دەلال ئەو ھاووڵاتییەی ئێزدی لەگەڵ ھاوژینەكەی لە ساڵی 2014 كاتی پەلاماری داعش لە شنگال بوو، بەڵام توانی خۆی رزگار بكات و پێشی وایە ئێدی لە عێراق ھیچ ئایندەیەكی نییە و بڕیاری رویشتنی بۆ ئەمریكادا.
بەڵام ترەمپ ئەو خەونەی دەلال لەبار برد، كاتێ كە بریارەكەی دژی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی 7 وڵاتی بە زۆرینە موسڵمانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لەوانە عێراق دەركرد.
دەلال كە ناوێكی خوازراوە بە كەناڵی CNN رایگەیاند: "ھاوژینەكەی بو ماوەی چەندین ساڵ وەك وەرگێر لەگەڵ سوپای عێراق كاری كردووە و پاشان ڤیزای تایبەتی ئەمریكا بۆ كۆچبەری وەرگرت و رۆژی شەممە 28 كانوونی دووەم لە رێگە دابووین بەرەو ئەمریكا".
دەلال نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا پیشان دەدات، كە لە فڕۆكەخانە (ھەولێر) پێی دراوە و ھۆكاری رێگەپێنەدانی بۆ رویشتن بۆ ئەمریكا تێیدا باسكراوە.
دەلال كە بە زۆری بە تەنیا دەژیت گلەیی ئەوە دەكات و دەڵێت: "چۆن ئەو كەسەی خۆی بە سەرۆكی جیھانی ئازاد دەزانێت، ھیچ ھاوسۆزییەك لەگەڵ ئازاری ئەوان نییە".
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رۆژی ھەینی رابردوو 27 كانوونی دووەم بۆ ماوەی سێ مانگ (90 رۆژ) پێدانی ڤیزە و رێگەپێدان بە ھاتنی ھاووڵاتیانی ھەر یەك لە سوریا، ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن ھەڵپەسارد.
ھەروەھا بۆ ماوەی چوار مانگیش (120 رۆژ) وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەو 7 وڵاتە ھەڵپەسارد، تا ئەوكاتەی یاسایەكی گشتگیر دەردەچێت.
پێشتر وا بڵاو كرابووەوە بڕیارەكەی ترەمپ كەمایەتییە ئاینییەكانی ئەم 7 وڵاتە ناگرێتەوە، بەڵام لە فڕۆكەخانەكان رێگە بەم خێزانە ئیزدییە و دوو خێزانی كریستیانی نەدرا بچنە ئەوروپا.
تعليقات