باسنيۆز:
له چیرۆكی هه‌ر منداڵ و ئافره‌تێكی ڕووسووری ئێزدیی ڕزگاربووی ده‌ستی نه‌گریسی داعش ورد بینه‌وه، ده‌مانتاسێنێت. هه‌ر چیرۆكێكیان، فیلمێكی تراجیدیی دڵته‌زێنی ناخهه‌ژێنی واقیعییه كه ئه‌گه‌ر ناونیشانێكی ڕاسته‌قینه‌یان بۆ دابنێین، سه‌رله‌به‌ریان برێتین له باجی ئێزیدییبوون و كوردبوون. لایه‌نی سه‌رنجڕاكێش له چیرۆكی ڕزگاربووانی چنگی ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی داعش ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌ر یه‌كێكیاندا، له دڵی خۆماندا ده‌ڵێین، مه‌حاڵه له‌م چیرۆكه كاره‌ساتبارتر هه‌بێت، كه‌چی هه‌ر گوێ له یه‌كێكی دیكه‌یان ده‌گرین، نه‌خێر، ئه‌ویان له چاو ئه‌میاندا خۆشی و سه‌یرانه.
چیرۆكی ئه‌مجاره‌مان، كاره‌ساتی گرتن و ڕفاندنی خاتوو باران (38 ساڵ) و خێزانه‌كه‌یه‌تی. له كاتێكدا گرتن و ڕفاندن و مانه‌وه‌یان لای تیرۆریستانی داعش، كاره‌ساتێكی واقیعی ئینسانیی پڕ چه‌رمه‌سه‌رییه، چیرۆكی هه‌ڵاتن و ڕزگاربوونه‌كه‌یان، زیاتر له خه‌یاڵ و مه‌حاڵ نێزیكتره. پاش ئه‌وه‌ی گوێمان له خاتوو باران گرت، یه‌ك ڕاستینه‌مان زیاتر و زیاتر لا چه‌سپی: ئه‌و ئازایه‌تی و چاونه‌ترسیی و مه‌ردایه‌تییه ته‌نیا له ئافره‌تانی ڕووسووری كوردی ئێزدی ده‌وه‌شێته‌وه.
له چیای شنگاله‌وه تا مینبج
خاتوو باران-ی ماندوو و شه‌كه‌تی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش و نه‌بوونی و ده‌ربه‌ده‌ریی، ده‌ستی به گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆی و خێزانه‌كه‌ی كرد: ”ڕۆژی 3/8 / 2014، ڕۆژی داگیركردنی شنگال له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌دا خۆمان گه‌یانده چیا، تا ئێواره له‌نێو ئه‌و حه‌شاماته‌دا ماینه‌وه، دره‌نگانێكی شه‌و، ناچار هاتینه‌وه خواره‌وه بۆ نێو شاری شنگال، چونكه خه‌سووم باری ته‌ندروستیی زۆر خراپ بوو، ڕاستییه‌كه‌شی نه‌شمانده‌زانی داعش وامان پێ ده‌كات و جیا له‌وه‌ی هێشتا جووڵه له شنگاله‌وه به‌ره‌و چیا به‌رده‌وام بوو و خێزانگه‌ل په‌یتا په‌یتا ده‌هاتن و ده‌چوون، هه‌ر گه‌یشتینه ده‌روازه‌ی شار، چه‌كدارانی داعش گرتیانین و بردیانینه نێو بینایه‌ی یه‌كێك له فه‌رمانگه حكوومه‌تییه‌كانه‌وه. له‌وێ ده‌یان خێزانی دیكه‌ی ئێزدی تێدابوو. هه‌ر بۆ سبه‌ی، پیاوه‌كانیان لێ جیا كردینه‌وه كه ژماره‌یان نێزیكه‌ی 40 پیاو ده‌بوو، بر‌دیانن و ئێستیاش نه‌مانبینیونه‌ته‌وه. منداڵ و ئافره‌ته‌كان ماینه‌وه، ئێمه‌شیان بار كرد و بردیانین به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر. یه‌ك دوو هه‌فته له‌وێ ماینه‌وه و شه‌وله‌ناوێك سواری پاسیان كردین به‌ره‌و و مووسڵ و له‌وێوه بۆ به‌ندیخانه‌یه‌كی گه‌وره كه دوایی زانیمان به‌ندیخانه‌ی به‌دناوی بادووشه. له بادووش، فڕۆكه كه‌وتنه لێدانی پێگه و بنكه‌كانی داعش له ده‌وروبه‌ری به‌ندیخانه‌كه“.
له خاتوو بارانم پرسی: هه‌ستت چی بوو كه گوێت له ده‌نگی قڕۆكه و بۆمبارانه‌كه‌یان ده‌بوو؟ وه‌ڵامی دامه‌وه: ”ڕاستییه‌كه‌ی ده‌ترساین به‌تایبه‌تی ڕۆژانی یه‌كه‌می بۆمبارانه‌كه، ئاخر له‌گه‌ڵ هه‌ر بۆمبێكی ده‌وروبه‌ری به‌ندیخانه‌كه‌دا، خه‌ریك بوو جه‌رگ و هه‌ناومان ده‌هاته ده‌ره‌وه، به‌ڵام چونكه ده‌مانزانی له داعش ده‌ده‌ن، زۆرمان پێ خۆش بوو، ڕاستییه‌كه‌ی وره‌شمان به‌رز ده‌بووه‌وه، به‌تایبه‌تی هه‌ستمان ده‌كرد كه بۆمبارانه‌كان زه‌بری چاكی له داعشان ده‌دا و ده‌ركیشمان ده‌كرد چۆن هه‌ر هه‌موویان ڕۆحیان له فڕۆكه‌كان چووبوو“.
خاتوو باران گه‌ڕایه‌وه سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ی خۆی: ”پاش بیست ڕۆژێك، ئه‌ڵبه‌ت بیرم نه‌چێت كه له‌و بیست ڕۆژه‌دا، ژماره‌یه‌كی زۆر له كچه جوان و ئافره‌ته گه‌نجه‌كانه بر‌دیانن و ئیدی نه‌هاتنه‌وه. ئه‌مه جیا له برسێتی و تینوێتی و ڕه‌زاله‌تی پیسیی به‌ندیخانه‌كه. ئاخری به‌یانییه‌كی زوو دیسان سواری ترۆمبێلانیان كردین و گێڕایانینه‌وه به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر. ئه‌مجاره بردیانینه، گونده چۆڵه‌كانی توركمانه شیعه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر.
له گوندی قزلقیو، نێزیكه‌ی مانگێك زیاتر كه‌متر ماینه‌وه، ژیانێكی تا بڵێی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری و هه‌رچی شتی خراپ بوو له داعشه‌كانمان بینی. كاتێك له‌وێش ده‌ستیان كرد به بردنی كچ و ئافره‌تانی گه‌نج. ڕۆژی 10ی تشرینی دووه‌م، هاتن ژماره‌یه‌كی زۆر ئافره‌تیان برد، له‌نێویاندا، پیزارۆی براژنم (كه ئیدی نه‌مبینیوه‌ته‌وه) و ئیڤای كچه گه‌وره‌كه‌م كه دووگیان بوو. داوام له داعشه‌كان كرد منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وان ببه‌ن، پێیان گوتم تۆ گه‌نج نیت نابێت بچیت له‌گه‌ڵ ئه‌وان. من سوور بووم له‌سه‌ر ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ ئیڤای كچم. داعشه‌كه لێی پرسیم ته‌مه‌نت چه‌نده؟ گوتم 38 ساڵ. گوتی باشه سه‌ركه‌وه و وه‌ره له‌گه‌ڵمان ده‌بێت تۆش بفرۆشین.
كه‌وتینه ڕێ، نۆ سه‌عات به‌ڕێوه بووین تا گه‌یشتینه شارۆچكه‌یه‌كی سووریا. نزیكه‌ی دووسه‌د و په‌نجا كه‌س ده‌بووین و له ماڵێكی گه‌وره‌دا دایان به‌زاندین و كردینینه ژووره‌وه. شه‌وێ له‌وێ هێشتیانینه‌وه، ئیڤای كچم ژانی لێ هات، بۆ ڕۆژی دوایی، كوڕێكی بوو، كه خۆیان ناویان لێ نابوو خه‌تاب. ئیڤا، حاڵی زۆر شڕ بوو، خه‌ریك بوو شێت ده‌بووم به‌دیارییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتیشم نه‌بوو، به هه‌زار پاڕانه‌وه بردیان بۆ نه‌خۆشخانه و كچێكی خه‌ڵكی كۆچۆ خوێنی پێ به‌خشی ده‌نا ده‌مرد. هه‌ر دوای ئه‌وه هاتن ئیڤا و منداڵه‌كه‌یان برد و ئیدی ئه‌وانیشم نه‌بینییه‌وه و خۆم و سۆزانی كچه چكۆلانه حه‌وت ساڵانه‌كه‌م ماینه‌وه.
نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ماینه‌وه، تا فرۆشتیانم به داعشێك. كاتێك داعشه‌كه هات، گوتم بشمكوژن نایه‌م ئه‌گه‌ر سۆزانی كچیشم له‌گه‌ڵدا نه‌بێت. تێشمگه‌یاند كه سۆزانی كچم كه‌ڕولاڵه. بۆ ڕۆژی دواتر من و نۆ ئافره‌تی دیكه به منداڵه‌كانمانه‌وه بردیانین بۆ ماڵێكی دیكه. هه‌ر گه‌یشتین هێنده‌ی نه‌برد، جه‌ڵه‌به داعشێك هاتن و حه‌وت ئافره‌تیان برد، ته‌نیا من و سۆزانی كچم و ئافره‌تێكی خه‌ڵكی كۆچۆ ماینه‌وه. ئێمه‌شیان گواسته‌وه ژێرزه‌مینی كۆگایه‌كی هه‌شت نهۆمی كه كردبوویانه نه‌خۆشخانه. داعشییه‌ك كه ناوی عه‌بدولڕه‌حمان بوو، هات من بكڕێت، تا ببمه كاره‌كه‌ر له ماڵه‌كه‌یدا، گوتم ده‌بێت كچه‌كه‌م له‌گه‌ڵدا بێت. ئه‌ویش ده‌یگوت ده‌بێت به ته‌نیا بێیت. مشتومڕێكی توندمان بوو، كاتێك په‌لاماری تفه‌نگی ده‌ستی پاسه‌وانه‌كه‌یم دا ڕاستییه‌كه‌ی ویستم خۆم بكوژم. كه‌چی داعشه‌كه گوتی: ئه‌وه ده‌ته‌وێت بمكوژی؟ كه‌وتنه لێدانم زۆر خراپ داركاریان كردم و جه‌سته‌یان شین و مۆر كردمه‌وه، سۆزانی كچیشم به‌دیارمه‌وه زاره‌تره‌ك بووبوو. ئاقیبه‌ت هه‌ردووكمانی برد. كه گه‌یشتینه ماڵه‌كه‌ی كردینییه ژوورێكه‌وه و ده‌رگه‌ی له‌سه‌ر داخستین. پێنح ڕۆژ و پێنج شه‌و من و سۆزانی كچمی به برسێتی و تینوێتی به‌ند كرد. كه به‌ریشی داین، هه‌ر له ماڵه‌كه‌دا، كچه‌كه‌می لێ جیا كردمه‌وه.
ڕۆژێك داعشێك هات كه ئه‌بو (عه‌بدولڕه‌حمانی توركی)یان پێ ده‌گوت، منی كڕی. له ماڵه‌وه پێی گوتم، باپیره گه‌وره‌م ئێزدیی كوردستانی توركیا بووه و موسڵمان بووه. ڕۆژێك له ماڵه‌كه‌یدا بووه هه‌را هه‌را، گوێم ڕاگرت ته‌ماشا ده‌كه‌م، داوا له كوڕه‌كه‌ی و بووكه‌كه‌ی ده‌كات ببنه چه‌كداری داعش، ئه‌وانیش ڕازی نه‌بوون، چوو شكاتی لێ كردن و هه‌ردووكیان به‌ند كران ئیدی نه‌مبینینه‌وه له ماڵه‌كه‌دا. پاش نێزیكه‌ی مانگێك، منداڵێكی ئێزدی كه له‌گه‌ڵ دایكی له ماڵی داعشێكی دیكه‌ی هاوسێی ماڵی ئه‌بوعه‌بدولڕه‌حماندا بوو، هات بۆ لام و به‌نهێنی پێی گوتم: گوێم لێ بوو ته‌له‌فۆنی ده‌كرد بۆ داعشێكی دیكه و تۆی فرۆشتووه. ته‌نانه‌ت ژنه‌كه‌ی پێی گوتبوو كچه‌كه‌شی با بڕوات له‌گه‌ڵیدا، ئه‌ویش ده‌یگوت: نا كچه‌كه با مێنێته‌وه و ماوه‌یه‌كی دیكه به پاره‌یه‌كی چاك ده‌یفرۆشمه‌وه.
بۆ ڕۆژی دوایی، من و سۆزانی كچمی برد بۆ مقه‌ڕێكی داعش. له‌وێ ئه‌میرێكی داعش هات و ئێمه‌ی كڕی. ده‌ركه‌وت ئه‌میره‌كه چینییه. تا بڵێی پیاوێكی توند و تووڕه و دڵڕه‌ق و تاوانبار بوو. پێنج ڕۆژ له ماڵی داعشه چینییه‌كه‌دا ماینه‌وه، شه‌وێكی باوبۆرانی قایم بوو، ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمانه‌كه هات بۆ ماڵی كابرای چینی، گوتی: ئاگات له‌م ژنه بێت، ڕاده‌كات. چونكه كچێكی دیكه‌ی له ڕه‌ققه ڕایكردووه. داعشه چینییه‌كه، یه‌كسه‌ر بڕوای كرد و ته‌له‌فۆنی داعشێكی كرد و گوتی وه‌ره‌و بۆ ماڵی ئێمه. پاش كه‌مێك دووان هاتن تا كچه‌كه‌م به‌رن. زۆر هه‌وڵم دا و پاڕامه‌ووه لێیان بیخه‌نه سبه‌ی به‌یانی و به‌و باوبۆرانه نه‌یبه‌ن، ئاخری ڕازیم كردن و ڕۆیشتن. هه‌ر ڕۆیشتن، بڕیارم دا خۆم و كچه‌كه‌م هه‌ڵێین و ڕزگارمان بێت لێیان و كچه‌كه‌شمم تێگه‌یاند.
ڕێكه‌وت، ئه‌و ڕۆژه تا ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ، ماڵه‌كه‌یان كاشی ده‌كرد، له ده‌ره‌یشه‌وه باوبۆرانێكی به‌خوڕ به‌رده‌وام بوو، هه‌موویان زۆر ماندوو بوون و هه‌ر شه‌و داهات هه‌موویان خه‌ویان لێ كه‌وت. كچه‌كه‌م خه‌به‌ر كرده‌وه و به‌و بارانه به‌سه‌ر په‌رژینی ماڵه‌كه‌دا بازمان دا و هه‌ڵاتین. له‌و نێزیكانه‌ی ماڵه‌كه، له ده‌رگای هه‌ر ماڵێكمان ده‌دا، كاتێك ده‌یانكرده‌وه، ده‌یانزانی له كابرای چینی هه‌ڵاتووینت، دایان نه‌ده‌كردین و ده‌یانگوت: ئه‌و چینییه زۆر تاوانبار و ده‌ستڕه‌شه، به‌خوا پێمان بزانێت ئێمه و ئێوه‌ش پارچه پارچه ده‌كات. بۆیه ناوێرین هاوكاریتان بكه‌ین،. وایان ده‌گوت و ده‌رگایان داده‌خسته‌وه. ناچار به‌و باوبۆران و سه‌رمایه هه‌ر ڕۆیشتین تا دوو سێ كۆڵان له ماڵی داعشه چینییه‌كه دوور كه‌وتینه‌وه. له‌وێ، له ده‌رگای ماڵێكمان دا، گه‌نجێك كردییه‌وه، كاتێك زانی ئێمه ئێزدین و هه‌ڵاتووین، گوتی: باوه‌ڕ بكه‌ن ئامۆزاكه‌م له ماڵی ئێمه خه‌وتووه و داعشه، بۆیه ناوێرم یارمه‌تیتان بده‌م تكایه زوو بڕۆن با پێتان نه‌زانێت و ته‌سلمیتان بكاته‌وه. گوتم: براكه‌م باشه هاوكارییه‌كمان بكه و ته‌گبیرێكم بۆ بكه چی بكه‌ین به‌م شه‌وه‌زه‌نگ و سه‌رما و سۆڵه‌یه؟
گوتی: باشه بڕۆن بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌وانه داعشیان تێدا نییه و یارمه‌تیتان ده‌ده‌ن. ڕۆیشتین. ئه‌ڵبه‌ت هه‌موو گیانمان ئاوه و زۆر سه‌رمامانه. له‌وێ، له ده‌رگایه‌كم دا. پیاوێك كردییه‌وه كه وه‌زعی جلوبه‌رگ و كچه‌كه‌می بینی، یه‌كسه‌ر گوتی وه‌رنه ژووره‌وه. گوتم قه‌یدی ناكا، له‌م هه‌یوانه‌دا ڕێگه‌مان بكه‌ن. پیرێژنێك هاته لامان گوتی: نا كچم وه‌رنه ژووره‌وه كه زانیان له ده‌ستی داعشه چینییه‌كه هه‌ڵاتووین، پیرێژنه‌كه گوتی: هه‌زار نه‌فره‌تی لێ بێت، ده‌ی ڕۆڵه گه‌رماویان بۆ ئاماده بكه‌ن با خۆیان پاك كه‌نه‌وه و نان بخۆن و یارمه‌تیان بده‌ن له‌م ناوه دوور كه‌ونه‌وه با ئه‌و داعشه چینییه نه‌فره‌تییه ده‌ستی نه‌یانگاتێ. دواتر به ده‌م نانخواردنه‌وه پیرێژنه‌كه دادوبێدادی خه‌ڵكی مینبجی له ده‌ست ئه‌و هۆڤییه بۆ ده‌گێڕامه‌وه. دواتر پیرێژنه مه‌رده‌كه، به كوڕه‌كه‌ی گوت، ده‌ی كوڕم هه‌سته بیانبه بۆ ماڵی قڵان له فیساره گوندی ده‌ره‌وه‌ی مینبج. یه‌كسه‌ر دوو گه‌نج له‌ته‌كماندا به خۆیان و لایتی ده‌ستییه‌وه هاتن له‌گه‌ڵمان و ده‌رچووین. له ڕێگا ئه‌و دوو گه‌نجه هه‌ر باسی تاوانه‌كانی داعش به‌تایبه‌تی ئه‌و داعشه چینییه‌یان ده‌كرد. پاش سه‌عاتێك ڕێ، به‌و بارانه گه‌یشتینه گوندێك. له‌وێ چووینه ماڵێك. ماڵ چ ماڵ. ژوور و هه‌یوانێك، هه‌ژار و ڕووت و ڕه‌جاڵ. هێنده بێ وه‌زع بوون، له‌و حاڵه‌ی خۆمدا به‌زه‌ییم به‌واندا ده‌هاته‌وه. ناچار لێم پرسین: باشه بۆ وه‌زعتان وایه؟ گوتیان ئێمه خه‌ڵكی ناوچه‌ی سفێرییه‌ین و سێ ساڵه ئاواره‌ی ئه‌م ناوچه‌یه بووین. بۆ به‌یانی داوام لێ كردن یارمه‌تیم بده‌ن و یبمگه‌یه‌ننه گه‌راجی گونده‌كه تا به‌ره‌و شاری باب بڕۆین و له داعش دوور كه‌وینه‌وه. ماڵه‌كه گوتیان: كچم ئێستا ئه‌و داعشه چینییه هه‌موو دنیای تێ گه‌یاندووه ئێوه ڕاتانكردووه، دوایی ده‌تانگرنه‌وه. بۆیه كه‌مێك دان به‌خۆدا بگره با بزانین چۆن ده‌بێت ئه‌وكات یارمه‌تیت ده‌ده‌ین بڕۆی. پاش نیوه‌ڕۆ ژنی ماڵه‌كه چووه بازاڕ تا بزانێت ده‌نگوباس چییه، پێش ڕۆژئاوا هاته‌وه و گوتی: وه‌ڵا چینییه‌كه دنیای تێكداوه و له‌نێو شارۆكه‌دا باس بڵاو بووه‌ته‌وه كه سه‌بییه‌ك خۆی و كچه‌كه‌ی هه‌ڵاتوون، بۆیه جارێ دانیشن. گوتم: باشه چاره چییه؟ گوتی: شه‌و كوڕه‌كانمان ده‌تانبه‌ن بۆ شارۆكه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ڵكوو ترۆمبێلێكتان لەوێ ده‌ستكه‌وێت، ئه‌وێ باشتره چونكه له بن فه‌رمانده‌ی ئه‌و داعشییه چینییه تاوانباره‌دا نییه. شه‌و بردیانین. به‌و گونده، له ده‌رگای ماڵێكم دا. ژنێك كردییه‌وه، هه‌ر كه زانی كوردی ئێزدیین، زۆر تا‌سا و هه‌رچه‌ند پاڕامه‌وه نه‌یوێرا ماڵه‌كه‌یمان بۆ بكاته‌وه و یارمه‌تیمان بدات و پێی گوتم، بڕۆ بۆ مزگه‌وته‌كه بمێنه‌ره‌وه، ته‌بعه‌ن منیش نه‌موێرا بچم. به‌ڵام به‌رانبه‌ر ئه‌و ماڵه كۆمه‌ڵێك كه‌لاوه هه‌بوون چووینه كه‌لاوه‌یه‌كه‌وه. هێنده‌ی نه‌برد، دوو گوەنج هاتن لێیان پرسیم تۆ كێیت و چی ده‌كه‌ی له‌م كه‌لاوه‌یه‌دا؟ گوتم: خه‌ڵكی سفێرییه‌ین و لێمان قه‌وماوه و ته‌نانه‌ت پێناسه‌كانیشمان تیاچووه. یه‌كێكیان گوتی: باشه كچه‌كه‌م نه‌خۆشه ده‌یبه‌مه لای نه‌خۆشخانه و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، دوایی ده‌تانبه‌مه ماڵی خۆمان، خۆ نابێت تا به‌یانی له‌م كه‌لاوه‌یه‌دا بن. پاش نیو سه‌عات هاته‌وه و پێی گوتم: تكایه ڕاستییه‌كه‌م پێ بڵێ تا بتوانم هاوكاریتان بكه‌م. گوتم: نا قه‌ینا تا به‌یانی لێره ده‌بین و ده‌ڕۆین. گوتی: ده‌ترسم سه‌بییه‌ی ئێزدی بیت و ڕاتكردبێت؟ گوتم ئه‌گه‌ر وابوایه نه‌ده‌هاتمه ئه‌م كه‌لاوه‌یه‌وه. گوتی: كه‌واته با ته‌له‌فۆنی باوكم بكه‌م با ئه‌و بێت تا بڕۆین بۆ ماڵی خۆمان. كه گه‌یشتینه ماڵه‌كه، باوكه‌كه لێی پرسیم: خه‌ڵكی كوێی به‌ڕاستی پێم بڵێ؟ گوتم: عفرین. ده‌رچوو ئه‌وانیش عفرینین و كه‌وته پرسیار له كام گه‌ڕه‌كین و كێ ده‌ناسین و له كام عه‌شیره‌تین. ناچار گوتم: خاڵه گیان من ئێزدیم و له مینبجه‌وه هه‌ڵاتووم. یه‌كسه‌ر گوتی: به‌خێر بێی سه‌رچاو كچی خۆم.
كاتێك وام گوت، چوار پێنج میوانیان هه‌بوو هه‌ر هه‌موویان ئه‌وق بوون. یه‌كسه‌ر باوكه‌كه گوتی: ده‌ی هه‌مووتان سوێند بخۆن ناپاكی نه‌كه‌ن و خه‌به‌ر له‌م ئافره‌ته و له ئێمه‌ش نه‌ده‌ن. هه‌مووان سوێندیان خوارد، یه‌كێكیان نه‌بێت، زۆریان له‌ویش كرد تا سوێندی خوارد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه من ترسام و به‌و باوبۆرانه ده‌ستی كچه‌كه‌مم گرت و گوتم ده‌ڕۆین، چه‌ند زۆریان لێ كردم گوتم زۆر سوپاس ده‌ڕۆیین. ڕۆیشتین، له سێ ده‌رگامان دا نه‌یانكرده‌وه. تا گه‌یشتینه به‌ر ماڵێك ماتۆڕسیكلێكیان له‌به‌ر ده‌رگا ڕاگرتبوو، سۆزان ئیشاره‌تی بۆ كردم به‌ڵكوو به‌م ماتۆڕه یارمه‌تیمان بده‌ن، له ده‌رگام دا. كچێكی كه‌مئه‌ندام كردییه‌وه، چوو دایكی بانگ كرد. چووینه ژووره‌وه و زۆپای داریان بۆ گه‌رم كردین. ژنه‌كه لێی پرسیم: كچه‌كه‌م چیرۆكی تۆ چییه؟ گوتم ئێزدیم و هه‌ڵاتووم و خه‌ڵكی شنگالم.
كوڕه‌كه‌یان هه‌ڵی دایه گوتی: من شۆفێری تاكسیم به‌داخه‌وه دوێنی ترۆمبێله‌كه‌م فرۆشت ده‌نا یارمه‌تیم ده‌دان. ئه‌ڵبه‌ت له ڕۆژی گیرانه‌كه‌مه‌وه من سێ ملیۆن دیناری عێراقیم له‌نێو جله‌كانمدا شاردبووه‌وه هه‌ر پێم مابوو. گوتم: چه‌ند ده‌ڵێن شۆفێرێك بۆ بدۆزنه‌وه بمگه‌یه‌نێته شاری باب.
ئاخری شۆفێرێكیان بۆ دۆزیمه‌وه كه داوای سێ ملیۆن و ملوانكه‌ی كچه‌كه‌می كرد تا بمانگه‌یه‌نێت. منیش ناچار ڕازی بووم. كاتێك گه‌یشتینه باب و له‌وێوه بۆ سنووری توركیا، ته‌نیا سه‌د هه‌زار دیناری عێراقیم پێ مابوو. كه داخڵی توركیا بووین، ئیدی ترس نه‌ما، هه‌رچۆنێك بوو به‌و پاره‌یه و به هاوكاریی خێرومه‌ندان گه‌یشتمه سلۆپی و له‌وێشه‌وه بۆ خاڵی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل.
كاتێك گه‌یشتینه لای پێشمەرگە و ئاساییش/ یه‌كێكیان داوای به‌ڵگه‌نامه‌ی لێ كردم. گوتم: هیچم پێ نییه، چونكه من شنگالیم و له مینجه‌وه له ده‌ستی داعش ڕامكردووه، پێشمه‌رگه‌كه به خۆشییه‌وه هاواری كرد: به‌خێر بێنه‌وه خوشكی به‌ڕێز، پێڵاوی ئه‌و كچه‌ت ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی داعش دێنێت.. فه‌رموون.
تعليقات