كچه‌كا رزگاربوويا ئێزدى:تيرۆرستێن داعش دبازاران دا دفرۆتين

رووداو - جنێڤ
لەبارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، کچە کوردێکی ئێزدی رزگاربووی ژێر دەستی داعش، باسی ژیانی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش کرد و رایگەیاند "چەکدارانی داعش دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەر ئێمە و دواتر ئازاریان دەداین و لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشتین".
رۆژی چوارشەممە 15-3-2017، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، دیبەیتێکی کراوە بۆ رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان بەڕێوەچوو.
سانا عەلی، یەکێکە لەو کچە کوردە ئێزدیانەی کە لەژێر دەستی چەکدارانی داعش رزگاری بووە و لە دیبەیتێکدا باسی ئازار و مەینەتییەکانی خۆی لەژێر دەستی چەکدارانی داعش کرد.
لە بەشێکی گوتەکانیدا سانا گوتی "لەژێر دەستی ژمارەیەک چەکداری داعش بووم، دەستدرێژی سێکسیان لێدەکردین و دواتر لە بازاڕەکان ئێمەیان دەفرۆشت، چەکدارانی داعش بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئێمە بەرنامەیان دادەڕشت و ئازاریان دەداین". 
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە " ئێمە سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە نووسینگەی تایبەتی بۆ ئەوانە کردووەتەوە کە رفێندراون و دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر".داواش دەکات کە، نووسینگەی زیاتر بکرێتەوە و هەوڵی زیاتر و چڕتربدرێت بۆ ئەوەی هاوکاری زیاتری ئەوانە بکرێت، کە هێشتا لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدان.
پێشتر حوسێن کۆرۆ، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند "لە مانگی 10ی 2014وە تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 915 کەس رزگارکراون، کە هەزار و 58یان کچ و ژنن".

تعليقات

المشاركات الشائعة