چار زارۆكێن ئێزدى ژ ده‌ستێ داعش هاتنه‌ رزگاركرن

K24 - هه‌ولێر:
چوار مێردمنداڵی دیكه‌ی كوردی ئێزدی، كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه‌ رفێندرابوون ئازاد كران.

حوسێن قائیدی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی كاروباری رزگاركردنی ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ كوردستان 24ی راگه‌یاند، 4 منداڵی دیكه‌ی ئێزدی له‌ ده‌ستی داعش رزگاركران، یه‌كێكیش له‌وان خوشكی شه‌هیدان جیلاد و جیهانه‌.

قائیدی راشیگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانییان بۆ ئازادكردنی ته‌واوی ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان به‌رده‌وامه‌ و ئێستاش ئه‌و مێردمنداڵانه‌ به‌ كه‌سوكاری خۆیان شادبوونه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ته‌مه‌نی رزگاركراوان له‌ نێوان 15 بۆ 17 ساڵیدایه‌ و خه‌ڵكی گونده‌كانی كۆچۆ، ته‌ل قه‌سه‌ب، ته‌ل به‌نات و گرعوزێرن.

حوسێن قائیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، داعش‌ له‌ سه‌ربازگه‌كانییان راهێنانی توندی به‌وانه‌ كردووه‌ و له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌ك و بیری توندڕه‌وی راهێنانی پێكردوون.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، له‌سه‌ر رێنماییه‌كانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، تا یه‌ك رفێندراوی ژێر ده‌ستی داعش مابێت، نووسینگه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن.

له‌ باره‌ی ئاماره‌كانیشه‌وه‌، حوسێن قائیدی ئاشكرای كرد، ژماره‌ی رفێندراوان 6 هه‌زار و 417 كه‌س بوونه‌ و تا ئێستاش به‌ هه‌وڵی نووسینگه‌كه‌یان توانیویانه‌ 3 هه‌زار و 280 كه‌س له‌ ژێر ده‌ستی رێكخراوه‌كه‌ رزگار بكه‌ن.

چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، دوای ئه‌وه‌ی به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك شاری مووسڵیان له‌ ژێر ده‌ستی سوپای عێراق ده‌رهێنا، له‌ 3ی ئابی 2014 په‌لاماری شنگال و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانیدا و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كوردانی ئێزدی جینۆساید كرد و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان ئاواره‌بوون.

تعليقات

المشاركات الشائعة