەتە شارۆچكەی شنگال و، سەرقاڵی دانانی بنكەیەكی سەربازیی گەورەن.

شەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە پێی زانیارییەكانی ئێمە، چەندین ڕاوێژكاری سەربازی لە شارۆچكەی شنگال و لە باكوور و باشوورەوە هاتوچۆ دەكەن و سەرقاڵی دانانی بنكەیەكی سەربازیی گەورەن لە شنگال".

فەرماندەكەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چیای شنگال، ئەوەیشی گوت: "ئەو بنكە سەربازییە، زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ڕووی سەربازییەوە تێیدا پشكدار دەبن و ئامانجیان وەدەرنانی هێزەكانی حەشدی شەعبییە، چونكە پێشتر ئێزدییەكان ئەم داواكارییەیان لە چەندین وڵاتی دنیا كردبوو و باوەڕیان وایە ئەمانە هەڕەشەن بۆ سەریان".

ئەو دەشڵێ: "ئێزدییەكان هەمیشە لەگەڵ ئەوەدان پێشمەرگە لە ناوچەكەدا هەبن، چونكە ئەمە خواستێكی ئێزدییانە لە شنگال، بەڵام بە دڵنییایەوە هەر هێزێك پارێزگاری لە شنگال بكات، بەبێ بوونی پێشمەرگە، گەرەنتیی پاراستنی ئێزدییانی پێ ناكرێت".

وەك شەشۆ گوتی: "بینیمان شنگال لە دەست داعش ڕزگار بووە و ئێستا لە دەست هێزە عێراقییەكانە، كەچی خەڵكی شنگال ناگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەمەیش لەبەر نەبوونی سەقامگیری و ئەمنییەت و پاراستنیانە لە لایەن هێزە عیراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە".

پێشتر هێزێكی ئەمەریكا بە چەندین ڕاوێژكارەوە لە باشووری شنگال جێگیر بوون، شارەزایانی سیاسییش پێیان وایە، ئەو هێزە بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریایە لە داعش و، هەروەها كەمكردنەوەی هێژمۆنی وڵاتانی هەرێمییە لە ناوچەكەدا.

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، بۆشاییی سیاسی و ئەمنی و ئیداری لە شنگال دروست بووە و، خەڵكی ناوچەكەیش بە دەست كۆمەڵێك گرفت و ئاریشەوە دەناڵێنن.

تعليقات

المشاركات الشائعة