پەرلەمانێ بریتانیا داخوازێ ل حکوومەتێ دكه‌ت دانپێدانێ ب جینۆسایدا ئێزدیان بكه‌ت

 پەرلەمانێ بریتانیا داخوازێ ل حکوومەتێ دكه‌ت دانپێدانێ ب جینۆسایدا ئێزدیان بكه‌ت

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی حکومەتی بەریتانیا سەرکۆنەی تاوانەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی کردووە، بەڵام وەکو جینۆساید دانی پێدا نەناوە، چونکە پێیوابووە، ئەوە کاری دادگەیەکی باڵای متمانەپێکراوە.
 
رۆژی سێشەممە، براندێن ئۆهارا، نوێنەری پارتی ناسیۆنالیست لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا گوتی، ئەو مەرجەی حکومەت جێبەجێ کراوە، چونکە کۆتایی تشرینی دووەم، دادگەیەکی ئەڵمانی چەکدارێکی داعشی بە تاوانی بەشداریکردن لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی بە بەندکردنی تاهەتایی سزادا.
 
براندنێن ئۆهارا، نوێنەری پارتی ناسیۆنالیست رایدەگەیێنێت، "حکومەتی بەریتانیا ئێستا لە پێگەیەکدایە کە پێویستە بە فەرمی تاوانەکانی داعش دژی خەڵکی ئێزدی وەکو جینۆساید بناسێنێت".
 
نوێنەرە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون کە پێویستە حکومەتی بەریتانیا ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە وەکو جینۆساید بناسێندرێت و دانپێدانانەکەش تەنیا وەکو هێمایەک نەبێت، بەڵکو هەنگاوی کردەییش بنرێت بۆئەوەی ژیانی رزگاربووانی جینۆسایدەکە خۆشتر بکرێت و تاوانکارەکانیش بە سزا بگەیێندرێن. 
 
پەرلەمانتارێکی بەریتانیا دەڵێت، سەتان هەزار ئێزدی ئێستا لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین؛ ماوەی حەوت ساڵە بەو شێوەیە دەژین. نەبوونی هیچ وادەیەکیش بۆ داخستنی ئەو کەمپانە ئاماژەیەکە بۆئەوەی ئەم دەردەسەری و ئاوارەییە هیچ کۆتاییەکی نییە.
 
کریس فێڵدز لە رێکخراوی خێرخوازیی بەریتانیی وۆر چایڵد دەڵێت، "ئێزدییەکان هەست بەوە دەکەن لەلایەن دراوسێکانیانەوە ناپاکییان بەرامبەر کراوە، لەلایەن حکومەتەکەیانەوە لەبیرکراون، هەروەها دابینکردنی یارمەتی خەریکە کەم دەبێتەوە. بۆیە پێویستە یارمەتی بەم خێزانە نەدار و پشتگوێخراوانە بگات".
 
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و نزیکەی 10 وڵات تاوانەکانی داعشیان دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید داناوە.
 
داعش لە سەرەتای هێرشەکەیدا لە ئابی 2014 بۆسەر شنگال و دەوروبەری، نزیکەی هەزار و 300 کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و زیاتر لە شەش هەزار و 400ی دیکەی رفاندن کە سەرووی سێ هەزار و 500یان کچ و ژنی کوردی ئێزدی بوون و لەلایەن چەکدارەکانیەوە وەکو کەنیزەک کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا؛ هێشتاش نزیکەی هەزار و 300یان چارەنووسیان دیار نییە.

تعليقات

المشاركات الشائعة