باليۆزا نيازپاكييێ پەیامه‌كێ ئاراستەی سەركردێن جیهانێ دكت

باسنيۆز:
نادیە موراد باڵوێزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانەی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا وتارێكی پێشكەش كرد و رووی كردە سەركردەكانی جیهان و گوتی ژیان تەنیا بۆ ئێوە و خانەوادەكانتان دروست نەكراوە.

نادیە موراد لە وتارەكەیدا گوتیشی؛ من یەكێكم لە رزگاربووانی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و ئێستەش پەنابەرم، من كچێكی گوندنشین بووم، ژیانم پڕ بوو لە ئازادی و خەون. لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی كرام بە سەبایە، كاتێك داعش هێرشی هێنایە سەرمان دەستیان بە كوشتنی پیاوەكان و بەسەبایەكردنی ئافرەتان كرد، دایكم و زیاتر لە 800 ئافرەتیان كوشت، لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون بە بەندایەتی، هەروەها شەش براشیان كوشتم.

باڵیۆزی نیازپاكی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتیشی ئێستە زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە لەژێر بارێكی سەختدا لە هەرێمی كوردستان دەژین و دەڵێ كاتێك لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە پەڕیەوە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا؛ هەوڵم دا كە ئەو كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزیدیدا هاتووە بگەیەنم بە جیهان و هەروەها یارمەتی پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپا بدەم.

نادیە موراد پەیامێكی ئاراستەی سەركردەكانی جیهان كرد و داوای كرد كە شەڕ رابگرن و هیوایەك ببەخشن بە ژیانی میللەتانی ژێر دەستە و پێویستە كۆتایی بەشەڕ بهێنرێ، پێویستە ئەوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە بیانهێنینە بەردەم دادگا، گرووپە تیرۆریستییەكانی وەكو داعش و بۆكۆحەرام، ئەوان هۆكاری سەرەكین بۆ ئاوارەبوونی ملیاران كەس، پێویستە كۆتایی بەو دڕندانە بهێنرێ و ئێستە كاریان لەسەر بكرێت، نەك چەند ساڵێك چاوەڕێی دانوستاندنی بێ ئاكام بكەین.

باڵیۆزی نیازپاكی لە نەتەوە یەكگرتووەكان رووی كردە سەركردەكانی جیهان و گوتی، ژیان تەنیا بۆ ئێوە و بۆ خێزانەكانتان دروست نەبووە، ئێمەش ژیانمان دەوێت و مافی خۆشمانە ئەو ژیانەمان هەبێت.