"شنگال د پلانا دووبارە ئاڤەدانكرنا عێراقێ دا نینە"
شنگال-KDP.info-
قایمقامی شنگال دەڵێ، ههربهوهی كه شنگال وەك شارێكی وێرانكراو، لە پلانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا نییە، ڕوونه كه حكوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی خەڵكی شنگال دەكات.
بڕیارە لە سبەینێوە تا ١٤ی شوباتی ئەم مانگە، كۆنگرەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە وڵاتی كوێت بەڕێوە بچێت. له كۆنگرهكهدا ١٢٣ ئەندام و نزیكەی ٧٠ وڵاتی جیهان بهشدار دهبن و، زیاتر لە ٣٢٠٠ كۆمپانیای وڵاتانیش بەشداری دەكەن.
مەحما خەلیل قایمقامی شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "دنیا هەموو شایەتیی ئەوە دەدات كە شنگال شارێكی وێرانكراوە، بەڵام بە هەموو شێوەیەك حكوومەتی عێراق دژایەتیی خەڵكی شنگال دەكات و ئەویش لەبەر كوردستانیبوونی شنگالە، لە مانگی دیسێمبەری رابردوویشدا، مەهدی عەلاقی سكرتێری گشتیی ئەنجووومەنی وەزیرانی عێراقم لەم پرسە ئاگادار كردبووەوە، بەڵام ئەوان گوێیان بەمە نەدا".
خەلیل گوتی، "ئێمە زیاتر لە ٥٣ سەعاتی ئەندازیاری، لەسەر شنگال كارمان كردووە و، هەموو داتا و زانیارییەكانی ئاوەدانكردنەوەی شنگال لە بەردەستمانن و سندووقی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و حكوومەتی خۆجێیی شاری مووسڵ و حكوومەتی عێراق لەسەر ئەم پرسە ئاگادارن، بەوەی كە شنگال پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە، بەڵام ئەوان لەبەر كوردستانیبوونی شنگال، نەیانخستە نێو پڕۆژەی دووبارە ئاواەدانكردنەوەی عێراق".
قایمقامی شنگال هەروەها ئەوەیشی نەشاردەووە كە، حكوومەتی عێراق خەمی شنگالی نییە و دهڵێ ''هەر دوێنێیش حەیدەر عەبادی پێشوازی لە سەرۆكی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ كرد و، باسی ئاوەدانكردنەوەی بەعاج و تەلەعفەر و چەندین جێگای دیكە كرا، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی شنگال نەكراوە، لە كاتێكدا هەموو دنیا دەزانێت بە هەموو پێوەرەكان شنگال شارێكی وێرانكراوە".
شاندێكی هەرێمی كوردستان، له كۆنگرەی نێودەوڵەتیی كوێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە بهشدار دەبێت و، كه پێكهاتووه لە وەزیری پلاندانان، وەزیری ئاوادانكردنەوە و هەر یەك لە پارێزگارهكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی، لە كۆنگرەكەیشدا لە ٢١٢ پڕۆژە، ٨٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ كوردستان پێشكەش دەكرێن.
لە ٢٨ـی نیسانی ساڵی ٢٠١٦، لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراقدا، شنگال بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران وەك شارێكی وێرانكراو ناسێنرا، وەك قایمقامی شنگالیش ئاماژەی دا، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەی شنگال، پێویستیان بە ٧ ملیار دۆلارە.
تعليقات