شارۆچكه‌ی باشیك له‌سەر ده‌ستی داعش وێران بووه و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ربه‌ده‌ر بوونه، ئێستاش لەسەر دەستی پێشمه‌رگه رزگار كراوە و ده‌پارێزرێت، ئه‌و شارۆچكه‌یه كه‌وتووەته ناوچه کوردستانییەكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و هه‌موو پێكهاته‌كانی له‌خۆ گرتووه، هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیش له‌و ناوچه‌یه نزیكن و ده‌توانین بڵێین به‌شێكی جوگرافیای ناوچه‌كه‌یان له ده‌ستدایە و كوردستان خه‌ریكه ئاماده‌كاریی له‌و ناوچه‌یه‌شدا ده‌كات بۆ ریفراندۆم، بۆ ئەم مەبەستە زه‌نوون یونس، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك، وەڵامی پرسیارەکانی (باس)ی دایەوە.
سەرەتا بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک سەبارەت بە رێژه‌ی وێرانكاری له باشیك ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناحیه‌كه گوتی: ”ده‌توانم بڵێم 35%ی ناحیەکە وێران بووه، له‌دوای رزگاركردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له 9ی مانگی 11ی ساڵی رابردوودا، فه‌رمانگه‌كان به هه‌ندێك ئیمكانیاتی زۆر كه‌مه‌وە ده‌ستیان به كاری رۆژانه‌ی خۆیان كرده‌وه بۆ بووژانه‌وه‌ی ناحیه‌كه و یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌ست كرا به پاكکردنه‌وه‌ی جاده و كۆڵانه‌كان و ئەو شوێنه‌كانی خراپ بووه، لێره‌دا كاره‌كه به‌هێواشی به‌ڕێوه ده‌چوو، چونكه لە زۆر شوێن (تی ئێن تی) و بۆمبی چێنراو دانرابوون، بۆیه چه‌ند تیمێك ده‌ستیان به هه‌ڵگرتنه‌وه و پووچه‌ڵكردنیان كرد و تا ئێستاش له ده‌وروبه‌ری سه‌نته‌ری ناحیه‌كه ته‌واو نه‌بووە، دواتر به پشتیوانیی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاو و كاره‌با چاک کرایەوە و ئێستا رۆژانه نزیكه‌ی 18 سەعات كاره‌با هه‌یه“.
سەبارەت بە رێژەی ئەو خەڵکەی کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە، زه‌نوون یونس، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باشیك گوتی: ”نزیکەی 20%ی خه‌ڵكه‌كه گه‌ڕاوته‌وه، چونكه تا ئێسته به‌شێكی خه‌ڵكه‌كه ماڵیان وێران بووه و خزمه‌تگوزارییش نه‌بووە و مه‌ترسیی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییش هەبووە، به‌ڵام ئێسته مه‌ترسی نه‌ماوه و خزمه‌تگوزارییش هه‌یه و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له سه‌ره‌تای مانگی 9 خه‌ڵكه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه، چونكه ده‌رگای قوتابخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه و دواتر ریفراندۆمیش ده‌كرێت، بۆیه به پێویستی ده‌زانین خه‌ڵكی خۆمان ئاگادار بكه‌ینه‌وه کە بگه‌ڕێنه‌وه، له‌باره‌ی وێرانكاریی ناو باشیكیش هیچ گه‌ڕه‌كێک 100% خراپ نه‌بووه، به‌ڵام له هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان به‌شێكی خراپ و تێك دراوه“.
ئەگەرچی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە ئەرکی حکوومەتی عێراقە، بەڵام ئەو بەرپرسە ئیدارییە رای دەگەیەنێت کە حکوومەتی عێراق وەک پێویست هاوکاریی نەکردوون، لەم بارەیەوە گوتی: ”به‌داخه‌وه تا ئێسته حكوومه‌تی عێراق وەک پێویست بۆ ژیانه‌وه‌ی ناحیه‌ی باشیك ده‌ستی هاوكاریی درێژ نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی كراوه به هاوكاریی رێكخراوه‌كان بووه، جگه له‌وه‌ی شاره‌وانیی مووسڵ چه‌ند جاده‌یه‌كی بۆمان قیرتاو كردووەته‌وه“.
دەربارەی ئەو فه‌رمانگه حكوومییانەی له باشیك خراپ كراون و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاری ئەو فەرمانگانە، زەنوون یەنس گوتی: ”8 فه‌رمانگه‌ی حكوومی لە باشیك به‌ته‌واوی خراپ كراون، هه‌ندێك له‌وانه له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت كراون و ئه‌گه‌ر سه‌یریان بكه‌ی نازانی ئێره فه‌رمانگه‌یه‌كی حكوومیی لێ بووه، ئه‌وانه‌ش فه‌رمانگه هه‌ستیار و گرنگه‌كان بوون، بۆیه داعش ویستی له‌دوای خۆی هیچ شوێنەواری زانیاریی فه‌رمانگه‌كان نه‌مێنێت، ئه‌و فه‌رمانگانه‌ش: (تاپۆ- ره‌گه‌زنامه- به‌یته‌ره- ناحیه- بنكه‌ی پۆلیس- بنكه‌ی ته‌ندروستی و...) و زانیاری و پاشخان و ئه‌رشیفی ئه‌و فه‌رمانگانه هیچی نه‌ماوه و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاری رۆژانه‌ی ئه‌و فه‌رمانگانه ئێسته هه‌ندێكیان له‌ناو كابینه‌ی سه‌فه‌ریدان و هه‌ندێكیشیان له‌ناو باڵه‌خانه‌ی ترن، له‌باره‌ی حكوومه‌تی كوردستانیشه‌وه تا ئێسته هیچ فه‌رمانگه‌ی نۆژه‌ن نه‌كردووته‌وه و به رادەی پێویستیش هاوكاریی خه‌ڵكه‌كه نه‌كراوه کە ببێته هانده‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك و ئاساییكردنه‌وه‌ی ناحیه‌كه، ئه‌وه‌ی كراوه هه‌ندێك كه‌شفی مه‌یدانی بووە کە كراوه“.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە ده‌گوترێت ناوچه‌كه بەهۆی ئەوەی به‌شێكی له‌پشت دیواره خۆڵه‌كه‌یه، واتا له ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقه‌كاندایه و مه‌ترسی له‌سه‌ره، ئەو بەڕێوەبەری ناحیەیە دەڵێ: ”پێشمه‌رگه به خوێن ناحیه‌ی باشیكی رزگار كردووەته‌وه و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ش ده‌یپارێزێت، بۆیه تا پێشمه‌رگه هه‌بێت مه‌ترسی نییه، له‌باره‌ی به‌شێكی سنووری جوگرافیی ناحیه‌ی باشیك، راسته، چونكه ناحیه‌ی باشیك 47 گوند له‌خۆ ده‌گرێت، 15 گوندی باشیك ئێستا كه‌وتوونەته پشت ئه‌و دیواره خۆڵه‌ی كه كوردستان و عێراقی لێك جیا كردووەته‌وه و گونده‌كانیش گوندی پێکهاتەی شه‌به‌كن و هیواخوازین ئه‌و دیواره خۆڵە بگه‌ڕێته‌وه شه‌لالات، كه پێشتر له‌وێ بوو و هیچ مه‌ترسی له‌و لایه‌ی ئه‌و دیواره نییه، داوا له‌خه‌ڵكی خۆمان ده‌كه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌وه‌ی خانووی خراپ بووه ده‌بێت بچێته دادگا و نووسراو ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاوكاریی گه‌یشت ناویان تۆمار كرابێت“.
سەبارەت بە ئایندەی ناوچەکە و ویستی خه‌ڵكه‌كه بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر كوردستان یان به‌غدا و پرسی ریفراندۆم كوردستان، دەیگوت: ”باشیك كوردستانییه و خه‌ڵكه‌كه به‌ته‌واوی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كوردستان، پێمان وایه زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه به‌رژه‌وه‌ندیی له‌گه‌ڵ كوردستاندایه، بۆیه پێمان وایه لە ریفراندۆمدا دینێت به ده‌نگێكی زۆر (به‌ڵێ) دێنێت، چونكه پێشمه‌رگه پاراستوویه‌تی و ده‌یپارێزێت، بۆیه ده‌نگیش به كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێت رێكاره‌كان به‌زوویی له باشیك تەواو بکرێن“.
تعليقات