كوردانی ئاواره‌ی ئێزدی له رواندز ئه‌مساڵ هیچ بڕه سووته‌مه‌نییەكیان پێنه‌دراوه. ئه‌وان ده‌ڵێن، حكومه‌تی عێراق به‌شه‌خۆراكی مانگانه و سووته‌مه‌نیان پێنادات.
له‌كاتێكدا به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی سۆران ده‌ڵێت، له مانگی 10ـەوە بەغدا به‌شه نه‌وتی ئاواره‌كانی ناردووەته سنووره‌كه.
كوردانی ئێزدی ئاواره له رواندز له بری سۆپا به خواردنه‌وه‌ی چا جه‌سته‌یان گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه، له ژووره‌كه‌شیاندا ئاوی باران به دیواره‌كانیاندا دێته خواره‌وه.
له ده‌ڤه‌ری سۆران سێ هه‌زار خێزانی ئاواره هه‌ن، 250 خێزان كوردانی ئێزدین، ئاواره‌كان له چوار كه‌مپ نیشتەجێ كراون.
ئاواره‌كانی ئه‌و كه‌مپه‌ی رواندز له به‌ر سه‌ختی وه‌رزی زستانی ناوچه‌كه، ره‌وشێكی خراپ تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن. ئەوان له ژووره سارد و سڕه‌كانیان بێ سۆپا شه‌و و رۆژ ده‌كه‌نه‌وه.
لە بەرامبەردا ئاوارە عەرەبەكانی ناوچەكە وەك خۆیان دەڵێن، ئەمساڵ دووجار نەوتیان وەرگرتووە.
عه‌باس ئه‌میر، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی سۆران دەڵێت "عێراق نه‌وتی بۆ ئاواره‌كان ناردووه، به‌ڵام له پارێزگای هه‌ولێر گوتیان دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی سنوری رواندز كاری ئێمه‌یه و كۆچ و كۆچبه‌ران نابێت دابه‌شی بكات، بۆیە تاوەكو ئێستاش نه‌وتیان پێنه‌داون".
ئیحسان كامل، ئاواره‌ی عه‌ره‌ب لە رواندز دەڵێت "دوو جار یان زیاتر نه‌وتمان وه‌رگرتووه، هاوكاری دیكه‌شمان له‌ڕێگه‌ی رێكخراوه خێرخوازییه‌كان پێگه‌یشتووه".
قائیمقامی رواندز رایدەگەیێنێت، لەم هەفتەیەوە دەستدەكەن بە دابەشكردنی سووتەمەنی.
كوێستان ئه‌حمه‌د، قائیمقامی رواندز دەڵێت "هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌ست ده‌كه‌ین به دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی بۆ هه‌ر سێ كه‌مپی كوردانی ئێزدی، كه تاوەكو ئێستا دوو جار سووته‌مه‌نی بۆ ئاواره‌كان هاتووەته ناوچه‌كه".
تعليقات