ئاوارێن شنگالێ باوەرى ب ڤه‌گه‌ريانێ نه‌مايه‌

ئاوارێن شنگالێ باوەرى ب ڤه‌گه‌ريانێ نه‌مايه‌
ئێزديخان نيوز:
سه‌رپه‌رشتیاری كه‌مپی ئاوارەكانی چیای شنگال بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد:” دوایین جار بەغدا لە رۆژی 27ی11ی2020 هاوكارییەكانی گەیاندە ئاوارەكانی چیای شنگال، بەڵام دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوكاریی ئاوارەكانی چیای شنگال دەكات، كە تا ئێستا هەزار و 200 خێزان لەوێ ماون، لەناویاندا 700 خێزان خەڵكی ته‌لعه‌زێرن و لەناو خێوەتدا دەژین، هەندێكیشیان خانوویان دروست كردووە و چوونەتە ناوی“.

عه‌لى شه‌عبۆ، سه‌رپه‌رشتیاری كه‌مپی ئاوارەكانی چیای شنگال، كە وەك خۆبەخشێك كەمپەكە بەڕێوە دەبات، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “لە ساڵی‌ 2018 تا ساڵی‌ 2020، حكوومه‌تی عێراق خۆراكی بۆ ئاوەرەكانی چیای شنگال دابین دەكرد و دوایین جار هاوكارییەكانی حكوومەتی عێراق لە 27ی11ی2020 گەیشتە چیای شنگال، لەو رۆژەوە تا ئێستا بەغدا هیچ هاوكارییەكی پێشكەش بە ئاوارەكانی چیای شنگال نەكردووە“.

گوتیشی: ”زۆر لە ئاوارەكانی چیای شنگال خەڵكی ته‌لعه‌زێرن و ناتوانن بچنەوە ناو خانوو و ماڵەكانی خۆیان، بەغداش هاوكارییان ناكات، ئەو خەڵكە ماڵ و خانووەكانیان وێران كراوە و تەنانەت ئاو و كارەباش لە ته‌لعه‌زێر نەماوە، وا دیارە حكوومەتی عێراق نایەوێت ئاوارەكانی چیای شنگال بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، خەڵكەكەش ناتوانێ بگەڕێتەوە“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”بەغدا هیچ خزمەتی بە شنگال و بەتایبەت بە گوند و ئاواییەكانی دەوروبەری شنگال نەكردووە، بۆیە ئاوارەكان هەر لە كەمپ و لە چیای شنگالدا ماون، زۆر رێكخراو هەن، بەڵام هیچی وا ناكەن، تەنانەت ئاوارەكانی چیای شنگال بێ كارەبان، ئەو كارەبای هەیانە هی بازرگانییە و خەڵك بە پارە كڕیویەتی، حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی كوردانی ئێزدی نەكردووە، خەڵك وایەر و عاموودیان كڕیوە و كارەبایان پێ داوەتە ئەو ئاوارانە“.

عەلی شەعبۆ گوتیشی: ”بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگریی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا هاوكارییەكانی بگەیەنێتە ئاوارەكانی چیای شنگال، بەڵام دوای ئەوەی ئاوارەكانی چیای شنگال داوایان كرد دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكارییان بكات، ئەوا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپیر داواكەیانەوە چوو و هاوكارییەكانی گەیاندە دەستیان. ئێستاش گاز و ئاردیان پێ دەدا، بەمەش ئاوارەكان زۆر دڵخۆشن، چونكە ئەو ئاوارانە زۆر پێویستییان بە كۆمەك و هاوكاریی هەیە و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشكەشیان دەكات“.

شەعبۆ ئەوەشی راگەیاند: ”بەغدا هاوكاریی خێزانەكانی داعش دەكات، بەڵام هاوكاریی كەمپی ئاوارەكانی چیای شنگال ناكات، ئەو تیرۆریستانەی كوردانی ئێزدییان جینۆساید كرد، ئێستا گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هەر خێزانەی یەك ملیۆن و 500 هەزار دیناریان پێ دراوە، بەڵام هاوكاریی ئێزدییەكانی كەمپی چیای شنگال ناكرێت“.

سه‌رپه‌رشتیاری كه‌مپی ئاوارەكانی چیای شنگال گوتیشی: ”بەرپرسانی بەغدا كاتێ سەردانی شنگال دەكەن، دەچن وێنە دەگرن و دواتر ئەركی مرۆیی و بەرپرسیاریی خۆیان بەرامبەر بە خەڵكی شنگال جێبەجێ ناكەن، بۆیە ئاوارەكان باوەڕیان بە گەڕانەوە نییە، چونكە حكوومەتێك خێزانەكانی داعش بگەڕێنێتەوە و هاوكارییان بكات، كە خەڵكی ئێزدییان جینۆساید كردووە، چۆن دەبێتە جێی باوەڕی خەڵكی شنگال؟ ئەوە چەندین ساڵە خەڵكی شنگال ئاوارە بووە و بەغدا هیچی بۆ نەكردوون“.

تعليقات

المشاركات الشائعة