پاپا دوعا بۆ كچەكا سترانبێژا ئێزدى دكه‌ت

رووداو- مۆسكۆ
سڤێتلانا كاسیان دەگێڕێتەوە كاتێك منداڵ بووە، هەر جارێك لەگەڵ دایكی بە بەردەم شانۆی بۆلشۆیدا  تێپەڕیوە، لە دایكی پرسیوە تۆ بڵێی لێرە بخوێنم؟ خەونی سڤێتلانا لە تەمەنی 25 ساڵیدا هاتەدی و چووە سەر سەكۆی شانۆی بۆلشۆی و گۆرانیی ئۆپێرای پێشكەش كرد. ئێستا نەك بۆلشۆی، سەكۆی شانۆی زۆر وڵاتی دیكە دەرگایان بۆ ئەو كچە كوردە كردووەتەوە.

بۆلشۆی لە زمانی رووسیدا بە واتای "مەزن" دێت. شانۆی بۆلشۆی، گەورەترین شانۆی ئۆپێرا و بالێی رووسیایە. یەكێكە لە ناودارترین سەكۆكانی شانۆی جیهانی. شانۆی بۆلشۆی لە سەدەی هەژدەوە، تاوەكو ئێستا بەبێ پچڕان، میوزیك و گۆرانیی ئۆپێرا پێشكەش بە رووسەكان و مێوانەكانیان دەكات.

ئەم سەكۆیە، بەردەوام هونەرمەندی بەناوبانگ و گەورەی لەسەر بینراون. ئەوان هەم ئاستی هونەری رووسی، هەمیش زەوقی بینەرانی رووسیان بەرز كردووەتەوە و بە سەدان هونەرمەند لە رێگەی بۆلشۆوە نێویان كەوتووەتە مێژووی هونەری جیهانی. ئێستا كچە كوردێك لەسەر سەكۆی ئەو شانۆیە گۆرانیی ئۆپێرا دەڵێت كە دەنگەكەی بە ماوەیەكی كەم سنووری رووسیای تێپەڕاند.

سڤێتلانا كاسیان، كچە كوردێكی ئێزدییە، یەكەمجار لە ساڵی 2010 چووەتە سەر سەكۆی شانۆی بۆشلۆی، بەڵام لە ساڵی 2011ەوە لە سەكۆی شانۆی بۆلشۆی بەشی سەرەكیی ئۆپێرا "" Toskaی جاكۆمۆ پۆچینی دەخوێنێ.

میدیاكانی رووسیا دەنگی سڤێتلانا بە "دەنگە هیوابەخشەكەی جیهان" ناو دەبەن، بەڵام هیواكەی سڤێتلانا ئەوەیە رۆژێك بێت لە كوردستان، هونەرەكەی پێشكەش بە گەلەكەی خۆی بكات.

سڤێتلانا كاسیان لە شاری باتومی لە جۆرجیا، لە بنەماڵەیەكی كوری ئێزدی لەدایك بووە، بەڵام ئەو هێشتا تەمەنی نۆ ساڵان بوو كە بەهۆی ئەو شەڕەی وڵاتەكەی گرتبووەوە، خێزانەكەی كۆچیان كرد بۆ كازاخستان.

حەزی سڤێتلانا بۆ ئۆپێرا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی. ئەو بە (رووداو)ی گوت "من كچێكی بچووك بووم، كاتێك بە بەردەم شانۆی بۆلشۆی (Teatra Bolşoy) تێدەپەڕین، بە پەنجەكانم ئاماژەم بۆ دەكرد، لە دایكمم دەپرسی دەمەوێت لێرە بخوێنم. لە تەمەنی 25 ساڵیدا چوومە شانۆی بۆلشۆی و من ئێستا زۆر سەربەرزم كە لەسەر سەكۆی شانۆی وڵاتاندا نوێنەرایەتی گەلەكەم دەكەم و هونەرێكی مۆدێرن  پێشكەش دەكەم".

كاتێك (رووداو) سەرقاڵی ئامادەكردنی فیچەرێك بوو لەسەر ژیانی ئەو كچە كوردە، ئەو خەریكی پرۆڤە بوو بۆ پێشكەشكردنی بەرهەمێكی نوێ‌. سڤێتلانا لەو بەرهەمەدا رۆڵی پەریی دەریای دەبینی. ئەو گوتی "ئەمڕۆ رۆڵی سەرەكی دەبینم. رۆڵێكی سەخت، رۆڵی پەریی دەریا بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە. هەر بۆیە زۆر دڵشادم".

لە ئۆپێرادا وەرگرتنی رۆڵی سەرەكی وا بە سانایی بە نسیبی هەموو كەسێك نابێت، بەڵام سڤێتلانای كورد تەنیا لە بۆلشۆی نا، بەڵكو لە گەورەترین هۆڵەكانی ئەوروپادا، ئەوانەی وەك تۆرین، ڤەنەدیك و سەكری، بەوپەڕی بوێرییەوە لە بەردەم هۆگرانی ئۆپێرادا دەوەستێ‌.

ساڵی 2013، سڤێتلانا لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا سۆلۆ كۆنسێرتێك پێشكەش دەكات، هەر هەمان رۆژ پاپای ڤاتیكان داوەتی ئەو كچە كوردە دەكات. سڤێتلانا ئەو رۆژە بە رۆژێكی لەبیرنەكراوی خۆی وەسف دەكات و دەڵێت "دیدارێكی زۆر خۆش بوو. دوای كۆنسێرت پاپا منی داوەتی ڤاتیكان كرد. بینینی پاپا كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر من  هەبوو، چونكە ئەو مرۆڤێكی زۆر نورانیە. ئەوەی سەرنجڕاكێش بوو ئەوە بوو كە بوومە یەكەمین سترانبێژی ئۆپێرا پاپا نزای خێری بۆ بكات و داوای كرد تەنیا گۆرانی بۆ خێر و ئاشتی بڵێم".

ساڵی 2011، سڤێتلانا لە چین خەڵاتی یەكەمی پێنجەمین پێشبڕكێی نەتەوەیی سترانبێژانی بەدەستهێنا. دیسان هەمان ساڵ، لە شاری باری لە ئیتاڵیا خۆی لە نۆیەمین سەمفۆنیای بتهۆڤن تاقیكردەوە.

سەرگەی نۆڤیكۆڤ، دەرهێنەری ئۆپێرا لە شانۆی بۆلشۆی، زۆر پەسنی ئەو كچە كوردە دەدات و دەڵێت "لەسەر سەكۆی شانۆی بۆلشۆی، كەسانی وەك سڤێتلانا كەمن كە هەم لە ئاستی ئیدیەلدا گەنج بێ و هەم بە دەنگ هێندە دەوڵەمەند بتوانێت هۆڵی شانۆ پڕ بكات".

یەكەم مامۆستای میوزیكی سڤێتلانا، دایكێتی. سەدا خانم هەر لە تەمەنی منداڵیی سڤێتلانادا هەستی بە دواڕۆژێكی رووناك بۆ كچەی كردووە. بەبێ پشتیوانی دایكی، بۆ سڤێتلانا كارێكی ئەستەم بوو بگاتە ئەو قۆناغە، وەك دایكێك كە منداڵێكی بچووكی هەیە، بتوانێت هێندە بە ئاسوودەیی پرۆڤە بكات و بە هەفتە دوور بێت و لە دەرەوەی وڵات بێت.

دایكی سڤێتلانا كاسیان ماوەی 40 ساڵ مامۆستای میوزیك بووە. كتێبی وانەكانی میوزیكیشی نووسیوە. ئەمڕۆ لە چەندین قوتابخانەی كازاخستان كتێبەكانی دایكی سڤێتلانا دەخوێندرێن، بەڵام گەیاندنی منداڵەكانی بۆ ئاستێكی بەرز بۆ ئەو كارێكی هێندە ئاسان نەبووە.

سەدا خانم دەڵێت، میوزیك و ستران، بەشێكی ژیانی كوردەواریی ئەوان بووە و ئەو ئێستاشی لەگەڵدابێت، سەردولكەی كوردەواری دەڵێت.

سڤێتلانا كاسیان، هەنگاو بە هەنگاوی هونەری ئۆپێرا دەبڕێت، بەڵام خۆزگەكانی زۆرن، بۆیە هێشتا خۆی لە سەرەتای رێچكەی هونەری ئۆپێرادا دەبینێ‌.

تعليقات

المشاركات الشائعة