دیندار زێبارى:هه‌تا نۆكه‌ زێده‌تر ژ 10 وه‌ڵاتان كۆمكوژيا ئێزديان وه‌كو جینۆساید ناسانديە

 دیندار زێبارى:هه‌تا نۆكه‌ زێده‌تر ژ 10 وه‌ڵاتان كۆمكوژيا ئێزديان وه‌كو جینۆساید ناسانديە

کوردستان TV:

لە چوارچێوەی هەنگاوی وڵاتان بۆ بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان بە دەستی داعش، دوای ئەوەی پەرلەمانى وڵاتى ئەڵمانیا، کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانى بە دەستى ڕێکخراوى تیرۆریستیی دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش) بە جینۆساید و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى ناساند؛ بۆ ئەم مەبەستە دیندار زێبارى، ڕێکخەرى نووسینگەى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەنێو حکومەتى کوردستان، لەم بارەوە وەڵامى چەند پرسیارێكی پێگەى فەرمیى حکومەتی دایەوە:

پەرلەمانى ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانى بە جینۆساید ناساند؛ ئەم بڕیارە چۆن هەڵدەسەنگێنن و ئەرکی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا چییە؟

دیندار زێبارى: بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ناساندنی ئەو کارەساتە وەكوو جینۆساید کە بەسەر گەلی کورد و ئێزیدییەکاندا هاتووە، لە ئاستی ئەورووپادا كارێكی گرنگە، چونکە ئەڵمانیا و ئەورووپا ڕۆڵێکی گرنگیان لە پڕۆسەی ناساندنی ئەم  کۆمەڵوژییەدا هەیە و "کۆمەڵکوژی، تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی" سێ تاوانی نێودەوڵەتیین کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵى ٢٠١٧ـوە پێداگرى لەسەر کردوون و تیمێکی نێودەوڵەتیشی بە ناوی (یونیتات) بۆ دامەزرێنراوە. ئێمەش وەكوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانەین.

ددانپێدانانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ئەم کۆمەڵکوژییە کە دژی خوشک و برایانی ئێزیدی كران، هەنگاوێکی گرنگە؛ هەم لە ڕووی سیاسی و هەم مەعنەوییەوە، چونکە ئێستا ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان هاوکاری ئەڵمانیا و زۆر وڵاتی دیكەی نێودەوڵەتیشین لە ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری و لێکۆڵینەوەکان چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی وڵاتانیش؛ لە ڕێگای یونیتادەوە داتای وردمان بە لایەنە نێودەوڵەتییەکان و خودی ئەڵمانیا داوە، بۆیە ئەم پڕۆسەیە گرنگە، هەمەلایەنەیە.

دانپێدانانی پەرلەمانی ئەڵمانیا یان پەرلەمانەکانی پێشتر و وڵاتان و حکومەتەكانی دیكەی دنیاش کە وابزانم ڕێژەکە لە دە وڵات تێپەڕیبێت، هەنگاوێکی گرنگە. تیمی نێودەوڵەتی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئێستا نووسینگەی لە هەولێر و دهۆک هەیە، پاڵپشتییەکی سەرەکی و سیاسی دەبێت بۆ ئەوەی دادگاییکردنی سەرانی داعش لە ئایندەدا لەسەر بنەمای هەرسێ تاوانی نێودەوڵەتی بكرێت و پشگیرییەکی نێودەوڵەتیی تەواوی بۆ دابین بکرێت. لە هەرێم ئێمە لیژنەی باڵای ناساندنی جینۆسایدی تاوانەکانی داعشمان هەیە و هەر ڕۆژى چوارشەممەش کۆبوونەوەمان لەسەری کردووە و پشتگیریی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا و گەلی ئەڵمانیا و حکومەتی ئەڵمانیا دووپاتكردووەتەوە.

دوای بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژییەکەیان، پڕۆسەی قەرەبووكردنەوەی كوردانی ئێزیدی چۆن بەڕێوەدەچێت؟

دیندار زێبارى: پڕۆسەی قەرەبووکردنەوە بە سێ قۆناغ دەیبینم:

قۆناغی یەکەم، لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی داتاو زانیارییە، تا دەگاتە قۆناغی پڕۆژەیاسا کە لەوەدا و لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، پاڵپشتیی تەواو لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمە نێودەوڵەتییەکان کراوە، بۆ ئەوەى دادگایی دەستپێبکات و پاشان لەلایەن وڵاتانەوە یان لە ڕێگەى فەندێكی نێودەوڵەتییەوە قەرەبووى ماددى بکرێنەوە، کە ئەمەش کاری زۆری دەوێت و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەونە بەر بەرپرسیارییەکی زۆر.

قۆناغی دووەم، میکانزمی نیشتمانییە کە پەیوەستە بە خودی عێراقەوە. ئێستا عێراق یاسای ڕزگاربووانی ژێردەستى داعشی دەرکردووە کە ئیزدییەکان بەشى هەرە سەرەکین. ئەم پڕۆسەیە لەڕووى لیست و کردەییەوە دەستی پێکردووە و بەپێی یاسا هەموو وردەکارییەکی باشی تێدایە، چ لەڕووی گەڕاندنەوە و چ لەڕووی قەرەبووکردنەوەی کەسییەوە؛ بەڵام ئایا ئەو پارەیە کەی تەرخان دەکرێت؛ ئەوە کاتى دەوێت و ئێمەش وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پشتیوان و پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیەین.

قۆناغى سێیەم، گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە کە زیاتر لە ١٣٥ هەزار ئێزیدین و ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن کە نزیکەی ٢٥ کەمپن و بەشێکی هەرە زۆریان لە پێکهاتەی ئێزیدین. بەڵام پڕۆسەی گەڕاندنەوە بە پڕۆسەی سیاسی و ڕێککەوتننامەی شنگالەوە بەستراوەتەوە کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. گەڕاندنەوەی شەرعییەت و ئاسایشی هاوبەش و متمانەی کۆمەڵایەتی لەو ناوچانە، تا پڕۆسەی گواستنەوەى دادوەرییش، هەموویان لە پرسی قەرەبووکردنەوەدا بابەتی گرنگن.

ئێزیدییەکان چەندە بۆ هەرێمى کوردستان گرنگن؟

دیندار زێبارى: حکومەتی کوردستان و گەلی کوردستان، لە کاتی ڕزگارکردنی شنگال و ئەو دەڤەر و ناوچانەى کە کەوتبوونە بن دەستى داعش، بە گشتی هەزار و ٧٠٠ شەهید و نزیکەی ١١ هەزار برینداری داوە.

هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستاش بۆ پڕۆسەی ڕزگارکردنی ئێزیدییەكان، لە بابەتی دیۆکیۆمێنت و ئەرشیفکردنی تاوانەکانی داعش بەردەوامە و حکومەتی هەرێم کارى ڕژدی کردووە و ئەرشیفێکی ڕێکوپێک و داتا و زانیارییەکی زۆری خستووەتە بەردەستی تیمە نێودەوڵەتییەکان، تا سوودی لێ وەربگرن. دادگاییکردنی داعشەکان لە کوردستان دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ تیرۆریست بەپێی یاسای دژە تیرۆری ٢٠٠٦ دادگایی کراون و بە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ نزیکەی ٣٠٠ داعش دادگایی کراون و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوامە.

لۆبیگەری چ کاریگەرییەکى لەسەر وڵاتان بۆ بەجینۆسایدناساندنى تاوانەکانى داعش هەیە؟

دیندار زێبارى: هەر لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە ساڵى ٢٠١٤، ئەو پڕۆسەیە دەستیپێکردووە و هاوکاریی ئێمە لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی بەردەوامە. لەسەر ئاستی لۆبیی نێودەوڵەتی، بە سەدان هەوڵ هەبووە و بە دەیان کۆبوونەوە ئەنجام دراون، هەر لەسەر ئاستی دادگای لاهای و ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بگرە تا دەگاتە سەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی مافەکانی مرۆڤ و جنێف. داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم و ئاستی ئەو کارەساتە بە هەوڵ و کۆششی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە ڕێی دیپلۆماسی و مەعنەوی و یاسایی و مرۆییەوە بەردەوامە و کارى لەسەر دەکەین.

هیچ هەنگاوێکی تازە لەوبارەیەوە هەیە؟

دیندار زێبارى: بەڵی؛ بە پێی بڕیاری لیژنەی باڵا کە چوارشەممە کۆ دەبینەوە، دەبێت هەوڵ بدەین لە ئایندەدا سەردانەکانمان زیاتر بکەین و تیمە مەیدانییەكانمان بەردەوام بن لە ناساندنی ئەم تاوانانە و شانبەشانی هەوڵی تیمە نێودەوڵەتییەکان کار بۆ ئەوە بكەین پاڵپشتی بۆ لێکۆڵینەوەكان پەیدا بكەین و تاوانەکان بە جینۆساید بناسێنرێن و زیانپێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة