نڤيسينگهها ڕزگاركرنا گرتيێن ئێزدی: تەنها 20% ئاوارهيێن ئێزدی ڤهگەڕياينه دهڤهرێن خۆ
نڤيسينگهها ڕزگاركرنا گرتيێن ئێزدی: تەنها 20% ئاوارهيێن ئێزدی ڤهگەڕياينه دهڤهرێن خۆ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تاوتوێی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەکات. بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدییش دەڵێت، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی لە شنگال هەیە، لە کۆی 360 هەزار ئاوارەی کوردی ئێزدی، تەنیا 20%یان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 19-12-2022 ئیسحاق زای، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و هاوئاهەنگیکاری مرۆیی و نیشتەجێ لە عێراق لەگەڵ ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆجبەرانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە پلانی ئایندەی وەزارەتەکە کرد سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و ئەو بەربەستانەی دێنە پیشیان.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەبارەی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ شوێنی خۆیان بە رووداوی گوت، لە سەرەتای "جینۆسایدەوە" نزیکەی 360 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، لەو ژمارەیە تەنیا 20%ی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
لەبارەی هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، حوسێن قائیدی گوتی، "چەندین هۆکار هەن، لەوانە: چەندین گرووپی چەکدار لە شنگال هەن، ئەوەش وایکردووە خەڵکەکەی هەست بە پارێزراوی نەکەن، هەروەها هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک نییە و هەبوونی چەندین جۆری تەقەمەنی لە ناوچەکە وایانکردووە خەڵکەکە ترسیان هەبێت لەوەی بگەڕێنەوە و پێیان بتەقێتەوە."
بە بڕوای حوسێن قائیدی، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال باشترین چارەسەرە، بۆئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و "بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە زۆربەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە."
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەبارەی ئازادکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەدەستی داعش لە ساڵی 2014وە تائێستا گوتی، 3562 ئێزدی رزگار کراون، 2600 کەسیش بێسەروشوێنن و تائێستا نزیکەی 150 ئێزدی تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە.
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی رفاند و ژمارەیەکیشی لێ کوشتن، هەروەها بەشێک لە رفێندراوەکانیشی کوشت.
تعليقات