كه‌سايه‌تيه‌كێ ئێزدى:ریفراندۆم چارەسەريا هەموو ئێش و ئازارێن ئێزدیانە

KDP.info- 
 نووسەر و کەسایەتیێکی ئێزدی دەڵیت، ریفراندۆم رێیێکی راستەقینەیە کە ئێزدی بیگرنە بەر و بە هۆیەوە لە ڕووی ئیدارییەوە بگەڕێنەوە سەر باشووری کوردستان و پارێزراوتر بن.

بەگوێرەی ئامارەکانی کاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ٧٤ جار کارەسات بە سەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە و، دواکارەساتیش، کارەساتی شنگال بوو، کە زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کەس ئاوارە کران و ٦ هەزار کەس لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنران، هەروەها زیاتر لە هەزار کەسیش کوژران، ٩٠ هەزاریش چوونە دەرەوە وڵات.

لەو بارەیەوە (نایف رەشۆ ئێسیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ”ئێزدی پێویستە بە پەرۆشەوە بچن بۆ دەنگدان و، ئەم رۆژە بکەن بە رۆژێكی مێژوویی لە مێژووی کوردانی ئێزدیدا و بسەلمێنن کە هیچ کەس ناتوانێت زیان بە ئێزدییان بگەیێنیت و، بە ریگایەکی دیموکراسی و ئاشتیانە بە جیهان بڵێن، دەمانەوێت لەگەڵ کوردستان بژین و هەر ئەمەیشە شوێنی رەسەنی ئێمە.”

(ئێسیانی) کە نووسەر و ڕۆشنبیری دیاری کوردانی ئێزدییە جەخت دەکاتەوە، “کوردستان وڵاتی ئێمەیە، پەرستگا و مەزارگەکانی ئێمە لە کوردستانن، زمانمان کوردییە، ئایینی ئێمە بە زمانی کوردییە، نزاکانمان بە کوردین، کەواتە ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین لەگەڵ عەرەبە شۆڤێنییەکاندا بژین.”

ئەو وەبیر دێنیتەوە، کە کاتێک داعش شنگال و دەڤەرەکەی داگیر کرد، چۆن عەرەبەکانی دەروبەری شنگال هاوکاریی داعشانیان کرد و، خەڵکی ئێزدییان جینۆساید کرد و جەخت دەکاتەوە، “بۆ ئەوەی جارێکی دی دووچاری هەمان چارەنووس نەبینەوە، پێویستە لە رۆژی ریفراندۆمدا بە هەمووان بڵێین، کوردستان وڵاتی ئێمە هەموومانە و چارەنووسمان لەگەڵ باشووری کوردستان بێ پارێزراو دەبین.”

تعليقات

المشاركات الشائعة