ماستەرپلانا ئاڤەدانکرنا شنگالێ ته‌مام بوو

رووداو- دهۆک

پڕۆژەی ماستەرپلانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال ئامادەکراوە، پڕۆژەكە ناوی "بنیاتنانی شنگالێكی نوێ"یە و پێشكەشی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا كراوە، خەڵکی قەزاكەش چاوەڕێن شنگالێکی نوێیان بۆ بنیات بنرێ و شنگالیش وەک رەمزی قارەمانیەتی بمێنێتەوە.

ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ماستەرپلانی ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال دانراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەکی باش قەزاكە ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حەوت هێزی چەكداری جیا لە ناوچەكەدان، تاوەكو ئێستا بە پراكتیكی هەنگاوی بۆ نەنراوە.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی ماستەرپلانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەمێکە کاری بۆ کراوە و تەواو بووە، ئەوان بۆ دیزانیکردنی شنگالێكی نوێ لەگەڵ تیمێك لە ئەندازیارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەتەوە.

لەبارەی ماستەرپلانەکەش پەیامنێری رووداو باسی لەوە كرد، بەرپرسانی ئیدارەی شنگال لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە، بۆ ئەوەی دەست بە ماستەرپلانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکرێت، ئەو پرسەش گەیێندراوەتە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی ئەوەی 80% ی شنگال وێرنبووە، پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەکە بەناوی بنیاتنانی شنگالێکی نوێ ئامادەکراوە و پێشكەشی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا كراوە، خەڵکی ناوچەكەش چاوەڕێن شنگالێکی نوێیان بۆ دروست بکرێت و شنگالیش وەک رەمزی قارەمانیەتی بمێنێتەوە.

رۆژی 3-8-2014 داعش هێرشیكردە سەر شنگال‌ و دەوروبەری و كارەساتی خوڵقاند، گەنج و پیاوی كۆمەڵكوژكردن و ژن و كچ و منداڵانی بردن، ئەوان كرانە كۆیلە و كڕین و فرۆشتنیان پێكرا، سەدان هەزار كەسیش ئاوارە بوون.

لە مانگی 12 ی ساڵی 2014 دا، بەشێکی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال لەدەستی داعش دەرهێندران، بەڵام سەنتەری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری تاوەكو مانگی 11 ی ساڵی 2015 هەر لەدەستی داعشدا بوون، ئەوكات لە ئۆپەراسیۆنێكی دوو رۆژیدا بەسەربەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان كۆنترۆڵكرانەوە.

دوای دوو ساڵ و نیو، تاوەكو ئێستا شنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە و وێرانەیە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزب و لایەنەكان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت لەسەر بەپارێزگاكردنی شنگال دەكەنەوە.

ساڵی 2016، لە ساڵڤەگەڕی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کرد"شنگال وەکو یادگارییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بزانن چ بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە و لە تەنیشت شنگال شارێکی نوێ بۆ شنگالییەکان دروست بکرێت".

تعليقات