كه‌يسا جينۆسايدا ئێزديان بۆ په‌رله‌مانێ عێراقێ هاته‌ ڕه‌وانه‌كرن

كه‌يسا جينۆسايدا ئێزديان بۆ په‌رله‌مانێ عێراقێ هاته‌ ڕه‌وانه‌كرن
رووداو دیجیتاڵ


ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان رەشنووسی بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییەکانی پەسەندکرد و چاوەڕوانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کاری یەکێک لە کۆبوونەوەکان. بەپێی رەشنووسەکە، حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و پابەندکردنی وڵاتان بە رادەستکردنی ئەوانەی بە ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان تۆمەتبارن.

رۆژی یەکشەممە، 20-11-2022، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی یاسای بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە چەند رۆژی رابردوو دوای ئەوەی رەشنووسی یاسای بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ئاراستەی لیژنەکەمان کرا بۆ ئەوەی تێبینی و هەمواری یاسایی بۆ بکرێت و هەر کێشەیەکی یاسایی هەبێت بۆی چاکبکرێت، تەواوکرا و بە کۆی دەنگ پەسەندمان کرد و رەوانەمان کرد و چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەیەک و دەنگی بۆ بدرێت."

لەبارەی نێوەڕۆکی رەشنووسی یاساکەش، دارا سێکانیانی گوتی: "ژمارەیەک خاڵی تێدایە لە بەرژەوەندیی کەیسەکە و ئەوانەشی کە زیانیان پێگەیشتووە و هەندێک لە مافەکانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەوانە لە ماددەی پێنجەمی رەشنووسی یاساکەدا: هاتووە ئەوانەی بەدەستی چەکدارانی داعش کوژراون و ئەوانەی رفێنراون بەپیێ یاسای ژمارەی 20ـی ساڵی 2016ـی تایبەت بە یاسای قوربانییانی تیرۆر و کردە سەربازییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە."

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ماددەی شەشەمی رەشنووسەکەش کرد و روونیکردەوە: "بەپێی ماددەی شەشەمی رەشنووسی یاساکە، حکومەتی عێراق پابەندکراوە بە داواکردنی سەرکردەکانی داعش لە وڵاتانی دیکە و ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان بۆ دادگاییکردن و سزادانیان."

لە سەرەتای ئابی ساڵی 2014، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەریان دا؛ بە هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژکران یان رفێندران.

پەرلەمانی فەرەنسا یەکەم پەرلەمان بوو کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند لە ساڵی 2016، دوای ئەوەش ژمارەیەک لە پەرلەمانەکانی جیهان ئەو هەنگاوەیان نا لەوانە هۆڵەندا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و هی دیکەش.

شەش هەزار و 417 کوردى ئێزدى لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، تاوەکو ئێستا چارەنووسى دوو هەزار و 600 کەسیان دیار نییە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

بەگوێرەى ئامارى نووسینگەى رزگارکردنی رفێندراوانی سەر بە حکومەتى هەرێمى کوردستان، سێ هەزار و 562 رفێندراوى کوردانى ئێزدی لەدەستى داعش ئازادکراون. لە کاتی پەلاماردانی شنگال، چەکدارانی داعش نزیکەی 5000 کوردی ئێزدییان کوشتن، قوربانییەکان لە 81 گۆڕی بە کۆمەڵدان، بەڵام تەنیا 23 گۆڕ هەڵدراونەتەوە.

شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی یاساکەوە، رۆژی یەکشەممە، 20-11-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تائێستا 11 پەرلەمانی وڵاتان و هەرێمەکانیان تاوانەکانی دژ بە ئێزییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، دەبێت ئەم رەشنووسی یاسایە بەزوویی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و پەسندبکرێت، ئەوەش حکومەتی عێراق ناچار دەکات کۆمەڵکوژیی دژ بە ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسێنێت و هەندێک لە مافەکان بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە و ئەو کەسانەی هێشتا بەدەستی کێشەکانی داعشەوە دەناڵێنێت رابهێنێتەوە و ناوچەکانیش ئاوەدانبکرێنەوە."

رۆژی 6-7-2021، پەرلەمانی هۆڵەندا لە کۆبوونەوەیەکدا بە زۆرینەی دەنگ کردەوەکانی داعشی لەدژی کوردی ئێزدی لە باشووری کوردستان بە جینۆساید ناساند.

رۆژی 15-07-2021، پەرلەمانی بەلجیکا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بە جینۆساید ناساند و لە کۆی 150 پەرلەمانتار 139یان دەنگیان بە بەڵێ داوە، هیچ پەرلەمانتارێکیش بە نەخێر دەنگی نەداوە و دەنگی بەتاڵیشی تێدا نەبووە.

کەسوکاری ئێزدییە رفێندراوەکان گومانیان هەیە بەشێک لە کچ و ئافرەتە رفێندراوەکان لەگەڵ کەسوکاری چەکدارانی داعش بردرابنە کەمپی هۆل، تاوەکو ئێستاش چەند رفێندراوێک لە کەمپی هۆل دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە نێو کەسوکاریان.

تعليقات

المشاركات الشائعة