پرسا ب جینۆساید ناساندنا كوردێن ئێزدی تنێ رێكارێن یاسایى ماينه‌

ئێزديخا نيوز:
ئەندامێکی لێژنەی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی ئێزیدی رایگەیاند دۆسیەی کوردانی ئێزیدی و کارەساتەکانی شنگال تەنها لەڕووی یاساییەوە ماوە کە بە جینۆساید بناسێندرێت.

ئەندامی لێژنەی بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدییەکان، حسێن قاسم حەسوون کە هاوکات سەرپەشتیاری هەڵکەندنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند "بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دیکیۆمێنتەکانمان توانیومانە پشتگیری سیاسی بەدەست بهێنین بۆ بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەی کوردانی ئێزیدی. ئێستەش دوو لە گەورەترین دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی وەک پەرلەمانی ئەورووپا و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دانیان بە جینۆسایدی کوردی ئێزیدی ناوە، ئەوەی ئێستە پێویستە و ماوە بکرێت دان نانە لەڕووی یاساییەوە. ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک بەربەستەوە بووە و تا ئێستە لەڕووی یاساییەوە دان نەنراوە بە دۆسیەی کوردانی ئێزدی".

لەبارەی بەربەرستەکانیشەوە گوتی "یەکێک لە بەربەستەکان ئەندام نەبوونی عێراقە لە دادگای نێودەوڵەتی، ئاستەنگێکی تر ئەوەیە تاکو ئێستە ئەندامێکی پلە باڵای داعش دەستگیر نەکراوە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتی بێت".
حسێن قاسم حەسوون گوتیشی "ئەو بەربەستانە وا ناکات ئێمە لە کارەکانمان بوەستین، دەستمان بۆ رێگەچارەی دیکە بردووە کە ئەویش ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە کە داوا لە دادگای نێودەوڵەتی بکات کار لەسەر دۆسیەی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزیدی بکرێت. ئێستەش ئەو دۆسیە لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە رەوانەی دادگای نێودەوڵەتی کراوە و لە داهاتوودا لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکان دەکرێت و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت".

ئەو باسی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزیدی کرد و گوتی "لیژنەیەکمان هێناوە بۆ هەڵکەندەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەناوی لێژنەی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنان کە بۆ چۆنیەتی هەڵکەندنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان راهێنان دەکات، تا ئێستە زیاتر لە ٤٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵمان دۆزیوەتەوە و دوێنێش دوو گۆڕی بەکۆمەڵی نوێمان دۆزییەوە، یەکێک لە شنگال و ئەوەی دیکەیش لە دەرەوەی شنگال، دەیان شوێنی دیکەش هەن کە دوو کەس و چەند کەسی تێدا کوژراوە و نێژراوە".

ژێده‌ر:باسنيۆز

المشاركات الشائعة