سەرۆکێ قەوالێن ئێزدیان: دڤێت ئێزدی پشته‌ڤانیێ ل ریفراندۆمێ بکه‌ن

دهۆک-KDP.info-
کەسایەتیی ئێزدی و سەرۆکی قەوالی ئێزدییان دەڵێت، ئێمە هیچ جیگایەکمان نییە جگە لە کوردستان و، کوردستان پەناگەی ئارامی ئێمەیە و هەر لیرە پاراستوو دەبین.
لەگەڵ چوونی شاندی ڕیفراندۆم بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، پەرلەمانتارەکانیان ستایشی کوردستانیان کرد بۆ ئەو پێکەوەژیانەی هەرێم و بە مەڵبەندی پێکەوەژیان و سەقامگێریی ناوچەکە وەسفیان کرد.
(بەهزاد قەوال سلێمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ”دەبێ کوردانی ئێزدی بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە ڕیفراندۆمی هەرێم بکەن، چونکە گرەنتییە بۆ نەمانی کارەسات و گەڕانەوە بۆ باوەشی هەرێم، چونکە لە کاتی ئاوارەبوونیشماندا هەر کوردستان بوو ئێمەی لە باوەش گرت، ئەگەر کوردستان نەبوایە دەبوو بە دوو کارەسات، بەڵام ئەمە وڵاتی ڕەسەنی ئێمەیە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێش چەند ڕۆژێکیش لە وتارێکدا دیاری کرد، کە نایانەوێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست بکەن، بەڵکو دەوڵەتێک دروست دەکەن، کە هەموو پێکهاتەکان و کەمەنەتەوەکان تێیدا جێیان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش کار بۆ گۆڕینی ئاڵا و سروودێکی نیشتمانیش دەکەن، کە مافی هەموویانی تێدا هەبێت.
(بەهزاد قەوال سلێمان) دەڵێت: ”دەمانەوێت ناوچەکانمان ئاوەدان بکرێنەوە و گرەنتیی مافی پێکهاتەکان و بەتایبەتی ئێزدییان بکرێت، چونکە ئێزدییان برینیان قووڵە و ئێمە پێشتریش داخوازییەکانمان گەیاندە (سەرۆک بارزانی)، ئەویش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی داخوزییەکانی ئێمە بوو.”
لە پەرلەمانی ئەوروپاش (سەرۆک بارزانی) بە پەرلەمانتارەکانی ڕایگەیاند، پێکهاتەکان چۆن بخوازن، ڕێز لە مافەکانیان دەگرن.
(بەهزاد قەوال سلێمان) گوتی: ”ئێمە بەدیلی کوردستانمان نییە، چونکە کاتێک شنگال و باشیک و بەحزان کەوتنە دەستی داعش هەر پێشمەرگە بوو خوێنی خۆی ڕشت و ناوچەکانمانی ئازاد کرد و پارێزگارییان لێ دەکات و ئێستاش هەوڵی ئەوەی هەیە تەواوی ناوچەکانمان ئاوەدان بکرینەوە.”
(بەهزاد قەوال سلێمان) ئەوەیشی خستە ڕوو: ”بە هەرشێوەیەک بێت ئێمە لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)ین و ئەو بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو بوارێکەوە پشتگیری لە ئێمە دەکات. بۆ ئەو کارەساتە گەورەی کە بەسەر ئێزدییاندا هات، تا ئێستا عێراق ئامادە نەبووە یەک دیناریش خەرج بکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچ و ئافرەتانە و، تا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کەسی ئێزدی ئاوارە کراون، کەچی عێراق ئامادە نییە هاوکارییان بکات.”
سەرۆکی قەوالەکان گوتیشی: ”ئێزدییان چی دیکە ناتوانن ناوچەکانیان بە هەڵواسراوی بمێنن، دەبێ بە هەرشێوەیەک بێت، یەکلا بکرێنەوە و مەحاڵە ئێمە بتوانین لەگەڵ ئەو کەسانە بژین، ئەوانەی دەستیان لە تاوان و کۆمەڵکوژیی ئێزدییاندا هەبووە.”

تعليقات

المشاركات الشائعة