ئەیاد كاكەیی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان و یەكێك لە پارێزەرانی داكۆكیكار لە كەیسەكانی كیمیاباران و ئەنفالی گەلی كوردستان لە دادگەییكردنی سەدام حوسێن و سەرانی رژێمی پێشووی عێراق، لە دیدارێكی رۆژنامەی "وشە"دا دووپاتی دەكاتەوە كە لە دەرەوەی ئەندامبوونی عێراق لە دادگەی باڵای تاوانەكان، دەتوانرێت سكاڵا لەسەر تاوانەكانی دژ بە ئێزیدییەكان بجووڵێنرێت.
كاكەیی كە یەكێك لەو پارێزەرانەیە كار لەسەر تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستان دەكات، پێی وایە، كارەكانی لیژنەی بەدواداچوونی تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزیدییەكان، بەپێی پێوەرەكانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
ئایا دەكرێت تاوانەكانی داعش بەرامبەر بە ئێزیدییەكان بە جینۆساید بناسێنرێن؟
هەموو ئەو تاوانانەی داعش بەرامبەر ئێزیدییەكانی كردووە، هەر ئەو كردەوانەن كە لە پێناسەی جینۆساید لە یاسای دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی هاتوون و ئەگەر سەیری تاوانەكانی بەرامبەر بەئێزیدییەكان بكەین، هەمان ئەو تاوانانەیە كە یاساكە بەتاوانی داناوە لە كوشتن و بڕین وسووتاندن و ئەتككردن و كوشتن و قڕكردن بەمەبەستی نەمان و لەناوبردن، واتە تاوانەكان مەبەستی تایبەتی تێدابووە كە لەناوبردن بووە. تاوانەكان جگەلەوەی جینۆسایدن،هاوكات تاوانی جەنگی و دژەمرۆڤیشن، بەڵام كێ دەڵێ جینۆسایدە؟ دەبێت بڕیارێكی دادگەیی هەبێت كە بەداخەوە نە لەكوردستان و نە لە عێراق دادگەیەكی وەها نییە، چونكە لەعێراق تاوانەكە هەیە، بەڵام یاسایەك نییە، بۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت سەرنجی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەمە رابكێشرێت.
چۆن دەڕواننە پرسی كۆكردنەوەی بەڵگەی تاوانەكانی داعش، ئایا بەڕێكاری یاسایی دروست بووە؟
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی2014 لیژنەی باڵای بەجینۆناساندنی تاوانەكانی داعشی دامەزراند، ئەو لیژنەیەدەستەیەكی لێكۆڵینەوەیدروست كردكە لە دادوەرێك و ئەندامێكی داواكاری گشتی و بنكەی پۆلیس پێكهاتووە و ئێمەش وەك سەرۆكی ژووری پارێزەرانی هەولێر ئامادەی كارەكانی ئەو دەستەیەبووین،بۆ ئەوەی بەڵگە كۆبكەینەوە و پشكنینی شوێنی رووداو بكەین، هەموو رێوشوێنە یاسایییەكان گیراونەتەبەر و بەڵگەی پێویست هەیە و لێكۆڵینەوەكان بە پێوەری یاسای نێودەوڵەتی كراون تا بتوانین كار لەسەر ئەوەبكەین لەرێگەی داواكاری گشتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، ئەو كەیسە لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بجووڵێنین یان ئەگەر ئەوەش نەكرا، لە ئایندەدا دادگەیەكی تێكەڵ هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دروست بكرێت و بەڵگەكان پێشكەش بە دادگە بكرێن.
لەكاتێكدا باس لە بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە ئێزیدییەكان دەكرێ، بەڵام هەندێك دەڵێن تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران دوای ساڵانێكی درێژ ئەنجامیان نەبوو؟
نەخێر، ئەنجامی هەبوو، باشترین بەڵگە دادگەی تاوانی عێراقی كە لەسەر ئاستی ناوخۆییدادگەیەكی گەورەیە، بڕیاری لەسەر ئەوەدا تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارن جینۆسایدە و تەعریب و كۆچپێكردنی بەتاوان هەژماركردووە و سەركۆنەی بەعسی كردووە و سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقیش مەرسوومی لەوبارەیەوە دەركردووە.
ئایا تا بە ئەندامبوونی عێراق لە دادگەی باڵای تاوانەكان، هەرهەوڵێك بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستان بێهوودە نییە؟
راستە عێراق ئەندامی ئەو دادگەیە نییە، بەڵام زۆر كێشەی هاوشێوە لە لیبیا و لبنان هەبووە، بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیپابەند كراوە سەیری بكات و بڕیاریشی لەسەرداوە، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە عێراق وڵاتێكی دواكەوتووە و لەزۆر لایەنی مافی مرۆڤەوە پێشلكاریی دەكات، بۆیە توانای فشاری نییە،كێَشەكە پێوەستە بە نەبوونی ویستێكی سیاسی كە زۆرجار ویستە سیاسییەكە لەسەرووی پرسە یاسایییەكانەوەیە. بەگرتنی دیلێكی داعش دەتوانرێت وابكرێت دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بڕیار لەسەر تاوانەكانی داعش بدات، بەڵام ئایا وڵاتان بەوە رەزامەندن؟ چونكە ئەو وڵاتەی خاوەن رەگەزنامەی دیلەكەیە، بەرپرسیاریەتی یاسای دەكەوێتە ئەستۆ.
پاش دادگەییكردنی سەدام و سەرانی بەعس، بڕیاردان لەسەر تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران، بڕیار لەسەر قەرەبووكردنەوەی هەندێك قوربانی درا، بەڵام هیچ قەرەبوویەك وەرنەگیرا، بۆچی؟
لە ساڵی 2008دا لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك دامەزرا تا لە رێگەی دادگەی تایبەتمەندەوە بەمەبەستی قەرەبووكردنەوە بڕیار بدات، پاش ئەوەی داوا لەسەر نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق و وەزارەتی دارایی بەرز كرایەوە، بەو پێیەی ئەوان میراتگری حكوومەتی پێشووی عێراقن، دادگە بڕیارەكانی قەرەبووكردنەوەی دەركرد، ئێمە لێرەوە بڕیارەكانمان بردە فەرمانگەی جێبەجێكردنی بەغدا، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق نەچووە ژێر ئەو بارە و پێشێلی یاسای كرد، هەر ئەوەشە كە عێراق لەدیدی وڵاتانی دەرەوە بە چاوێكی ناسروشتییەوە سەیر دەكرێت.
پێتان وانییە حكوومەتی هەرێم لە فشار خستنەسەر حكوومەتی عێراقی بەتەواوەتی كەمتەرخەمە؟
بەداخەوە ئەوەی لەسیستەمی سیاسیی عێراق دەگوزەرێت، بەغدا هێشتا ناوەندییانە حوكمڕانی دەكات و ئەو فیدراڵییەی لە عێراق هەیە، نموونەیەكی باش و سەركەوتوو نییە، بەڵگەش بۆ ئەوە لەجیاتی ئەوەی پێوەندی هەرێم و بەغدا دۆستانە بێت، زیاتر پێوەندییەكی دوژمنانەیە. پێم وانییە هەرێم توانایەكی وەهای هەبێت، چونكە قەوارەیەكی یاسایی ئاوای نییە، ئەوەی هەیە نەوتەكەیە كە دەكرێت وەك جۆرێك لە فشار سەیربكرێت.
رۆڵی رەوەندی كوردی لە دەرەوە لەمەڕ پرسەكانی ئەنفالو جینۆساید چۆن هەڵدەسەنگێنرێ؟
رەوەندی كوردی لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا چ ئەوەی سەربەخۆیە یان لە ناو پارتێكی سیاسی كاردەكات، رۆڵێكی باشیان هەبووە بۆسەرجەم كەیسەكان و خەمخۆرانە ئاوڕیان لەدۆزەكە داوەتەوە و شایانی رێزن، سەرەڕای ئەوەی خەرجییەكی زۆر بۆ پشتگیری و پێشكەشكردنی بەڵگە بە دادگەن پێویست بووە، بەڵام ئەوانە خۆنەویستانە ئەركەكانیان جێبەجێ كردووە.
تعليقات