رێکخراوه‌ك کچ و کورێن موسلمان و ئێزدی و مەسیحی دخيڤه‌تگه‌هه‌كێ دا كۆم دكه‌ت

باسنيۆز:
رۆژ دوای رۆژ، پێکەوەژیان لە کوردستان پتەوتر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوی دوڤی، بە ھەماھەنگی چەند ڕێکخراوێکی دیکە، ھەستان بە کردنەوەی خیوەتگەیەک، لە کۆمەڵگەی ئانیشکێی گەشتیاری، لە دەڤەری ئامێدی، بۆ کوڕ و کچانی موسڵمان، مەسیحی و ئێزدیی ئاوارە و پەنابەر، گشتیانی کۆکردەوە.
 
ئەحمەد سەعدون، بەرپرسی رێکخراوی (DOVY) بۆ (باسنیوز)، ڕای گەیاند: "بە پێویستمان زانی کار لەسەر پێکەوەژیان بکەین، بەتایبەت لە پارێزگای دھۆک، پاش ھێرشی چەکداری داعش، برینێک لەسەر مێژوومان دروست بوو، بۆیە بڕیارمان دا پڕۆژەی پێکەوەژیان ئەنجام بدەین، کوڕان و کچانی (ئێزدی و کریستیان) کۆبکەینەوە و ھەر ھیچ نەبێت، برین و نەھامەتییەکانی کەم بکەینەوە، ئەویش بە کردنەوەی ئەم خیوەتگەیەش، بۆ کوڕان و کچانی ھەر سێ ئایینەکە".

بەرپرسی ڕێکخراوی دۆڤی، ئەوەشی خستەڕوو کە وەک ڕێکخراوەکەیان پێکەوەژیان دروست ناکەن، بەڵکو تەنیا پشتیوانییەک لەو پڕۆسەیە دەکەن و بەشداری دەکەن، لەبەرئەوەی ئەو کۆکردنەوەیە بۆ گەنجەکانە، ئاوەدانکردنەوەی وڵاتیش لەسەر دەستی گەنجانە، "بەشداربووەکانمان تەمەنیان لە نێوان 17 بۆ 25 ساڵی دایە، ئێمە سێ خیوەتمان کردوەتەوە، ھەوڵ دەدەین یەکسانییەک لەناو بەشداربووەکان دروست بکەین".

وەک ئاماژی بۆ دەکات، نزیکە 25 کچ و 25 کوڕ بەشدار بوونە، بۆ چوار خیوەتگەش، 200 کەس بەشدار بوونە، لە نێو ھەر خیوەتگەیەکیش ژمارەیەکی زۆر پڕۆگرام ھەن، ھەموو بەشداربووانیش بەشداری پرۆگرامەکان دەکەن.

ئەحمەد سەعدوون، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە رێکخراوی (UNDP) لە ڕووی ماددییەوە ھاوکاری کردوون، ھەروەھا رێکخراوی (IRD) بۆ خیوەتگەکان ھاوکاری کردوون، ئێمەش وەک ڕێکخراوی دۆڤی بەرێوەی دەبەین، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئەڵمانیا، رۆڵەکی بەرچاویان ھەبووە.

بەرپرسی ڕێکخراوی دۆڤی باس لە بەرنامەکانیان، دەکات کە پێنج ڕۆژ دەخایەنی، ھەموو بەیانیان لە کاتژمێر 7:00 بەیانی تا 11:00 شەو پرۆگرامیان ھەیە، پرۆگرامەکانیانیشیان لە وەرزش، گوێگرتن لە میوزی، شاخەوانی، سەردانی شوێنە مێژووییەکان و گەشتوگوزاری، "خواردنی ژەمەکان و دابینکردنی جلوبەرگ، لە ئەستۆی ئێمە دایە، 22 سیمیناریان بۆ دەکەینەوە کە مامۆستای تایبەت دێت و دواتر بڕوانامەی بەشداری بە بەشداربووان دەدرێت".

ئەحمەد سەعدوون، ئاماژە بە خێزانی بەشداربووان دەدات بەتایبەت ئەوانەی کچانیان لە خیوەتگەیە، زۆر ھاوکارن، چونکە "باوەڕیان بە پڕۆژەکە ھەیە، شوێنەکە شیاوە"، وەک باش دەکات دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، کە لە پڕۆژەکانی دیکە بینیویانە، ھەموو بەشداربووان بە گریانەوە یەکتر بەجێ دەھێڵن و دەڵێت "لەبەرئەوەی ھەستی پێکەوەژیان لە ناخیاندا دروست دەبێت، ئێمەش بڕیارمان داوە بەردەوام لە دەڤەری ئامێدی ئەو پڕۆژەمان ھەبێت، پێشتر ئێمە زیاتر لە 30 پڕۆژەی خیوەتگەییمان ھەبووە، زیاتر لە ھەزار کچ و کوڕ بەشداریان کردووە، پرسی پێکەوەژیانیان زیاتر لەناخدا چەقیوە".

بەرپرسی رێکخراوی دۆڤی، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکانیان، چەندی کچ و کوڕ گەڕاونەتەوە و ھاوسەرگیرییان کردووە و منداڵیشیان ھەبووە، "ئەمەش بەراستی دەبێتە پاڵنەر بۆ پێکەوەژیان".

تعليقات

المشاركات الشائعة