دماوێ دوو سالێن بۆرى دا 15 هەزار زارۆكێن ئێزدی ژدایكبووينه‌

ئێزديخان نيوز:

كوردی ئێزدی بە پێداگرییەكی زۆرەوە بەرگری لە مانەوەی كۆمەڵگەی خۆیان دەكەن تەنانەت ئەو كاتانەش كە بەر گەردەلوولی بەهێزی وەك ئەوەی 3ی ئابی 2014ش دەكەون.

ئامارێكی تەندروستیی دهۆك دەریدەخات كە ئێزدییەكان لە دوو ساڵی رابردوودا، سەرەڕای ئاوارەیی و پەرتەوازە بوون، سێ‌ ئەوەندەی ئەو كەسانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، وەچەیان خستووەتەوە.

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی تەندروستیی دهۆك، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 21 هەزار و 423 منداڵ لە كەمپی ئاوارەكان لەدایكبوون كە 15 هەزار منداڵیان هی كوردی ئێزدین. ئەمەش دەكاتە نزیكەی سێ‌ ئەوەندەی ژمارەی ئەو كەسانەی كەوتوونەتە دەستی داعش.

رۆژی سێی ئابی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری، ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ئێزدی لە ژن و پیاو و منداڵیان بە بارمتە گرت. بەپێی ئامارەكان نزیكەی 6000 كوردی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنراون و تاوەكو ئێستاش زیاتر لە 3500یان لە دەستی ئەواندا ماون.

سەرەڕای ئەو كۆستە گەورەیە و بەسەربردنی ژیان لەژێر خێوەتی ئاوارەییدا، بەڵام ئەوە كوردی ئێزدی لە خستنەوەی منداڵ سارد نەكردووەتەوە.

ماریا ژنێكی كوردی ئێزدی تەمەن 40 ساڵە، دوای كارەساتی شنگال ئاوارەی دهۆك بووە و ئێستا لە كەمپێكی ئەو شارە دەژی.

 ماریا لە ئاوارەییدامنداڵێكی بووە و ئێستاش دووگیانە. ئەو ژنە گوتی "لە خێزانی ئێمە شەش  كەس كەوتنە دەستی داعش، هەتا ئێستا سێ لەوان بێسەروشوێنن، بەڵام لەوكاتەوەی ئاوارە بووین، لە خێزانی ئێمە چوار منداڵ هاتوونەتە دونیاوە".

ماریا بەرلەوەی ئاوارە ببێ‌، پێنج منداڵی دیكەی بووە، بەڵام دڵی بەو منداڵە زۆر خۆشە كە لە ئاوارەیی لەدایك بووە و دەڵێت "وا هەست دەكەم یەكەمین منداڵمە، چونكە ئەو منداڵە شوێنی یەكێك لەو سێ‌ كەسەمان بۆ دەگرێتەوە كە لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێنكراون".

ماریا وەكو تەحەددایەك بەرامبەر داعش دەڵێت "كەس ناتوانێت ئێزدییەكان لەسەر زەوی بسڕێتەوە، ئەگەر یەكێكمان لێ‌ بكوژن، سێ‌ منداڵی دیكە لەجێی ئەو لەدایك دەبن". 

حەمزە رەزیكی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دهۆك، وردەكاریی ئەو ئامارەی منداڵبوونی كەمپی ئاوارەكانی دهۆكی دایە (رووداو) و گوتی "لەسەرەتای مانگی ئابی 2014 تاوەكو سەرەتای ئابی 2016 لە سنووری پارێزگای دهۆك 18995 منداڵی ئاوارەكان لە بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانەی منداڵبوون، لەدایك بوون. هەروەها 2428 منداڵی دیكە لەنێو كەمپەكان و لەژێر خێوەتەكان لەدایك بوونە كە كۆی گشتییان دەكاتە 21 هەزار و 423 منداڵ".

بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر شارەكانی عێراق و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان 650 هەزار كەس ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوون، پێش هێرشی داعش بەهۆی شەڕی سووریاوە نزیكەی 150 هەزار كەس لە رۆژئاوای كوردستانەوە  ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوون، ئێستا 800 هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆكن. 

بەپێی زانیارییەكانی رەزیكی، 70%ی ئەو منداڵانەی لە دایكبوون هی ئاوارەكانی كوردی ئێزدین. رەزیكی گوتی "بەپێی زانیاریی ئێمە لەو 21 هەزار منداڵەی لەدایك بوون، 15 هەزار منداڵیان هی ئاوارەكانی كوردی ئێزدین.
ژێده‌ر:رووداو

المشاركات الشائعة