دوو گۆڕێن بکۆم يێن کوردێن ئێزيدی ل شنگالێ هاتنه ديتن
رووداو - هەولێر
دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرانەوە، کە رووفاتی 90 کەسیان تێدایە و، لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون.
دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکە پێش هەفتەیەک لە دەوروبەری شنگال دۆزراونەتەوە، لەنێو رووفاتەکاندا منداڵ و ژن هەن و بێ ئاگا لە هیچ شتێک، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گوللـەباران کراون.
بەگوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو گۆڕەکە رووفاتی نزیکەی 90 کەسیان تێدایە. 80 لەو رووفاتانەی دۆزراونەتەوە، خەڵکی شارۆچکەی جەزیرەن، کە دەکەوێتە باشووری شنگال و، 10 رووفاتەکەی دیکەش خەڵکی گوندی قابوسین.
ئەمە یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ نییە کە لە شنگال و دەوروبەری دۆزرابێتەوە، بەڵکو لەماوەی رابردوودا چەندین گۆڕی دیکەی هاوشێوە لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە و، هەموو تاوانەکانیش لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون.
لەسەرتای مانگی ئابی 2014ـدا داعش هێرشیكردە سەر شنگال و دەوروبەری و، كارەساتی خولقاند، گەنج و پیاوی كۆمەڵكوژكردن و ژن و كچ و منداڵانی بردن، ئەوان كرانە كۆیلە و كڕین و فرۆشتنیان پێكرا. بەهۆی هێرشەكەوە نزیكەی 400 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و نزیكەی پێنج هەزار كچ و ژنیش كەوتنە دەست داعش.
دوای ساڵێک، هێزەکانی پێشمەرگە بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژەدا، سەنتەری شنگال و گوندەکانی دەوروبەریان لەدەست داعش دەرهێنا، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکەش، چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە، کە خەڵکەکەی لەلایەن داعشەوە کوژرابوون.
تعليقات