"به‌رسڤا جڤاكێ نێڤ دەولەتی بۆ قوربانیا مه‌زنا ئێزيدیان تەنها سۆز بوويه‌"

هەولێر-KDP.info-  
بە هۆی سەرهەڵدانی داعش و سێ ساڵ دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، ئیزدییەکان گەورەترین قوربانییان دا و هێشتا بە هەزاران کەسیان بێسەروشوێنن. حکوومەتی عێراق و وڵاتانی رۆژئاواییش خۆیان لەو تاوانەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە بێدەنگ کردووە.

یەکێک لەو پێکهاتە ئایینیانەی کوردستان کە بە هۆی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش زۆرترین قوربانیان دا و تەنانەت تووشی نەهامەتی و جینۆساید بوونەوە، ئیزدییەکان بوون کە بە نەتەوە کوردن و بە ئایینیش ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە و بەشی زۆریان لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا نیشتەجێن.

ساڵی ٢٠١٤هەر لەگەڵ هاتنی داعش بۆ عێراق ئەوان لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکران و بە کۆمەڵ ناوچەکانیان بەجێهێشت و روویان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کرد. ئەو بەشە لە خەڵکە ئیزدییەش کە کەوتنە دەستی داعشەوە، هەندێکیان لە لایەن داعشەوە کوژران و هەندێکی تریش بازرگانییان پێوە کرا.
خێری بۆزانی نوێنەری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی هەولێری گوتووە، ئیزدییەکان بە تەواوی فەرامۆش کراون و هیچ شتێکیان بۆ نەکراوە.
ئەو دەڵێت ساڵی یەکەم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاڕادەیەک سۆزی هەبوو، بەڵام دوایی ئەمەش نەما،
"ئەوەی تاوەکو ئێستا بە هانای ئیزدییەکانەوە چووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە"، بە گوتەی ئەو نوێنەرەی ئێزدییان، بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە رووی داراییەوە، سەرووی سێ هەزار و ٢٠٠ ئێزدی لە دەستی داعش رزگار کراون و، نزیک بەو ژمارەیەش ماون رزگار بکرێن، کە لەگەڵ ئەو خێزانانە دەژێین پێشتر لە ژێر دەسیەڵاتی داعشدا بوون.

بۆزانی ئاماژە بەوە دەکات، لە هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا، سووریا و عێراق، خەڵکی ئیزدی هەن کە لە خێزانی جیاوازدا دەژیێن و ئەگەر ئەم حکوومەتانە هاوکاری بکەن، ئەوا دەتوانن بیانگەڕێننەوە نێو کەسوکاریان.
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی ئێزدییان، حکوومەتی تورکیا تاڕادەیەک هاوکاریی کردووە و عێراق و سووریایش بە هیچ شێوەیەک هاوکارییان نەکردووە.

ئەو ئاماژەی بەوەش دا، کە هێشتا ٣٦٠ هەزار ئیزدی لە ژێر خێمەدان و چوار ساڵە لە ئاوارەییدا دەژیێن. جگە لەمە ئاوارەکانی مووسڵ و حەویجە و شوێنی تر، زوو بۆ شوێنەکانیان گەڕانەوە، بەڵام ناوچەی ئیزدییەکان هێزی جیاوازی تێدایە، پەکەکەی لێیە، پیشمەرگەی لێیە، تورکیای لێیە، حەشد و سوپای عێراقی لێیە و هیوایەک بۆ گەڕانەوەی ئیزدییەکان لەئارادا نییە.

چەکدارانی داعش هەموو ئەو پەرستگە و شوێنە ئایینیانەیان لەناو برد کە هیی ئیزدییەکان بوون و، هەوڵیان دا جگە لەو پێکهاتەیە، ئایینەکەشیان لەناو ببەن، هەر بەو هۆیەوە دەیان پەرستگە و شوێنی پیرۆزی ئیزدییانیان وێران کران و تەقێندرانەوە.

ئیزدییەکان چاویان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراقە ئاوڕی جیددییان لێ بداتەوە و لە ئاستی ئەو قوربانییانەی داویانە، بەرامبەریان هەڵویستی پراکتیکی بنوێنرێت و ژیان و داهاتوویان بە شێوەیەک گەرەنتی بکرێت، تا چیتر جینۆساید نەکرێن و حاشا لە بوونیان نەکرێت.

تعليقات

المشاركات الشائعة