هۆزێن ئێزدی ل شنگالێ: دڤێت عه‌شیره‌تێن ئه‌ره‌بان ناڤێ داعشا دناڤ خۆدا راگه‌هينن

باسنيوز:
سه‌رۆك هۆزێكی ئیزدی له‌ شنگال، داوا له‌ كه‌سایه‌تی و پیاوانی ئیزدی ده‌كات دژ به‌ چه‌كدارانی داعش سكاڵای یاسایی تۆمار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هیچكامێكیان له‌ لێپرسینه‌وه‌ و سزای خۆی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر كوردانی ئێزدی ئه‌نجامیان داوه‌، ده‌ربازی نه‌بێت و هه‌روه‌ها به‌وه‌ش ڕێگه‌ له‌ "باڵی سیاسی" داعش بگیرێت. داواش له‌ هۆز و عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌كات، ناوی داعشه‌كانی سه‌ر به‌ عه‌شیره‌ته‌كانیان ڕابگه‌یه‌نن و خۆیانیان لێ بێ به‌ریی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان له‌ نه‌ینه‌وا بێته‌ ئاراوه‌ و نیازپاكی خۆیان ده‌ربخه‌ن.

عومه‌ر عه‌لی كه‌بعۆ، سه‌رۆك هۆزی (شه‌ركان)ی ئێزدییه‌كانی شنگال، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 30/ 6/ 2017) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته‌ (باسنیوز) ڕای گه‌یاندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست سزا ده‌ربازیان نه‌بێت و بیانووی به‌رده‌م لێنه‌پرسینه‌وه‌یان ببڕن، سكاڵای یاسایی دژ به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوون، تۆمار ده‌كات.

له‌ (3/ 8/ 2014) ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجانی عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانی ده‌وروبه‌ری شنگال په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كرد و به‌شداربوون له‌ تاوانه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر كوردانی ئێزدی ئه‌نجام دران. دواتر زۆرێك له‌ ئێزدییه‌ ڕزگاربووه‌كانی ده‌ست داعش، ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نجانانه‌یان ناسیوه‌ته‌وه‌.

عه‌لی كه‌بعۆ، به‌پێویستی ده‌زانێت هه‌ڵوێستێكی ڕوون به‌رامبه‌ر داعش ڕابگه‌یه‌نرێت و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌و ڕێكخراوه‌وه‌ كردووه‌، یان هاوكاریان بووه‌ یان به‌شداری له‌ تاوانه‌كان كردووه‌، بدرێته‌ دادگا.

ئه‌و سه‌رۆك هۆزه‌ نامه‌یه‌كیش ئاراسته‌ی هۆز و عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت :" داوا له‌ عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ین، هاوكارمان بن به‌ پێدانی ناوی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ ناوچه‌ی خۆی، یه‌كه‌م بۆ بێ به‌ریی بوونیان له‌و داعشانه‌، دووه‌م بۆ ده‌رخستنی نیازپاكییان به‌ مه‌به‌ستی به‌رقه‌راربوونی پێكه‌وه‌ژیان، سێیه‌میش بۆ به‌ سزاگه‌یاندنی ئه‌و داعشیانه‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ تێكدانی نه‌ینه‌وا".

هه‌روه‌ك داواشی كرد، هه‌ركه‌سێك زانیاری له‌سه‌ر چه‌ته‌كانی داعش هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی و ئه‌خلاقی ناو و زانیارییان پێبدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سزای خۆیانیان بگه‌یه‌نن و بیانووی لێنه‌پرسینه‌وه‌شیان ببڕنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ڕێگه‌گرتن له‌ باڵی سیاسی داعش.

تعليقات

المشاركات الشائعة