شێخ شامۆ:ئەوێن چووينه‌ ئيرانێ نوونەرێ کوردێن ئێزدی نینن

هەولێر-KDP.info- 
 (شێخ شامۆ) نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەو کەسانەی بەناوی نوێنەرایەتی کوردانی ئێزدی خۆیان ناساندووە و سەردانی ئێرانیان کردووە نوێنەری کوردانی ئێزدی نین. دەشڵێ، بە فەرمیی (بابەشێخ) و (میر تەحسین بەگ) رەتیانکردووەتەوە کە ئەو چوارکەسە نوێنەری کوردانی ئێزدی بن.

(شێخ شامۆ) نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو چواركەسەی خۆیان كردووەتە نوێنەری كوردانی ئێزدی و چوونەتە وڵاتی ئێران ئەوە بۆ كارێكی هەواڵگەری بووە و هیچ پێوەندییەكی بە كوردانی ئێزدییەوە نییە و مللەتی ئێزدی ئەوانە بەنوێنەری خۆیان نازانێت، چونكە ئەمانە بەشێكن لە حەشدی شەعبی و پەكەكەش هانیان دەدات بۆ ئەوەی كێشە بكەوێتە نێو كوردانی ئێزدی و دەیانەوێ دەڤەری شنگال بكەوێتە چوارچێوەی ئەو هیلالە شیعییەی لە ناوچەكەدا جێبەجێ دەكرێت، لەبەر ئەوەی لە هیچ دەزگایەكی شەرعی و یاسایی نوێنەرایەتییان وەرنەگرتووە و  تەنها سێ چوار كەسێك بێ ئەوەی كەس بیانكات بە نوێنەری خۆیان بەناوی كوردانی ئێزدی كەسابەت دەكەن.

(شامۆ) دەشڵێ، من پشتگیری قسەكانی (بابەشێخ) سەرۆكی ئەنجوومەنی رووحانی كوردانی ئێزدی و (میر تەحسین بەگ) میری ئێزدیان دەكەم لەوەی وەڵامی ئەو چوار كەسەیان داوەتەوە كە خۆیان وەك نوێنەری كوردانی ئێزدی دەناسێنن، مللەتی ئێمە رەش و سپی لێكجیا دەكاتەوە و دەشزانێ كێ نوێنەری ئەوانە و كێ لە بەرژەوەندی كوردانی ئێزدی دایە، ئەو رۆژەش بەسەرچووە کە خەڵکێک بێت و خۆی بکات بە نوێنەری کوردانی ئێزدی.

(شێخ شامۆ) ئاماژەیشی دا، هەرێمی كوردستان بە حكوومەتی خۆمان دەزانین و ئەگەر هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان نەبوایە لەو كارەساتانەی بەسەر گەلی ئێزدی دا هاتوون كێ هاوكار و بەرگری لێدەکردین، (سەرۆك بارزانی) چەندین جار ئەوەی دۆپاتكردووتەوە دەبێت مللەتی ئێزدی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ئێمەش خۆمان بە بەشێك لە هەرێمی كوردستان دەزانین و رێگە نادەین بەناوی كوردانی ئێزدییەوە یاری بە پاشەرۆژمان بکرێ.

تعليقات