میرێ ئێزديان بۆ ئەڵمانیا: ئێزدیان ب نه‌چارى نه‌زڤرينن

 میرێ ئێزديان بۆ ئەڵمانیا: ئێزدیان ب نه‌چارى نه‌زڤرينن 
رووداو دیجیتاڵ 


میری کوردانی ئێزدی کە بە سەردانێک لە ئەمریکایە و دۆخی کوردانی ئێزدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ دەکات، پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا کرد و گوتی، ''ئێزدیان ناچار بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان مەکەن".

میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە نیویۆرک گوت، سەبارەت بە دۆخی کوردانی ئێزدی و شنگال، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

وەک میر حازم تەحسین بەگ دەڵێت، داوایان لە ئەمریکا کردووە هاوکار بێت بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؛ گوتیشی، ''ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی ئێزدیان دەربڕی".

میری کوردانی ئێزدی ئەوەشی خستەڕوو، لە دیدارەکاندا پێویستیی پتەوبوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کوردانی ئێزدی، عێراق و هەرێمی کوردستانیان خستووەتەڕوو و داوایان کردووە چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە.

لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، رێکخراوە پەڕگیرەکە کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون. 

بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون؛ 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون. 

میر حازم تەحسین بەگ لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ''نێچیرڤان بارزانی لە هاوکاریکردنی ئێزدیان درێخی نەکردووە و نزیکەی 3400 رفێندراوی گەڕاندووەتەوە، بەڵام هێشتا نزیکەی سێ هەزار کەس لە دەستی داعش ماون". 

وەک میری کوردانی ئێزدی گوتی، لە نیۆیۆرک سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکەن ''بۆ ئەوەی بزانین بە چی شێوەیەک دەتوانن هاوکار بن لە گەڕاندنەوەی خەڵکەکەمان. ئەوان 9 ساڵە لە کەمپەکاندا دەژین و لەوە زیاتر سەبریان نەماوە''.

میر حازم تەحسین بەگ ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لە هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە نەک تەنیا کوردانی ئێزدی بەڵکو پاڵپشتیی سەرجەم پێکهاتەکان دەکات و گوتیشی، ''رایانگەیاند لە هاوکاریی ئێزدیان بەردەوام دەبن و سەردانی هەرێمی کوردستان، عێراق و لالش دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی ئێزدیان تاوتوێ بکرێت''.

میری کوردانی ئێزدی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکان باسیان لەوە کردووە کە دوای نۆ ساڵ ئاوارەیی، پێویستە چارەسەرێک بۆ دۆخی کوردانی ئێزدی بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی 2020 واژۆکرا. بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە، دۆخی ئەو ناوچەیە سەقامگیر نییە و زۆربەی کوردانی ئێزدی ترسیان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان هەیە. 

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەڵمانیا کە گەورەترین دیاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا لێیە، لەسەر بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، چارەنووسی 31 هەزار هاووڵاتیی عێراقی تێدا روون نییە و رەنگە ناچار بە جێهێشتنی ئەڵمانیا یان گەڕانەوەیان بۆ عێراق بکرێن. 

میر حازم تەحسین بەگ لەوبارەوە پەیامێکی بۆ حکومەتی ئەڵمانیا نارد و گوتی، ''میللەتی ئێمە، گەلێک ستەمیان لێکراوە و جینۆسایدکراون. با خەڵکی ئێمە بە زۆر نەگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان و ئەو کارە بە ناچاری نەکرێت".

میری کوردانی ئێزدی دەشڵێت، تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا هاوکارییەکی زۆری کوردانی ئێزدی کردووە و نزیکەی 320 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین.

حازم تەحسین بەگ ئەوەشی خستەڕوو، ''کێشەی سەرەکیی ئێمە شنگالە؛ هەر کات ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، کێشەکانمان چارەسەر دەبن.''   

دەقی هەڤپەیڤینەکە 
رووداو: سەردانەکەت لە واشنتنەوە دەستپێکرد. لەوێ لەگەڵ کێ کۆبوویتەوە و نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانت چی بوون؟
میر حازم تەحسین بەگ: لە واشنتن بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکام بینین و دیدارم لەگەڵ بەرپرسی کۆشکی سپیش هەبوو. لەگەڵیان باسی دۆخی ئێزدیمان کرد و بەتایبەتیش دۆخی شنگالمان تاوتوێ کرد. 

رووداو: لەو دیدارانەدا هیچ بەڵێنێکتان پێدرا، بەتایبەت لەبارەی دۆخی شنگال چییان پێ گوتن؟
میر حازم تەحسین بەگ: دوای ئەوەی باسی دۆخی ئێزدییەکانمان کرد، من دۆخی شنگالم باسکرد و گوتم کە پێویستە خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە. ئەوانیش پێیان راگەیاندم کە ئامادەن پاڵپشتی ئێزدییەکان بکەن. پێشم گوتن حەزمان لێیە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئێزدییەکان و عێراق و کوردستانیش گەرم بن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ خەڵکەکەمان بدۆزینەوە کە ماوەی نۆ ساڵە لەنێو کەمپەکاندان و ئیتر تاقەتیان نەماوە.

رووداو: لە نیویۆرکیش لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکانت لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی چیتان کرد؟ 
میر حازم تەحسین بەگ: جارێکی دیکەش لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دۆخی ئێزدی و بەتایبەتیش باسی خەڵکی شنگالم کرد کە ئیدی لەوە زیاتر ناتوانن دان بە خۆیاندا بگرن. باسم لەوەکرد کە شەش هەزار و 400 کچی ئێزدی کەوتنە دەستی داعش. هەرچەندە کاک نێچیرڤان هەموو هەوڵێکی داوە و لەو ژمارەیە نزیکەی سێ هەزار و 400 کچی ئێزدی بۆ گەراندووینەتەوە، بەڵام سێ هەزار کەسی دیکە لەژێر دەستی داعشدان. لەوێ هەوڵی ئەوەم دا بزانم نەتەوە یەکگرتووەکان بە چ شێوەیەک دەتوانن هاوکاریمان بکەن بۆ ئەو بابەتە و گەڕاندنەوەی خەڵکەکەمان. ئێمە لەوێ دووپاتمان لەوەش کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پاڵپشتی کەمینەکان دەکات، نەک هەر ئێزدییەکان، بەڵکو پاڵپشتی مەسیحی، سابیئە و سەرجەم پێکهاتەکان دەکات.
رووداو: بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو دیدارانەدا چییان بە ئێوە گوت؟ بەڵێنی هاوکاریکردنیان پێدان؟
میر حازم تەحسین بەگ: ئەوان گوتیان بەردەوام دەبین و ئێزدییەکان جێ ناهێڵین؛ گوتیان ئەو جینۆسایدەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، ستەمێکی گەورە بووە لێیان کراوە. گوتیان بەردەوام دەبین و دێین بۆ کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبینین و لەگەڵ حکومەتی عێراقیش دیدارمان دەبێت و سەردانی لالش دەکەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئێزدییەکان ببینین.

رووداو: گوتت بەتایبەتی لەوێ باسی دۆخی شنگالت کرد. دۆخی شنگال ئێستا چۆنە؟
میر حازم تەحسین بەگ: خەڵکی شنگال ئەوە نۆ ساڵە نەگەڕاونەتەوە، بەڕاستی لەوە زیاتر ناتوانن دان بەخۆیاندا بگرن. لەوێ گوتم دەبێ سەرەتا چارەسەرێک بۆ دۆخی شنگال بکرێت و رێککەوتنی شنگالمان بۆ جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان بگەڕێنەوە.

رووداو: باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی ئەڵمانیا ئێزدییەکان دەنێرێتەوە. پەیامت بۆ حکومەتی ئەڵمانیا چییە؟
میر حازم تەحسین بەگ: وەک میری ئێزدی دەنگی خۆم دەگەیەنمە حکومەتی ئەڵمانیا کە خەڵکی ئێمە تووشی ئاڵنگاری زۆر بوونەتەوە و جینۆساید کراون، با کەس بە ناچاری نەگەڕێننەوە وڵاتی خۆی.

رووداو: لە چاوپێکەوتنەکانت لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو بابەتەت باسکرد؟ ئەوان هیچ هەڵوێستێکیان هەبوو؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەڵێ، ئێمە باسمان لە هەموو کێشەی ئێزدییەکان کرد، لەنێویاندا باسم لەو بابەتەی ئەڵمانیاش کرد، لەبەر ئەوەی ئەم کێشەیە دوو رۆژە دروستبووە و نوێیە، بەڵام پشت بە خودا چارەسەر دەبێت. حکومەتی ئەڵمانیا یارمەتی زۆری داوین و نزیکەی 320 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیان. ئێستاش داوایان لێدەکەین خەڵکەکەمان بەزۆر نەنێرنەوە.

رووداو: لەبارەی دۆخی ئێزدییەکان پەیامت بۆ حکومەت و رای گشتی ئەمریکا هەیە لێرەوە بیگەیەنی؟
میر حازم تەحسین بەگ: ئەمریکا وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێمە. لە کۆبوونەوەکانیشماندا پێم راگەیاندن کە حەزدەکەین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێزدییەکان بەهێز بێت و هاوکاریمان بکەن، لەبەر ئەوەی دوای هێرشی داعش، ستەمی زۆر لە کەمینەکان و بەتایبەتی ئێزدییەکان کراوە.

رووداو: ئەگەر بابەتێک هەبێت و پێت خۆشبێ باسی لێوە بکەی و من پرسیارم لەبارەوە نەکردبێت، بەتایبەت لەسەر ئەو دیدارانەی کە لەم چەند رۆژەدا هەتانبوون؟
میر حازم تەحسین بەگ: دەمەوێ بڵێم باسمان لەوەشکرد کە بە چ شێوەیەک خەڵکەکەمان قەرەبوو بکرێنەوە و بگەڕێنەوە شنگال. بەردەوام لەسەر ئەو بابەتە دەوەستم، لەبەر ئەوەی بابەتی سەرەکی ئێمە شنگالە و هەرکات خەڵکەکەمان گەڕانەوە شنگال، پشت بە خودا کێشەمان نامێنێت. 

رووداو: دەبێ چی بکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە شنگال و بۆ ئەمەش چ هاوکارییەکتان پێویستە؟
میر حازم تەحسین بەگ: ئێمە لە واشنتن و نیویۆرکیش باسمان کرد کە پێمان خۆشە هاوکاری حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ خەڵکی ئێمە بدۆزنەوە و بگەڕێنەوە بۆ شنگال.

تعليقات

المشاركات الشائعة