چيرۆكێ بخوونه‌...رۆژێن سەختێن کچه‌كا کوردا ئێزيدی دبن ده‌ستێ داعش دا

باسنيوز:
کچێکی سپیلکەڵانەی جوان و خوێن شیرین بوو. کە من چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرد تەمەنی حەڤدە ساڵ بوو، بەڵام کاتێک داعش لەگەڵ خێزانەکەی بەدیل گرتوونی، تەمەنی تەنیا پازدە ساڵ بووە. ئەو یەکەم قسە گوتی، قژم زۆر درێژبوو، بەڵام ژنی ئەو داعشەی منی کڕی زۆر رقی لێم بوو، وەک ئەوەی من بە ئارەزوو لەگەڵ پیاوەکەی رۆیشتبم. قژی بڕیم.


لاڤین (ناوەکە خواستراوە) خەڵکی تەل قەسەبە، لە رێکەوتی ٣-٨-٢٠١٤، کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی دەیانەوێ بۆ چیای شەنگال رابکەن، لەگەڵ خێزانەکەی و خزمەکانی لەلایەن چەکدارانی تیرۆرستی داعشەوە بەدیل دەگیرێن.


لاڤین دەگێڕێتەوە: سەرەتا دوو ئۆتۆمبێلی داعش هاتن، هەموو کەسەکانی ناوی دەموچاوی خۆیان داپۆشیبوو. قژ و ریشیان درێژ بوو. زۆر ترسناک بوون. چەکیان پێ بوو. ئێمەیان سواری ئۆتۆمبێلی خۆیان کرد، لە رێگا بینیم ئۆتۆمبێلی تری داعش دوامان کەوتن. بردیانین بۆ شەنگال، لە شەنگال خەڵکێكی زۆر، پیر و گەنجی ئێزدی کوژرابوون. تەرم لە شەقام و کووچە و کۆڵانی شەنگال کەوتبوون. دیمەنێکی یەکجار ترسناک بوو. ئێمە شۆک بووین نەماندەزانی چی روو دەدات.


داعش، جۆرەها ئامرازی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە گیراوەکانی بەکارهێناوە. دەستی لە هیچ خراپەکارییەک نەپاراستووە. وێڕای دەستدرێژییە سێکسی و دەروونییەکان و کوشتن و بڕین، خەڵکی برسی و تینوو کردووە. ئاوی پیس و خواردنی خراپیان داوە بە خەڵک.


لاڤین دەڵێت: “لە شەنگال ئێمەیان بردە دایرەی ناسنامە. کەشەکە یەکجار گەرم بوو. ئێمە برسی و تینوو بووین، وێڕای هەر شتێک گەرما شەکەتی کردبووین. کاتێک داوای ئاومان کرد لە دەبەی گازدا ئاویان بۆ هێناین، ئاوەکە هەم زۆر گەرم بوو، هەم بۆن گازی لێ دەهات، ناچاریش بووین بیخۆینەوە، بۆیە هەندێ لەو کەسانەی دەیانخواردەوە دەبوورانەوە. بە دوو رۆژ یەک تەماتە و یەک خەیاریان دەدا تا بیخۆین. خواردن تەنیا ئەوەندە بوو کە لەبرسا نەمرین”.


بەپێی گێڕانەوەی لاڤین، سەعات دووی دوای نیوەشەو، کچەکانیان لە ژنە بەتەمەنەکان جیا کردووەتەوە. کردوویانن بە چەند وەجبەیەک. لاڤین و خوشکێکی و کچی مامیان بە ئۆتۆمبێلیەکی نیسانی تاک، بردووەتە بەعاج (لەبەرئەوەی لاواز بووین جێگامان لەو پیکابەدا بووەوە. داعشەکەی ئێمەی برد تەمەنی چل ساڵ دەبوو. لە رێگا قسەی لەگەڵ دەکردین، گوتی، من خەڵکی سووریام. شەش ساڵە دایکم نەبینیوە. ناشمەوێ بیبینم. سێ کوڕ و سێ کچم هەیە، رووی کردە من و گوتی، یەکێکیان رێک شکڵی تۆیە. من عەرەبیم دەزانی، ویستم قەناعەتی پێ بکەم کە یارمەتیمان بدات و هیچمان لێ نەکەن، بەڵام زۆر تووڕە بوو. بە قسەی ناخۆش بێدەنگی کردین.


ئەو کچە کە ماوەی سێ مانگ دیلی داعش بووە، باس لە ژیانی بەعاج دەکات: ”لە بەعاج ئاو زۆر بوو، من کەوتمە ناو قوڕاو، بردیانین بۆ بینایەک، نزیکەی چل کچی لێ بوو. خەڵکی کۆچۆ، تل قەسەب، تل عوزێر، بەعاج و حەردان و شوێنی تریشی تێدابوون. کچەکان تەمەنیان لە دە ساڵ تا سی ساڵ دەبوو. لەوێ کەس دەستی لێ نەداین، تەنیا دەهاتن قسەیان بۆ دەکردین و دەیانگوت، بەس موسڵمان بن دەست لە کەس نادەین”.


بۆ رۆژی دواتر، هەواڵێکی خۆش لەلایەن داعشەکان دەدرێت بەو کچانە. پێیان دەڵێن، لەسەرەوەی خۆمان فەرمانمان بۆ هاتووە، هەمووتان ئازاد دەکەین. ئەوان دڵیان بەو هەواڵە خۆش دەبێت: “زۆر برسیمان بوو، دوکانێک بەجێمابوو پسکویتی زۆر تێدابوو، ئێمە پسکویتەکانمان دەرهێنا خواردمان. داعشێک هات گوتی، ئەمرمان بۆ هاتووە هەمووتان ئازاد دەکەین. سواری پاسێکی گەورەیان کردین، هەمووی بە پەردە داپۆشرابوو، ئەگەر بەدزییەوە نەبوایە نەیاندەهێشت سەیری دەرەوە بکەین. من لە رێگا هەر دەرفەتم هەبوایە پەردەکەم لادەداو سەیرم دەکرد. ئێمەیان بردە شەنگال، نیوسەعات لای سایلۆی شەنگال بووین. دواتر بردیانین بۆ تەلەعفەر، کردیانینە ناو قوتابخانەیەک، پڕبوو لە ژن و منداڵ، ژمارەی هەموومان بە ژن و منداڵەوە پێنج سەد کەس دەبوو. دوو رۆژ لەوێ هێشتیانینەوە. دواتر بردیانینە زیندانی بادووش لە مووسڵ، لەوێ دایکمم دۆزییەوە، ئەویش لەو زیندانەدا بوو. هەشت رۆژ ئێمەیان لەوێ راگرت. خواردنیان زۆر کەم دەداینێ. گەرمای زۆر و ئاو کەم بوو. ئەو هەشت رۆژە لەو زیندانە کەس نەیتوانی دەموچاویشی بشوات. نە ئاو هەبوو نە سابوون. بەیانی تا ئێوارە بە دەبەیەک یەک دەبە ئاویان دەداینێ. ئەویش کلۆری زۆر بوو هەم گەرمیش بوو، بۆیە دیسان خەڵکێکی زۆر بەو ئاوەش دەبوورایەوە".


دوای ئەوە داعش، دەیەوێت ئەو ئافرەتانەی شوویان کردووە لەوانە جیابکاتەوە کە شوویان نەکردووە، بۆیە ئەگەری کەسێک بیگوتایە من شووم کردووە، سەیری لیستی ناوی پیاوەکانیان دەکرد بزانن ئەو ناوە لای ئەوان هەیە یان نا "کاتێک ئافرەتی شووکردووو و شونەکردوویان جیاکردەوە، من لە ترسا گوتم، شووم کردووە، گوتیان مێردەکەت ناوی چییە؟ منیش لە خۆمەوە ناوێکم گوت، کاتێک سەیری لیستەکەی بەردەستیان کرد، گوتیان، ئەو ناوەی تێدا نییە. ئێمە زانیمان تۆ شووت نەکردووە. بۆیە بردیانمە ریزی کچەکان. زیاتر لە سەد کچ دەبووین کە جیاکراینەوە، چوار پاسیان هێنا، گواستیانینەوە بۆ مووسڵ، بردیانینە خانوویەکی سێ قات، کردیانینە سێ وەجبە و هەر وەجبەی بۆ قاتێک، داعشێک هات گوتی ئەمجارە کچە جوانەکان جیا دەکەینەوە، بۆیە ئەوەی پێیان جوان بوو، جیایان کردەوە و بردیانینە هۆڵێک".


لاڤین باس لە زوڵم و زۆریی داعشەکان دەکات: "دوای ئەوەی جیایان کردینەوە، کەسێک هات دارێکی ئەستووری بەدەستەوە بوو. گوتی هەمووتان سەر بەرز بکەنەوە و پێبکەنن، ئەوەی پێ نەکەنیبوایە و سەری بەرز نەکردبایەوە بە دارەکە لێی دەدا. بۆیە ئێمە زۆر ترساین و گریاین، ئەویش گوتی مەگرین ئێوە ئێزدین و کافرن کەس بەزەیی پێتان دانایەتەوە، ئیسلام ئەو دینە باشەیە ئێوە بۆچی نەبوونە ئیسلام؟ پیاوەکە تەمەنی سی ساڵ دەبوو. هات دەستی منی گرت و لەدوای خۆی رایکێشام. لەگەڵ وەجبەیەک، کە شەست و چوار کچ دەبووین بردیانینە سووریا، کاتێک منی برد داوام لێ کرد کە خوشکەکەشم لەگەڵ ئێمە بێت. لە سووریا، ئێمەیان بردە ماڵێک گەراجی هەبوو. لەوێ گەرما تینی بۆ هێناین. ماڵەکە نە خواردن و نە هیچ کەرەستەیەکی ناوماڵی لێ بوو. گوتیان، ئەوە ماڵێکی مەسیحییە داگیر کراوە. لەو ماڵەدا پێنج پاسەوانیان بۆ داناین، جلی قەندەهارییان لەبەربوو. ئێمە هەر جلەکانی خۆمان لەبەر بوو. هەموومان چڵکن و پیس بووین. بۆنمان لێ دەهات، چونکە چەند رۆژ بوو هەر عارەقە و گەرما و برسی و تینوو و دەموچاویشمان نەشوشتبوو".


لاڤین ئەوە باس دەکات، کە ئەو رۆژەی گەیشتوونەتە سووریا، بۆ سەعات شەشی سبەینێی رۆژی دواتر، ئەو شەست و چوار کچەی کە پێیان جوان بووە، دیسان سواری پاسیکیان کردوون و بردوویانن بۆ کێڵگەیەک لە رەقە، جگە لەو کچانە ئەوێ کەسی لێ نەژیاوە. ئەو داعشەی لە عێراقەوە ئەوانی گواستووەتەوە عێراقی بووە و ناوی ئەبوو محەمەد بووە.


لە رەقە پێش ئەوەی بیانفرۆشن، پێیان گوتوون حەمام بکەن و خواردنی باشیان داونێ.


لاڤین هەرچەندە بۆ خۆی وریا بووە، بەڵام بەختی نەبووە، یەکەم کچ بووە کە لە رەقە فرۆشتوویانە: "هەر کە گەیشتین داعش دەهاتن سەیریان دەکردین، بزانن کێیان بەدڵە بۆ ئەوەی بیکڕن. ئەوانەی لەوێ بینیمانن هەمووی خەڵکی عێراق و سووریا بوون. لە رەقە یەکەم کچ منیان فرۆشت، ئەو داعشەی منی کڕی ناوی فەیسەڵ ئەبو زێد بوو. بە قەڵەم جاف


ناوی خۆی لەسەر دەستم نووسی. تەمەنی چل ساڵ دەبوو. پێی گوتم، لەناو هەموو کچەکان تۆم بەدڵە، فەیسەڵ، پیاوێکی کەچەڵ و قەڵەو بوو. کاوبۆ و قەمیسی لەبەر دەکرد. ریشێکی درێژی هەبوو. منی بردەوە ماڵی خۆی. ژنەکەی لەوێ بوو. دوو کچ و کوڕێکی پێنج ساڵانی هەبوو. کچەکانی ناویان مریەم و زەینەب بوو. ناوی ژنەکەیم نەدەزانی چونکە هەر بە (ئوم زێد) بانگی دەکرد. هەمیشە قایشێکی بەدەستەوە بوو لێی دەدام پێی".


لاڤین وەکو هەموو کچە بەدیل گیراوەکانی تر دەڵێت: "ژنەکەی زۆر خراپ بوو لەگەڵم. وەکوو ئەوە رەفتاری دەکرد کە من بە ئارەزووی خۆم لەگەڵ مێردەکەی ئەوم. هەموو رۆژێک لێی دەدام، قژم لە خوار کەمەرم بوو، مقەسی هێنا قژمی لەبنەوە بڕی. زۆر زۆرم پێ ناخۆش بوو، چونکە قژەکەمم زۆر خۆش دەویست، پێشتر زۆر خزمەتم دەکرد. قژمی ئەوەندە کورت کردەوە نەمدەتوانی تۆقەی لێ بدەم. دوای ئەوە دەستمی خستە بەردەرگا و دەرگاکەی داخست، نەیکردەوە تا زانی پەنجەم شکا".


دوای ئەوە بە لاڤین دەڵێن، خۆت بشۆ: "کراسێکی درێژیان دامێ گوتیان لەبەری بکە، بەڵام من لە داخی قژم گوتم لەبەری ناکەم، ژنەکەی پرسی هیچ ژمارەی مۆبایلێکت لەبەرە، گوتم، نا، بەڵام ژمارەی باوکم لەبەر بوو. ژنەکە گوتی، جلە درێژەکان لەبەر بکە چونکە لەوانەیە بتبەمە دەرەوە بازاڕت پێ بکەم".


لاڤین دەڵێت، دوای چوار رۆژ مانەوە لەو ماڵە، بەرگەی ئەو هەموو برسێتی و لێدان و سووکایەتی و برسێتییەم نەگرت، بۆیە رامکرد: "من چوار رۆژ لە ماڵی ئەوان بووم، دوای ئەوە بەرگەم نەگرت و سەعات چواری عەسر بوو فەیسەڵ لە ماڵ نەبوو، ژن و منداڵەکانیشی خەوتبوون، رامکرد، بەڵام نەمدەزانی بۆ کوێ رادەکەم، گەیشتمە شوێنێک هەمووی بێستان و شینایی بوو. چوومە ماڵێکی عەرەب، بۆم باش بوون. دوو شەو لەوێ رایانگرتم. خواردنیان دامێ، دواتر دراوسێیەکی ئەو ماڵە منی بینیبوو هەواڵی لێ دام و داعش هاتن بردیانمەوە. دایانم بە ماڵێکی میسری، پیاوەکە ناوی ئەبوو حافز بوو. تەمەنی سی ساڵ دەبوو. باڵای بەرز بوو. کراسێکی سپیی لەبەربوو ورگی زل و ریشی هەبوو، لەو ماڵە چوار کچی ئێزدیی لێ بوو، یەکیان خەڵکی قامیشلو بوو، ژنێکی موسڵمانیشی لێ بوو کوردیی دەزانی. چوار رۆژ ئێمە لەو بینایە بووین".


لاڤین جارێکی تر تووشی برسێتی دەبێتەوە، چونکە لەو ماڵەش خواردنیان پێ نەداون: "ئەو ماڵە ژێرەوەی بارەگای داعش بوو. نەک هەر خواردن ئاویشیان نەدەداینێ. بەردەوام لێیان دەداین، پێیان گوتین بڕۆنە حەمام خۆتان بشۆن، کاتێک چووین دەستدرێژییان کردە سەر کچێک، زۆر هاواری کرد و گریا، بەڵام سوودی نەبوو. ئەوان گوێیان بە هاوار و گریان نەدەدا، بەڵکوو چێژیان لێ وەردەگرت".


ئەو کچە گوتی: "منیان جیاکردەوە و بردیانمە ژوورێکی جیا، چونکە عەرەبیم دەزانی، دەست و پێیان کەلەپچە کردم، بێ نان و ئاو. فانیلەم لەبەر بوو، خۆشم لاواز بووم بۆیە کەلەپچەکە لەدەستم هاتە دەرەوە، ویستم رابکەم، بەڵام هاتن و نەیانهێشت. ئەمجارە منیان بردە غاباتێک شەبەکەیەکی حەیواناتی لێ بوو، ژوورێکی لێ بوو. کردیانمە ئەو ژوورە و دەرگایان لەسەر داخستم، چونکە دەمگوت موسڵمان نابم و نەمدەهێشت دەستدرێژی بکەنە سەرم، لێدانم زۆر دەخوارد و هەمیشە لە ژوورێکی بە تەنیا زیندانی دەکرام. منیش کەلەپچەکەی دەستم بە هەمان هەوڵدانی پێشوو کردەوە. دەرگاکە چونکە شوێنی حەیوانات بوو، قایم نەبوو. بەسەر دیوارەکەدا رامکرد، دیسان چوومە ماڵێکی تری عەرەب، دوای ئەوە ئەو ماڵە عەرەبە رایانگرتم، خواردنیان دامێ، کە داعش دەهات بۆ پشکنین، دەیانخستمە ناو سندوقی جل و دەرگاکەیان لەسەر دادەخستم. دوای پازدە رۆژ دیسان دراوسێکەیان هەواڵی لێ دام. داعش هاتم منیان بردەوە و ئەمجارە بردیانم بۆ رەقە. لەوێ ماوەی چوار رۆژ لە ژوورێکی بە تەنیا کە کامێرای تێدابوو بۆ ئەوەی رانەکەم، زیندانییان کردم. بێ خواردن و ئاو بووم، تەنیا حەمامێکی لێ بوو کە تینوو دەبووم ئاوی حەمامەکەم دەخواردەوە".


لاڤین ئیتر بەرگە ناگرێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک روو بەڕوو دەبێتەوە: "هاوارم دەکرد دەمگوت وەرن من دەربێنن لەو زیندانە، بەڵام کەس نەدەهات. ژوورەکە تەنیا پەنجەرەیەکی تێدابوو. دوای چوار رۆژ، ئەبوو عەدنان سعوودی، پیاوێکی کەتە و قەڵەو بوو، کابۆ و قەمیسی لەبەر بوو، منی بردە ماڵی خۆی. ئەو زۆر لە فەیسەڵ غەدارتر بوو، بەڵام ژن و کچەکەی ئەو باشتر بوون، کە ئیشی ماڵم کردبا لێیان نەدەدام، پێیان گوتم ئەگەر بێ گوێ نەبم لێم نادەن، بەڵام ئەگەر هەوڵی راکردنم دابوایە یان بێ گوێیم کردبا، بەبێ قسە لێدان بوو. چوار رۆژ لەوێ بووم. خواردن و ئاو و تەلەڤزیۆن هەبوو، من دەمێک بوو تەلەڤزیۆنم نەبینیبوو. دیسان فەیسەڵ هات منی کڕییەوە، کە بینیم هەستم کرد گیانم دەکێشن. هەر ئەو رۆژە منی بردەوە ماڵی خۆی، من هەوڵم دا رابکەم بەڵام گرتمی و نەمتوانی".


ئەوەی چیرۆکی لاڤین لە کچە دیلەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە دوای ئەوەی پیاوە سعوودیەکە دەیکڕێت، زۆر لاواز دەبێت، بۆیە دەرزیی لێ دەدات، تا ئێشتاش نازانێ ئەو دەرزیانە چی بوون ئەبو عەدنان، گرتمی بە زۆر بیست و پێنج شرینقەی لە پشتم دا، دوای ئەوە پشتم و گیانم هەمووی شین بوو، کاتێک شرقەکانی لێ دەدام زۆر ئازاری هەبوو، هاوارم دەکرد و هەوڵم دەدا لە دەستی رزگارم بێت، بەڵام ئەو بەهێز بوو نەمدەتوانی. دوای ماوەیەک لە دەرزی لێدانەکە سەیری ئاوێنەم کرد خەریک بوو خۆم نەناسمەوە، یەکجار قەڵەو و سپی بووبووم. تا ماوەیەک دوای رزگاربوونیشم هەر قەڵەو بووم".


کاتێک فەیسەڵ دەیباتەوە ماڵەوە، ئەمجارە بواری راکردنی ناداتێ، یەکسەر بە بەرچاوی ژنەکەیەوە دەیباتە ژوورێک: "ئەمجارە کە گەیشینەوە ماڵی فەیسەڵ، بواری هیچی نەدا، یەکسەر بردمیە ژورێک ژنەکەشی ئاگای لێ بوو. جلەکانمی دانا و دەستدرێژیی کردە سەرم، زۆر ئازاری دام. منیش هاوارم دەکرد و دەگریام، دوای ئەوەش لێی دام. کە ئەو رۆیشت ئەمجارە ژنەکەی هات ئەویش لێی دام، هەستم کرد زیاتر رقی لێ هەڵگرتم. ئیتر نەی دەهێشت نە نان و نە ئاو بخۆمەوە".


لاڤین کچێکی بەجووڵە و چاونەترسە، لە کاتی گێڕانەوەی بەسەرهاتە ناخۆشەکەشی هەستت دەکرد بەهێزە، دوای ئەو هەموو ئازاردان و سەنەکەوتنە لە راکردن، جارێکی تر دیسان بەختی خۆی تاقی دەکاتەوەو رادەکات: "رۆژی هەینی بوو، فەیسەڵ چوو بۆ نوێژ، منیش دەرفەتم وەرگرت و رامکرد. چوومە ماڵێکی عەرەب، پێنج رۆژ لەوێ بووم. دوایی گوتیان، داعش هاتوونە ئەو ناوچەیە لە تۆ دەگەڕێن، بۆیە بەپەلە سواری ماتۆڕیان کردم و بردیانم، دواتر سواری کەشتییەک بووم، بە چوار سەعات لە ئاوی فورات پەڕاندیانمەوە، هێنایانمە گوندێکی نزیک کۆبانێ، لەوێ تەلەفۆنم بۆ بابم کرد".


لاڤین، پازدە رۆژ لە ماڵە کوردێکی کۆبانێ دەمێنێتەوە: "ئەو ماڵە کوردە زۆر باش بوون بۆم، گوتیان تۆش کچی ئێمەی، ئەوکات داعش لەو گوندە بوو، دوا رۆژ منیان سواری ئۆتۆمبێل کرد و لە سەعات شەش تا دوازدە گەیشتینە سنووری تورکیا، ماڵەکە لەگەڵم هاتن، سەعات دوازدە تا بەیانی بە پێ هاتمە گەراجی غازی عەنتاب، ئەوان نەیاندەزانی کە ئێزدیم، من گوتم خەڵکی عەفرینم، بۆ ئەوەی دڵنیا بم کەس نامداتە دەست داعش، کاتێک رزگار بووم باوەڕم نەدەکرد".


دوای رزگاربوونی لاڤین هەلی چوونە ئەوروپای بۆ هەڵدەکوێ بەڵام نایەوێ بچێت: "من یەکەم کەسی خێزانەکەم بووم رزگارم بوو. دکتۆرە نەغەم، کە بەدەنگ ئێمەوە دەهات، گوتی، دەتبەمە ئەوروپا، بەڵام من رازی نەبووم، چونکە بابم پێشمەرگە بوو، دڵم نەهات بە تەنیا بەجێی بێڵم. دوای ماوەیەک خێزانەکەم هەموو رزگار بوون".

تعليقات

المشاركات الشائعة