سێ زارۆكێن ئێزيدی رزگاربوويێن ژ دەستێ داعش گەهشتنه عەنتاب
خەندان-
سێ منداڵی ئێزدی كە لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركراون و دووانیان كچن، دوای ئەوەی گەیەنرانە توركیا لە رێگەی كونسوڵخانەی عێراق لە عەنتاب رادەستی خێزانەكانیان دەكرێنەوە.
سێ منداڵەكە بە ناوەكانی سولێها-ی تەمەن حەوت ساڵان و ئیناز-ی تەمەن پێنج ساڵان و مەیدەر-ی تەمەن شەش ساڵان دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر و لەكاتی داگیركردنی شەنگالدا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە فڕێندران، لەلایەن هاوڵاتییەكی عێراقییەوە لە سوریا دۆزراونەتەوەو دواتر براونەتە توركیا.
دوای ئەوەی رێكارەكانیان لە كونسوڵخانەی عێراق لە عەنتاب بۆ تەواودەكرێت، منداڵەكان بە فڕۆكە رەوانەی بەغدا و رادەستی خانەوادەكانیان دەكرێنەوە.
موئەیەد عومەر كۆپەرلی، كۆنسوڵی عێراق لە عەنتاب لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەو كەسە عێراقییەی كە مناڵەكانی دۆزیوەتەوە پەیوەندیی پێوەكردوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر پرسی ئەو منداڵانە، لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی فەرمی توركیا و عێراق و وتی، "لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە پەیوەندی وگفتوگۆداین".
هاوكات عەلی ئاتالان، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، "ئەوەی بەسەر منداڵەكاندا هاتووە زۆر خەمناكە، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشییە لە ماوەیەكی كەمدا بە كەسوكاریان شاد دەبنەوە، منداڵە رزگاركراوەكان بە مەبەستی گەیاندنەوەیان بۆ عێراق رەوانەی فڕۆكەخانەی عەنتاب كراون".
تعليقات