كوردێن ئێزيدى رێوره‌سمێن جه‌ژنا سه‌رسالێ گێران

K24 - هه‌ولێر:
ئێزدییه‌كان ده‌ستیان به‌ ئاهه‌نگگێڕان كردووه‌ته‌وه‌، به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێ، پاش ئه‌وه‌ی مانگی ئابی ساڵی 2014، دووچاری كوشتن و ئاواره‌بوون بوون به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش و زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان له‌ لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ داگیركرا و ساڵانێك له‌و بۆنه‌ و جه‌ژنانه‌ بێبه‌ش كران.

ئێزدییه‌كان به‌ جلوبه‌رگی سپی و مه‌شخه‌ڵی ئاگره‌وه‌، له‌ په‌رستگای "لالشی پیرۆز" كۆده‌بنه‌وه‌‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی شێخان له‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌ژنه‌كه‌یان ناوی جه‌ژنی"سه‌رساڵ"ـه‌ و "چارشه‌مبا سۆر"ـیشی پێده‌ڵێن" ئه‌وه‌ش واتا سه‌ری ساڵی نوێی ئێزدی و رۆژی یه‌كی مانگی نیسانی ئێزدییه‌.

وشه‌ی نیسان لای ئێزدییه‌كان له‌ دوو وشه‌ی جیاوازه‌وه‌ یه‌كیان گرتووه‌ "نی" به‌ واتای نوێ و "سان" به‌ واتای له‌ دایكبوونه‌.

له‌ خواره‌وه‌ی رێگا شاخاوییه‌كه‌ كه‌ ده‌چێت به‌ره‌و په‌رستگاكه‌، زیاره‌تكاران پێڵاوه‌كانیان له‌ پێیان داده‌كه‌نن و به‌ پێی په‌تی به‌ره‌و مه‌زارگاكه‌ ده‌ڕۆن و ئه‌و كاره‌شیان وه‌ك نه‌زرێكه‌ ده‌یكه‌ن.

زیاره‌تكاران هه‌موو ساڵێك دێینه‌ لالش، به‌ڵام ئاهه‌نگه‌كان وه‌ك پێش رووداوه‌ خوێناوییه‌كان به‌ جۆش و خرۆش نیین، داعش هه‌مووی بیربردنه‌وه‌ه‌، ئه‌وان هاتنه‌ شنگال و داگیریان كرد و كۆمه‌ڵكوژیان دژی ئێزدییه‌كان ئه‌نجامدا".

ئێزدییه‌كان خاوه‌ن ئایینێكی جیاوازن له‌ موسڵمان و مه‌سیحی و ئه‌وانی دیكه‌، نزیكه‌ی نیو ملیۆن كه‌س ده‌بن و به‌ نه‌ته‌وه‌ كوردن، ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌وانی تێدا ده‌ژین به‌ "ئێزدخان" ناوده‌برێت و ناوه‌نده‌كه‌ی قه‌زای شنگاله‌. ناوچه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ نزیك سنووری رۆژئاوای كوردستان - سووریا و هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌و خاكه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر نیشته‌جێن وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خاكی كوردستانن، به‌ڵام هێشتا یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و تا ئێستا به‌ فه‌رمی چاره‌نووسیان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌رده‌وام فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ناوده‌به‌ن.

ئێزدییه‌كان ده‌ڵێن" ئایینه‌كه‌یان دێرینه‌ و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا، هه‌ندێك ده‌ڵێن، ئایینه‌كه‌یان به‌شێكه‌ له‌ ئاینگه‌لی سه‌رده‌می بابلییه‌ كۆنه‌كانی وڵاتی نێوان دوو رووباره‌كه‌ و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن، ئایینه‌كه‌یان تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ئایینی كۆن، له‌وانه‌ زه‌رده‌شتی و مانویی".

داگیركه‌ران زۆر بڕیاری ناڕه‌وایان به‌سه‌ر ئه‌و ئێزدیانه‌دا سه‌پاندووه‌ و له‌ مێژوودا زوڵم و زۆری زۆریان بینیووه‌، خۆیان ده‌ڵێن به‌وه‌ی داعشه‌وه‌ به‌رامبه‌ری كردوون، تا ئێستا "74 فه‌رمانیان" له‌ دژ به‌رێوه‌براوه‌.

داعش له‌ ساڵی 2014 كه‌ په‌لاماری ناوچه‌كانیانیدا، ئه‌و ئیزدیانه‌ی به‌ "كافر" ناوبرد، بۆیه‌ زۆر كه‌سی لێ كوشتن و زۆرێكیشیانی رفاند و بێ سه‌روشوێن كردن، ناوچه‌كانیان به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ زیانی زۆری لێكه‌وتووه‌. زۆربه‌یان ئاواره‌ بوون و به‌ ره‌وشێكی دژواردا تێپه‌ڕین و به‌شێكیشیان داعش رفاندوونی و تا ئێستا چاره‌نووسیان دیارنییه‌.

له‌م رۆژه‌دا ئێزدییه‌كان له‌ ناو په‌رستگای ناو دۆڵه‌كه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌ و ده‌ستی دوعا بۆ خوداوه‌ند به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌، ئاگردانی به‌ردینیان له‌ ده‌سته‌ و 365  چرا داده‌گیرسێن و داوا ده‌كه‌ن هه‌موو رۆژه‌كانی ساڵ به‌ خێر و ئارامی ببنه‌سه‌ر، له‌نێو ئه‌و نه‌ریتانه‌ی دیكه‌ی له‌م رۆژه‌دا زیندوو ده‌كرێته‌وه‌، پاككردنی هێلكه‌ و ره‌نگ كردنییه‌تی. ئه‌وان پێیان وایه‌، هێله‌كه‌ سیمبوڵی  (به‌ردی سیڤه‌) یه‌ و به‌گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی ئه‌و‌ان جیهان له‌وه‌وه‌ دروستبووه‌.

پاككردنی هێلكه‌ش له‌ بیروباوه‌ڕی ئێزدییه‌كاندا گرێدراوه‌ به‌ شێوه‌ی گۆی زه‌وی و له‌ دایكبوون و سه‌رچاوه‌ی ژیان، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی نوێدا، ئێزدییه‌كان توێكڵه‌ ره‌نگاوره‌نگه‌كه‌ی هێلكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ گوڵ و هه‌ویردا تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و ده‌یده‌ن له‌ ده‌رگای ماڵه‌كانیان.

ئه‌وان دوعا بۆ خێر و ئارامی ده‌كه‌ن و هێشتا شه‌ڕ زۆر له‌ ده‌رگای ماڵه‌كانیان دورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و وه‌ك سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن" بوونی ئه‌جیندای ده‌ره‌كی و ساغنه‌بوونه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق، مه‌ترسییه‌كی دیكه‌یه‌ و هێشتا به‌رۆكی ئه‌وانی به‌رنه‌داوه‌.

تعليقات

المشاركات الشائعة