نێچیرڤان بارزانی:ریفراندۆما سەربەخۆیا کوردستانێ ئەزموونهكا ئاشتیخوازا گەلێ کوردستانێ بوو
باسنيوز:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەزموونێکی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بوو.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی، رایگەیاندووە، ئەگەرچی ئەمریکا هەڵوێستی بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان باش نەبوو، بەڵام ئەم هەڵوێستە کاریگەریی بەسەر ”هاوپەیمانیی درێژخایەنی خەڵکی کوردستان و ئەمریکا“ نابێت.
نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەگەرچی گەلی کوردستان بێهیوا بوو لە ئەمریکا و چاوەڕوانییەکی زۆرتری هەبوو، بەڵام ”هێشتا“ ئەمریکا بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەزاران شەهید و برینداریان لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دا، کە ئەو رێکخراوە جگە لە کوردستان، مەترسیی بۆ سەر ئەمریکاش دروست کردبوو و گەلی کوردستانیش بە ئومێد بوو لە ئەگەری بوونی مەترسی لەسەری، ئەمریکا بیپارێزێت.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رووداوەکانی کەرکووکەوە رایگەیاندووە، کە لەو کاتەی لە 2014 سوپای عێراق بەرامبەر داعش شکا و نزیکەی نیوەی خاکی عێراقی رادەستی ئەو رێکخراوە کرد، پێشمەرگە چووە کەرکووک و ئەو شارەی پاراست و ”کوردستان پلانی نەبووە کەرکووک بە تەنیا بەڕێوە ببات“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ”ئەزموونێکی ئاشتیخوازانە و پرۆسەیەکی دیموکراتییانە“ی گەلی کوردستان بۆ داواکردنی مافەکانی داناوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کوردستان دەیەوێ کێشەکانی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکات.
هەروەک نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، عێراقێکی یەکگرتوو نییە و ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەکەن پێویستە بزانن ئەو عێراقە ”بەدی نایەت و هەوڵیش بۆ بە یەکگرتووکردنی، سەرکەوتوو نابێت“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە ویستی هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور کردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەڵام ”مافی سەربەخۆبوونی ئیمە وەک خۆی دەمێنیتەوە“.
تعليقات