کوردانی ئێزدی دەڵێن، ڕیفراندۆم بۆ گرەنتیی پارێزگاریی پاشەڕۆژی ئیزدییانە، بۆیە دەبێ بە هەموو کۆششێکەوە پشتیوانی لێ بکرێت.
(ئەلیاس مارۆ ) کەسایەتی کوردی ئیزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێزدییان لە کۆنەوە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە مێژووییەن بۆ ئەوەی بە "بەڵی" دەنگ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بدەن، چونکە هەموو شتێکێ کوردانی ئێزدی بە هەرێمەوە گرێدراوە و، ئێمە هیچ هیوایەکمان بە عێراق نەماوە و مانەوە لە گەل عێراق مەترسییە بۆ سەر کوردانی ئێزدی و دوور نییە کارەساتێکێ دیکە ڕوو بدەت.''
(مارۆ) گوتیشی: ''هەر لە دەستپێکی کارەساتی شنگالەوە، حکوومەتی عێراق هیچ خزمەتێکی بە ئێزدییان نەکردووە، ئەگەر حکوومەتی هەرێم نەبوایە باری ئێزدییان دوو هێندە قورستر دەبوو. خەڵکی ناوچەکانی کوردستان بوون، کە هاوکاریی ئێزدییانیان کرد و تا ئێستا بە سەدان کچ و ئافرەتی ئێزدی لە دەستی داعشدان و حکوومەتی عێراق نەک هاوکاریی نەکردوون، بەڵکو هەوڵیشی نەداوە.''
نووسەر و شارەزای کاروباری ئێزدییان و بەرپرسی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە ناحیەی باعەدرێ، (خەڵات باعەدری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''باشترین دەرفەت بۆ ئێزدییان ئەوەیە سەر بە کوردستان بن، چونکە حکوومەتی عێراق هێج شتیك بۆ ئێزدییان ناکات و ئەمە نەک خواستی ئێزدییانی ئێستایە، بەڵکو لە کۆنەوە ئێزدیییان ئەم داخوازییەیان کردووە و هەردەم قوربانییان داوە، چونکە زۆربەی هەرەزۆری ئێزدییان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمن، پێویستە ئێزدییان بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئەم پرسە بکەن، چونکە ئەمە پرسێکە بە گەلەوە گرێ دراوە، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.''
سەبارەت بەم پرسە مێژوونووس و لێکۆلەری ئێزدیی (داود موراد خەتاری)یش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم بۆ هەموو گەلان کارێکی گەلەک پیرۆزە و ئێستا ئەم کارە پیرۆزە بۆ کوردستان هاتووەتە پێش؛ بۆ ئیزدییانیش وەک پیکهاتەیەکی کوردستانی گرنگییەکی زۆر هەیە، چونکە قەدەری هەموومان وەک یەکە، ئیزدییان نایانەوێت سەر بە عێراق بن و ئەمە خواستی کۆنی ئێمەیە، کە ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێم، بۆ ئەوەی پاراستووتر بین.''
ئەو لێکۆلەرە ئێزدییە گوتی: ''ژمارەی ئێزدییان لە جیهاندا نیزیکەی ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار کەسە، بەڵام لە عێراق و کوردستان نیزیکەی ٧٠٠ هەزارە و بە گوێرەی ئامارە نەفەرمییەکان، ئێزدییان لە هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و سووریا و باکووری کوردستان و جۆرجیا و ئەرمینیا و ڕووسیا و چەندین وڵاتی دیکە نیشتەجێن.''
تعليقات