ئێزيدی.. ئایينه‌كى رەسەنێ کوردى یە

باسنيوز:
سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، مێژووێکی کۆن و نادیارە و رەنگە میلیۆنان ساڵ بەسەریدا رۆیشتبیت، ئەوەی تا ئێستا ماوەتەوە تەنیا ئەفسانەکانن. ئەم ئەفسانانەش یان لە کتێبی فەیلەسووفەکان یان لە کتێبی پەیامبەراندا هاتووە. زانست تا رادەیەک لە رووی ژێنتی و دی ئێن ئەی ئەم رازەیان بۆ ئێمە کردووەتەوە، ئیدی ئەوەی ماوەتەوە بووە بە قەناعەت و ئێمەش باوەڕمان پێ کردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی دیوید کۆماس، ئاریلا ئۆپێنهایم، ئاڵمۆت نەیبڵ و مارینا فایەرمەن، کوردەکان دە تا یازدە هەزار ساڵ پێش، هەزاران ساڵ پێش هێندوئەوروپییەکان، یەکەم دانیشتوانی ناوچەی (باکوری هیلالی پڕپیت) واتە میزۆپۆتامیا بوون. ئەم لێکۆڵینەوانە بەپێی دەرکەوتنی زانستی ژێنیتکی ئەو بلیمەتانە بووە. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە، باکووری نیوە بازنەی بەپیت دەکەوێتە دەریای مەدیتەرانە، تا دوورگەی فارس و نێوان دیجلە و فورات. ئەمڕۆ ئەم ناوچەیە دەکەوێتە وڵاتانی ئیسرائیل، فەلەستین، ئەردەن، لونبان، سووریا و عێراق.


واتە کورد بەپێی ئەم لێکۆڵینەوە تازانە، کەمێکی بەر خاکی ئێران کەوتووە و نزیک بەتەواوی دانیشتوانی میزۆپۆتامیا لەدەرەوەی خاکی ئێران بووە، کورد خەڵکی چیاکانی زاگرۆس نییە و کشتوکاڵیش لەو چیایانەوە دەستی پێ نەکردووە.

کورد یەکێک لە کۆنترین مرۆڤەکانی ئەم زەوییەن. بەپێی قسەی رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانیی کارێل بڕۆکلەمان، زمانی کوردی زمانێکی ئاسمانییە.

کاوالی، کە بە یەکێک لە ناسراوترین ژێنیتیکناسانی هاوچەرخ لە ئەمەریکا دەناسرێت، دەڵێ ”گەشەسەندنی کشتوکاڵ لە میزۆپۆتامیاوە لە سەدەی بەردینی نوێ، نە تەنیا لەبەر کەرەستەی کشوکاڵی، بەڵکوو لەبەر مانەوەی زمان ماوەتەوە“.

سەلماندنی کورد و دەرهێنانی ئەم رەسەنایەتییە پێویستە سەرلەنوێ پێناسە بکرێت و سنووری خاکی کوردستان بچێتەوە سەر نەخشە کۆنەکەی. ئەم زەوییە پڕ پیتە هەر تەنیا خاکەکەی نەبووەتە هۆی مانەوەی کورد، بەڵکوو ئەم خاکە دایکی دەیان ئایین و دینی پاک و ئاسمانییە.

ئایین وەک بنەمایەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، لە سەرەتای پەیدابوونی ئینسانەوە بۆ پێکەوەژیان و گوزەرانێکی باشتر و بۆ سەرچاوەی ئارامی و ویژدان لە ناخی سروشتدا دروست بووە، لە هەر شوێنیکی ئەم کەونە، بەپێی کولتوور و سروشت جۆرە ئایینێک دروست بووە. ئەو ئایینانەی لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا دروست بوون هیچ کات ئینسان بەهۆیانەوە رووی نەکردووەتە بت و بتپەرستی. دەتوانین بڵێین ئایینە کوردییەکان هیچ کات توندوتیژ نەبوون و بەردەوام ئاشتیخواز بوون، بۆیە کورد لەوەتەی هەیە شەڕانگێز نەبووە و هەمیشە ئاشتیخواز بووە.

سەرچاوە سروشتییەکان هەمیشە بوونەتە جێگەی سەرسووڕمان و تێڕامان و پاکی و پەرستن. ئینسان بەرلەوەی سەرچاوە سروشتییەکان سەرنجی رابکێشێت، یەکتاپەرست بوو و خودایەکی راستەقینەیان دەپرست، بەهۆی زۆربوونی ژمارەیان و گیروگرفتی ژیان و سەرقاڵبوون بە دروستکردنی کەرەستە و ئامێری کشتوکاڵ و بیرکردنەوە لە ژیان و پێداویستییەکانی، کەم کەم خودایان لەبیر چووەوە و ئیتر خودا بزر بوو. ئینسان ناتوانێ بەبێ خودا و بەبێ باوەڕ بژی، بۆیە بۆ پەیداکردنەوەی خودا روویان کردە دۆزینەوەی ئەو شتانەی کە تۆزێک لە خوداکەی خۆیان دەچوو، وەکوو رۆژ و مانگ و ئەستێرە و ئاو و ئاگر، ئەمانە بوون بە جێگرەوەی خودای راستەقینەیان. 
لەناو ئەم مرۆڤانەدا کەسانێک پەیدا بوون کە بە هۆی لەناوچوونی ئەم سەرچاوە سروشتییانە دەستیان لە پەرستنیان هەڵگرت و روویان کردە رامان لە دەروونی خۆیان و توانییان خودای راستەقینەیان بدۆزنەوە، کە ئەبەدیی و ئەزەلییە.

لەنێو ئەم ونبوونەدا ئایینی زۆر پەیدا بوون، وەکوو: میترایی، زەرڤانی، مەزدایی و مانی. پێداچوونەوە بە مێژووی ئەم ئایینانە کاتێکی زۆری دەوێت و لە تاقەتی ئەم وتارەدا نییە. بە کورتی باسی ئایینەکان دەکەم و بە تایبەتی دەست دەخەمە سەر ئایینی ئێزدی، کە سەرچاوەیەکی ونی هەیە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و بابەتییانەی لەسەر نەنووسراوە.

ئایینی میترایی 
میترا، میتر، میسر واتە مێهر، خۆر، خودای رووناکی. میترا لە شەوی یەڵدا لە کچێکی پاکیزە بەناوی ئاناهیتا لە دەریاچەی هاموون لەدایک بوو. ئەم ئایینە لە سەردەمی پیشدادییەکاندا پەیدا بوو و گەشەی کرد و ئەوروپای ئەوکاتی گرتە بەر و تەنانەت بوو بە ئایینی فەرمیی ئیمپراتۆری رۆم. ئەم ئایینە ئایینێکی پیاوسالار بوو و ئیزنی بە ژنان نەدەدا لە نیاشە دینییەکاندا بەشداری بکەن. میترائیسم ئایینێکی زۆر رەمزاوی بوو، هەموو کەس لێی تێ نەدەگەیی. قۆناغەکانی عێرفانی لەوێدا زۆر سەخت و لە تاقەتی هەموو کەسێکدا نەبوو. یەکێک لە باوەڕکانی ئەوان قوربانیکردن بوو، پێیان وابوو کە خوێنی ئاژەڵ بتکێتە سەر زەوی پیرۆزە و زەوی پڕ پیت دەکات و رۆحی دەچێتەوە بۆ ئاسمان و تێکەڵ بە رۆحی ئاژەڵەکانی تر دەبێتەوە. لە ئەفسانەکاندا هاتووە کە میترا رۆژێک کۆتایی بە دەسەڵاتی دێت و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا (شامی ئاخر) سواری گۆی زەوی دەبێت و (عەروج) بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت و دەڕوا. مێهرپەرستان لە یەکەم مانگی پاییزدا گایەک دەڕازێننەوە و بە رێز و حورمەتەوە لە مەیدانی شاردا قوربانیی دەکەن و گۆشتەکەی دەخۆن، بە نیشانەی ئەوەی کە پەیوەندیی لەگەڵ خودا دروست بێت و ئەویش لێیان رازی بێت.

مردن لەم دینەدا وەک کۆتایی هەموو شتێک نییە و باوەڕیان وایە کە رۆح نەمرە و پاش مردنیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاسمان و تێکەڵ بە مێهر دەبێتەوە، واتە ئێستا پێی دەڵێین دۆناودۆن یان تەناسوخ. دینی میترایی دینێکی عێرفانیی زۆر سەخت بوو، کە قۆناغەکانی بەم شێوەن: قەلەەشە، هاوسەر، سەرباز، سەوز، پارسی، خۆر و پیر.

ئایینی میترایی بوو بە ئایینێکی جیهانی و تا ئێستاش نیشانەکانی هەر ماون. ئایینی میترایی و مەسیحی زۆر لەیەک دەچن، ئەم لێکچوونەش کارێکی ترە و لێرەدا بواری ئەوە نییە.

زەرڤانی
پاش میترا زەرڤان هات. بەپێی ئەفسانەی زەروانی، ئەو کاتەی کە نە ئاسمان هەبوو و نە زەوی، تەنیا خودایەک هەبوو ئەویش ناوی زەروان بوو.

زەرڤان خودای کات و زەمان بوو، بە باوکی دووانەکە ناسراوە، خێر و شەڕ، چاکە و خراپە، تاریکی و رووناکی. بەپێی ئەفسانەکان زەروان پیاو بوو، نۆ هەزار ساڵ نیایشی خۆری کرد و پاڕایەوە کە خۆر منداڵی پێ بدات. پاش نۆ هەزار ساڵ لەوەی کە رووناکی منداڵی پێ نەدا، نائۆمێد بوو و گومانی لێ پەیدا بوو. لە کاتی ئەم گومانەدا سکی زەروان بە دووانەیەک ئاوس بوو، زەروان گوتی هەر کامیان زووتر هاتە دنیاوە دەیکات بە فەرمانڕەوا. ئورمەزد ئەم قسەی بە ئەهریمەن گوت. ئەهریمەن زووتر هاتە دنیاوە، ئەو کوڕێکی ناشیرین و بۆگەن بوو، دواتر ئورمەزد هات، ئورمەزد منداڵێکی جوان و نوورانی بوو. زرەڤان کە ئورمەزدی بینی گوتی خوایە مەبەستم ئەم کوڕە بوو. دەستی دایە گۆچانەکەی و دایە دەستی ئورمەزد و کردی بە فەرمانڕەوا. ئەهریمەن ئێرەیی پێ برد و بە باوکی گوت بڕیار وابوو هەر کامەمان زووتر هاتینە دنیاوە، بمانکەیت بە فەرمانڕەوا. زەروان بە ناچاری بۆ ماوەی نۆ هەزار ساڵ کردی بە فەرمانڕەوای جیهان. ئورمەزدیش بوو بە فەرمانڕەوای ئاسمانەکان، ئەوەی لە ئاسماندا هەیە ئورمەزد دروستی کردوون و ئەوەی لە زەوییش دروستکرا هی ئەهریمەن بوو.

زەروانیان باوەڕیان وابوو کە ئینسانیش وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر لەژێر کاریگەریی کات و شوێندایە و باوەڕیان بە قەدەر هەیە. ئەوان باوەڕیان بە جەبر و ئیختیار هەیە. ئینسان لەم کەونەدا ناچارە بژی و لەناو ئەم ژیانەشدا ئازادن چۆن دەژین. هەموو شت لەپێشدا دیاری کراوە و هیچ کەس ناتوانێ لێی دەربچێت. واتە ئینسان هیچ کارێکی لە دەست نایەت و دەبێ قەبووڵی قەدەر بکات. هەموو شت ئەو جۆرەی کە هەیە قەبووڵیان دەکرد.

مەزداپەرستی.. ئایینی زەردەشتی
زەردەشت، زەرتۆشت، زەرادەشت، زەراتەشت، زەردەشت بەم ناوانە لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە. بە مانای زادەی نوور یان نوورانی، لە بڕێ شوێنیشدا بە خاوەنی وشتری زەرد هاتووە. زەردەشت لە هەورامان لە کوردستان لەدایک بووە. ئەوەی کە دەڵێن لە ئازەربایجان یان بەڵخ لە ئەفغانستان لەدایک بووە راست نییە، نە شوێنی لەدایکبوونی و نە زمانی گاتاکان ئەوە دەسەلمێنێت.

دینی زەردەشتی پاش دینی زەرڤانی هاتووە. لە مێژووی ئایینەکانی کۆندا یەکەم کەسێک کە بانگی یەکتاپەرستیی کرد و خوای راستەقینەی دۆزییەوە، زەردەشت بوو، ئەو یەکەم یەکتاپەرستی جیهان بوو. بنەمای ئایینی زەردەشتی (بیری چاک و گوفتاری چاک و کرداری چاکە). پاشان تەواوی ئایینەکانی دیکە هەر لەسەر ئەو سێ بنەمایە بونیات نران. لە ئایینی زەردەشتیدا قوربانیکردن قەدەغە کران و رێز لە ئاژەڵ و ژینگە و مرۆڤدۆستی و ئەشق و بنەما ئەخلاقییەکان گیرا و مافی مرۆڤ بونیات نرا و تا ئێستا تەواوی وڵاتان مافی مرۆڤیان لەسەر بنەمای ئایینی زەردەشتی پێکهێناوە. زەردەشت لە ٦٦٠ تا ١٠٠ ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح لەدایک بووە، گاتاکان سروودەکانی خودی زەردەشتن. کۆکردنەوەی کتێبی ئاڤێستا لە دەورەی ئەشکانییەکانەوە دەستی پێ کرد و هەتا دەورەی ساسانییەکان و لە کاتی دەسەڵاتی شاپووری دووەمدا بەدرێژایی ٣٠٠ ساڵ کۆ کرایەوە.

لەنێوان ئەم دوو ئایینەدا، واتە زرەڤانی و زەردەشتی، کۆمەڵێ مووغ و لایەنگرانی ئایینی میترایی مابوونەوە، کە هەم باوەڕیان بە زەردەشت هەبوو، هەم لایەنگری میترا بوون. ئەمانە دواتر تێکەڵ بە ئایینی زەردەشت بوون و پاش نەمانی خودی زەردەشت دووبارە لەو ئایینە جیابوونەوە، ئەوان ئێزدییەکان بوون.


ئێزدی
ئێزدی لە وشەی ئیزەد، یەزەدە، یەزە، یەزدان یان یەزەت بە مانای شیاوی پەرستن هاتووە. دینی ئێزدی درێژەپێدەری دینی میترائیسمە و خۆشیان دەڵێن ئێمە میسرایین واتە میترایی. دینی ئێزدی بەدرێژایی مێژوو هەمیشە زوڵملێکراو بووە و بن دەستەی دینەکانی تر بووە، لە زەردەشتییەوە تا ئیسلام کاریگەریی لەسەر ئەم ئایینە داناوە، بە جۆرێک کە ئایینی ئێزدی تێکەڵێکە لە هەموو ئایینەکان. بنەما و بنەڕەتی خودی ئایینەکە زۆر کەم بووەتەوە. لەوەتەی ئیسلام هاتووەتە ئەم وڵاتە ٧٢ جار هەوڵ دراوە ئەم ئایینە لەناو بەرن و خەڵکەکەی قەتڵوعام بکەن، بە هەرحاڵ، ئێزدییەکان مانەوە و رەسەنایەتیی خۆیان پاراستووە.

میترایی مێهرپەرست بوون و خۆر و مانگ و ئەستێرەیان دەپرست. ئێستاش ئیزدییەکان نیایشی خۆر و ئەستێرە و مانگ دەکەن و هێماکانی دینی میترایی لە دارودیواری لالش نەخشێنراوە. لە سەردەمی زەردەشتدا میتراییەکان بوون بە مەزداپەرست و دینی بێهییان هەڵبژارد. ئەمە لە رووی ناچارییەوە نەبوو، چۆن لە دینی زەردەشتیدا زۆر نییە، بەڵام دوای نەمانی خودی ئەشوزەردەشت ئەوان لە دینی زەردەشتی جیابوونەوە و بوونەوە بە میترایی.

ئەوان زەردەشت بە پەیامبەر نازانن و دەڵێن ئەو چاکەکارێکی دینییە، بەڵام رێز و حورمەتی زۆری بۆ دادەنێن. لە بڕێ ماڵی ئێزدیدا هێمای فەروە هەر هەڵواسراوە و لە ناخەوەش رەنگە هەر باوەڕیان پێی هەبێت.

تعليقات