كوردێن ئێزدى:سەربەخۆییا کوردستانێ پاراستنا ئێزديانه‌ و مە هەلبژارتنا خۆ کریە

شنگال-KDP.info- 
کەسایەتییەکانی کوردانی ئێزدی و ڕۆژنامەنووسەکانیان دەڵێن، سەربەخۆییی کوردستان زامنی ئێزدییەکانە و پێشوەختە بژاردەی خۆیان دیاری کردووە، کە چارەنووسیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و نایانەوێ لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە، بۆیە پاڵپشتیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەن.

کوردانی ئێزدی زۆر ڕاشکاوانە بۆ چەندین جار پەیامیان داوەتە بەغدا، کە دەیانەوێ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی سەربەخۆییی کوردستان و ڕیفراندۆم دەکەن؛ یەکێک لە کەسایەتییەکانی بنەماڵەی میری ئێزدیان (هەرمان میرزا بەگ)، لە وەسفی سەربەخۆییی کوردستاندا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەربەخۆییی کوردستان زامنی کوردانی ئێزدییە،  بۆ ئەوەی پارێزراو بن و جارێکی دیکە دووچاری كاره‌ساتی دڵته‌زێن نه‌بنه‌وه‌؛ ئینجا هەموو ناوچەکانی ئێزدیان لە شنگال و دەشتی نەینەوا بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، هه‌ڵبه‌ت بە هەرشێوەیەک بێت، ئێمە دەخوازین ڕێفراندۆم ساز بدرێت و ناوچەکانمان لە باوەشی هەرێمی کوردستاندا ئارام بن.''

شنگالییەکان هەمیشە دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەوان پێشوەختە بژاردەی خۆیان دیاری کردووە و نایانەوێ لەگەڵ عێراقدا بن، ئەوان کوردستانیان هەڵبژاردووە، چونکە کوردی ڕەسەنن، نووسەران و ڕۆشنبیرانی شنگالیش دووپاتی دەکەنەوە، کە بەغدا هیچی بۆ نەکردوون و هاوکاریی نەکردوون، ئەوەی کە داڵدەی داون و پشتی گرتوون، تەنیا هەرێمی کوردستان بووە.

(ماهر شنگالی) کە ڕۆژنامەنووسێکی ئێزدیانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون دەکاتەوە، کە چارەنووسیان بە هەرێمی کوردستانەوە گرێ دراوە و خۆیان یەکلا کردووەتەوە و پێشوەختە بژاردەی خۆیان کردووە کە ئیدی نایانەوێ جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر حکوومەتی ناوەند.

(شنگالی) دەڵێت: ''عیراق لە کۆنەوە هاوکاریی خەڵکی شنگال نەکردووە و تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی کچان و ژنانی ژێر دەسەڵاتی داعشی نەکردووە و ڕزگاری نەکردوون، بۆیە چارەنووسی ئێمە لەگەڵ هەولێرە نەک بەغدا و پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەکەین.''

کوردانی ئێزدی بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ڕیفراندۆم دەکەن و دەخوازن کە ڕیفراندۆم شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدینشین بگرێتەوە، چونکە وەک کەسایەتییەکانی کوردانی ئێزدی ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەوان ئارامیی خۆیان لە کوردستاندا دەبینن. سەبارەت بەم پرسە، کەسایەتیی کوردانی ئێزدی (د. کەریم کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕایفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ کوردانی ئێزدی زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئێزدییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدان، گەڕانەوەی ناوچەکانیان بۆسەر هەرێمی کوردستان وا دەکات ئێزدییەکان بە گشت مافەکانیان بگەن و سەقامگیر بن.''

تعليقات

المشاركات الشائعة