ل شنگالێ 1500 بەلگە ل سەر تاوانێن داعش هاتينه‌ كۆمكرن

رووداو - شنگال 
دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەری لە دهۆک، 1500 سکاڵای کوردانی ئێزدی تۆمارکردووە و دەیەوێت وەکو بەڵگەنامەی یاسایی بۆ کەیسی کۆمەڵکوژی شنگال بەکاریان بهێنێت و داوا بکات کەیسەکە بە جینۆساید بناسرێت.

دەستەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014ـەوە دوای رووداوەکانی شنگال دامەزراوە و، رۆژانە پێشوازی لە خەڵكی زیانلێکەوتووی کوردانی ئێزدی دەکات، سەردانیکارانی ئەو دەستەیە گوتەکانیان تۆمار دەکرێت و لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان وەکو بەڵگە بەکاردەهێنرێت.

داود مژیلی، برای کچێکی کوردی رزگاربووی دەستی داعشە، کە ماوەی دوو هەفتە و نیوە لەدەستی داعش رزگاری بووە و ئێستاش سکاڵا لەسەر چەکدارانی داعش تۆمار دەکات.

داود دەڵێ "خوشکی من لە دەستی داعش رزگاری بووە، دەیبەمە دادگای جینۆسایدی دهۆک و سکاڵا تۆماردەکەین و داوای مافەکانی دەکەم، چونکە نەک تەنیا ئەو بەڵکو هەزاران کچ و ژنمان ستەمی داعشیان بینیوە".

وەفا سالم، خوشکی داود دوای تۆمارکردنی سکاڵاکەی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، گوتی "هەموو خەڵکی گوندی کۆجۆیان گرت. (چەکدارانی داعش) باوک و برایان کوشتین، کچ و ژنیان کردنە خزمەتکاری خۆیان، بەزۆر هاوسەرگیرییان بە ئێمە کرد و کردیانینە موسڵمان، من ئەمڕۆ هاتوومەتە ئۆفیسی جینۆساید، سکاڵای خۆم تۆمار دەکەم، تاوەکو هەموو کەسێک بزانێت چیمان بەسەر هاتووە و یارمەتیمان بدەن".

تعليقات

المشاركات الشائعة