راوێژكاره‌كێ نێچیرڤان بارزانی:هه‌تا نۆكه‌ 7 هه‌زار وه‌لاتيێن ئێزدی بێ سه‌روشوينن

ئێزديخان نيوز:
راوێژكارێكی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا حه‌وت هه‌زار هاوڵاتی ئیزدی بێسه‌روشوێنن و دوو هه‌زار و 600 هاوڵاتیشیان ئازادكراون، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفاكراوانی هه‌رێمیش ده‌ڵێت "تائێستا روپێوی بۆ 30 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزدییه‌كان كراوه‌".

حوسێن قاسم حه‌سۆ راوێژكاری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزیدییه‌كان تایبه‌ت به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "تائێستا له‌هیچ شوێنێك یاسایه‌ك ده‌رنه‌چووه‌ كه‌ كه‌یسی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان به‌ ره‌سمی  بناسێنێت، به‌ڵام بڕیاری سیاسی ده‌رچووه‌ له‌ په‌رله‌مانی وڵاتان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ جیۆسایدی ئێزدییه‌كان".

له‌باره‌ی بێسه‌روشوێنانی هاوڵاتیانی ئێزیدی، راوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتی "تائێستا حه‌وت هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئێزدی بێسه‌روشوێنن و دوو هه‌زارو 600 كه‌سیش رزگاركراون، كه‌ به‌شێك له‌وانه‌ بردراونه‌ته‌ ئه‌وروپاو به‌شێكی تریشی له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێكراون".

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ فوئاد عوسمان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "داعش هه‌ر شوێنێكی داگیركردبێت له‌و ناوچه‌یه‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامداوه‌، بۆیه‌ تیمی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی ئێزدییه‌كان تائێستا سێ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، له‌و گۆڕانه‌ 67 كه‌سی ئێزدی تێدابووه‌و دواتر نێژراونه‌ته‌وه‌".

وتیشی "له‌و ناوچانه‌ی داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر ئێزدییه‌كان و دوای ئازادكردنی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌ن، به‌ڵام تائێستا ته‌نیا رووپێوی بۆ نزیكه‌ی 30 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی تر كراوه‌".

دوو ساڵ پێش ئێستا چه‌كدارانی داعش شارۆچكه‌ی شه‌نگاڵ و زۆربه‌ی ناحیه‌كانی تری ناوچه‌كه‌یان داگیركردو به‌وته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێم و بیانی داعش له‌و ناوچانه‌ كۆمه‌ڵێك تاوانی دژ به‌ ئێزدییه‌كان ئه‌نجامداوه‌و به‌شێك له‌ ئێزدییه‌كانی بێسه‌روشوێن كردووه‌.

ژێده‌ر:دواڕۆژ

المشاركات الشائعة