د دەولەتا کوردستانێ دا پێکھاتێن کوردستانێ دێ پۆستێن ئیداری و سیاسی وه‌رگرن

 باسنيوز:
پێکھاتەکانی کوردستان بە پێدانی مافەکانیان لە دەستووری دەوڵەتی کوردستان، کە ئێستا بە بەڵگەنامەیەک لەلایەن کۆمیتەی ڕیفراندۆم پەسەند کراوە، کورسییەکانی پەرلەمانیان بۆ زیاد دەکرێت و پۆستی ئیداری و سیاسییان لە داھاتووی کوردستاندا بۆ جێگیر دەکرێت.

بەپێی بەڵگەنامەی واژۆکراو لە کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە کۆپییەکی تایبەت بە (باس) دراوە، بەڵگەنامەکە لە ١٦ ماددە پێکھاتووە کە تیایدا ھەموو مافەکانی پێکھاتەکانی کوردستان بۆ تورکمانەکان، ئێزدییەکان، کلدان، سریان، ئاشووری، عەرەب و ئەرمەنەکان و ئەوانی دیکە، جێگیر کراوە.

لەمبارەیەوە شێخ شامۆ، نوێنەری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، دوای چەندین کۆبوونەوە و سەرنج و تێبینیی ھەموو پێکھاتەکان، گەیشتینە ئەو بەڵگەنامەیە کە لە ١٦ ماددەدا مافی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان جێگەی بکەنەوە، گوتیشی: ”ئەوە شتێکی زۆر مێژووییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەوڵەتێک دروست بێت پێش دروستبوونی ماف بدات بە ھەموو پێکھاتەکانی ناو خۆی، بەشێوەیەک ھەموویان رازی بکات“.

شامۆ، راشی گەیاند، بەپێی ئەو مافانە کۆتاکانی پەرلەمان بۆ پێکھاتەکان زیاد دەکرێت، چونکە ناوچە کوردستانییەکانیش بە فەرمی دەگەڕێنەوە سەر کوردستان، ژمارە زیادکردنەکەش بەپێی ژمارەی پێکھاتەکان و رێژەیان دەبێت، گوتیشی: ”ئەو بەڵگەنامەیە ماددەکانی دەخرێتە ناو دەستووری کوردستان و جێگیر دەکرێت، بەشێوەیەک لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا کوردستان دەبێت بە وڵاتێکی فیدڕاڵی و ئۆتۆنۆمی بۆ زۆر لە ناوچەکانی دادەنرێت، لەو چوارچێوەیەدا شنگال دەبێت بە پارێزگا و ناوچەیەکی فیدڕاڵی دەبێت و حاڵەتی تایبەتی دەبێت“.

لای خۆشیانەوە محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بۆ(باس) رای گەیاند، ئەو بەڵگەنامەیە ڕا و بۆچوون و داواکانی ھەموو پێکھاتەکانی تیادا جێگیر کراوە، بەو پێیەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و پۆستە ئیداری و سیاسییەکانی کوردستان بەپێی بوون و ڕێژەکانیان زیاد دەکرێت و پێیان دەدرێت.

گوتی: ”ھەندێ ماددە ھەیە پێش نووسینەوەی دەستوور بە یاسا جێبەجێ دەکرێن و ھەندێکی دیکەش دەکەونە دوای نووسینەوەی دەستوور، بەڵام ئەو بەڵگەیە زەمانەتی داوەتە ھەموو پێکھاتەکان لە دەوڵەتی کوردستان، کە مافە رۆشنبیری و کولتووری و  ئایینییەکانیان پارێزراو دەبێت، ئەوە جگە لەوەی بەپێی قەبارەی خۆیان پۆست و بەرپرسیارییەتیان پێ دەدرێت“.

تعليقات