80% ژئاخا شنگالێ هاتيه رزگاركرن
ئێزديخان نيوز: شنگال-KDP.info

(مەحما خەلیل) ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ـــ کە ئێستا خۆیشی لە شەڕەکەی شنگالدایە ـــ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا شەڕی پێشمەرگە و، چەکدارانی داعش لە شنگال بەردەوامە و، سەداهەشتای خاکی شنگال و دەوروبەری، لە تیرۆریستانی داعش پاک کراوەتەوە؛ هەقە دەزگا میرییەکانی ئەو جێیانە دەست بکەنەوە بە کاری خۆیان و، فەرمانبەران بچنەوە سەر کار، با ژیانی خەڵکیش ئاسایی ببێتەوە. وەکچۆن لە کۆبوونەوەکەی دوێنێیشدا باسمان کردووە، بڕیارە بەر لە هەمووشتێک مینپووچەڵکەرەکان بچن، تەڵەمینەکانی ئەو شوێنانە پووچەڵ بکەنەوە."
(مەحما خەلیل) کە کەسایەتیی دیاری ئێزدییەکانیشە گوتی: "داعش لە قەنناسبەدەست و نیشانشکێنەکانیان بترازێ کە هێشتا لە شنگالدا ماون، ئەوانی دیکەیان بەرەو سووریا ڕایانکردووە و، ھێزیان زۆر لاواز بووە؛ پلان دانراوە کە ھەموو خاکی شنگال و دەوروبەری، لە تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکرێت و، شەڕی ئازادکردنی شنگال بەردەوامە و، هاکا مژدەی سەرکەوتنی یەکجارەکیمان دا."
ئەو پەرلەمانتارەی جارانی عێراق، ڕایشیگەیاند: "لە بۆردومانەکانی دوێنێدا (ئەبو فارووق)ناوێک کوژراوە، کە ئەمیری داعشان بووە لە شنگال؛ بەو کوژرانە، داعشەکانی ناو شنگال ئەوەندەی تر دۆش داماون."