به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕفێنراوانی ده‌ستی تیرۆریستانی داعش له شاری دهۆك ئاشكرای ده‌كات چەند كوردە ئێزدییەکی دیکەیان له ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کردووە.
(حوسێن قایدی) به ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئارمانجێکی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌كه‌مان ڕزگاركردنی ئه‌و كچ و ژن و كه‌سوكاری ئەو ئێزدیانەیە كه له ده‌ستی تیرۆرستانی داعشدان؛ دوێنێشهویش توانیمان چوار ئێزدییە كوردی دیکەیش له ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكه‌ین و، به سه‌لامه‌تی چوونەوە ناو كه‌سوكاری خۆیان له شاری دهۆك؛ چوار کەسەکە ئافره‌تێك و 2 منداڵۆکە و منداڵێکی 13 ساڵان بوون."
(قایدی) گوتیشی:" تا ئێستا 2632 كه‌س له ده‌ستی تیرۆرستانی داعش ڕزگار كراون؛ وه‌كو نوسینگه‌ی كاروباری ڕفێنراوان له هه‌وڵ و بزاڤی به‌رده‌وامداین بۆ ڕزگاركردنی خزم و كهسوكارە دیلەکانمان."