520 خێزان ڤه‌گه‌رياينه‌ باشيكێ

باشیك-KDP.info- 
 نزیكەی 520 خێزان گەڕاونەتەوە باشیك و گوندەكانی دەوروبەری و، ئێستایش كار لەسەر دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی 20 مەزارگە لە سنوورەكەدا دەكرێت.

(ئیدریس عەلی خامۆكا) کە بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە باشیک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لە سەنتەری شارەدێی باشیك و بەحزان نزیكەی 300 خێزان و، لە گوندەكانیش نزیكەی 220 خێزانی دی گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، رۆژانەیش پرۆسەی گەڕانەوە بەردەوامە و فەرمانگە حكوومیەكانیش كاری خۆیان دەكەن، چەند رێكخراوێكیش ئێستا لەنێو شارەدێكەدا كار دەكەن بۆ نوژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، فەرمانگە تەندروستییەكان و هەروەها چاككردنەوەی دەرگا و پەنجەرەی ماڵان و لێدانی بیری ئاو و ڕاكێشانی هێڵی كارەبا كە تەنیا كێشەمان لە وێستگەدا ماوە".

(ئیدریس عەلی خامۆكا) گوتیشی، "سێ گرووپی خۆبەخش كە زیاتر لە 200 كەسن و ‌لە گەنجانی دەڤەرەكەمان پێك دێن، خۆبەخش و فەرمانبەر و شارەزان و،‌ لەنێو شارەدێی باشیك دەستیان كردووە بە چەندین هەڵمەت، لەوانە، دروستكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی مەزارگەكان كە 39 مەزارگەی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە وێران كرابوون و، ئێستایش كار لە 20 مەزارگە دەكرێت، ئێمەیش وەكو ناوچەی پارتی هاوكارییان دەكەین لە رووی پێدانی ئامێر و هەندێكیش یارمەتیی دارایی و رۆژانەیش سەردانیان دەكەین".

دەشڵێت، سبەی چوارشەممە، یەكەم مەزارگە بە ناوی (مەزارگەی شێخ بابەك‌) لە بەحزان دەكرێتەوە.

شارۆچكەی باشیك لە 7-11-2016 بە فەرمان و ‌سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئازاد كرا، كە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە سنووری دەشتی نەینەوا بە دووریی 20 كم.

تعليقات

المشاركات الشائعة