ئێزدى خۆپيشاندانه‌كا مه‌زن دێ ئه‌نجام ده‌ن

ئێزدى خۆپيشاندانه‌كا مه‌زن دێ ئه‌نجام ده‌ن 

باسنيوز:

 وەکیلی میری ئێزدیان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان ئاشکرای کرد، هەڵمەتێکی فراوان لەناو ئیزدییاندا دەستی پێکردووە کە فشار بخرێتە سەر حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوە مرۆییەکان تاکوو چارەنووسی ئێزدییە ڕفێندراوەکان یەکلا بکرێتەوە.

میر جەهوەر عەلی بەگ، وەکیلی میری ئێزدیان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کوردانی ئێزدی کار بۆ ئەوە دەکەن لەم نزیکانە لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا خۆپیشاندانێکی زۆر مەزن ڕێک بخەن و تێیدا داوای ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان لە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لەو خۆپیساندانەدا هاوکات داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکەن کە لەباتی گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش با ڕفێندراوە ئێزدییەکان ڕزگار بکات کە تاکوو ئێستاش٥٠٠ ڕفێندراوی کوردی ئێزدی پێکهاتوو لە ژن و منداڵ لەناو کەمپی "هول"دا ماون و هێشتا دیار نییە بۆچی ڕزگاریان ناکەن".

وەکیلی میری ئێزدیان ڕاشی گەیاند: "ئێستا بۆ ئەم مەبەستە لەناو کوردانی ئێزدی دەست کراوە بە چالاکی تاکوو بە جیدی لەو خۆپیشاندانەدا داوای ڕزگارکردن و دۆزرانەوە ئەو ئێزدییانە بکرێت کە تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە و فشار بخرێتە سەر حکوومەتی عێراق".

خەیری بۆزانی، سەرپەرشتی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە هێرش و پەلاماری داعش و جینۆسایدی شنگالدا لە ساڵی ٢٠١٤، سەرجەم شەش هەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدی لە سنووری شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندران و پاشان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نووسینگەیەک بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی دامەزرا و هەتا ئێستا سێ هەزار و ٥٤٥ کەس لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ئازاد کراون، بەڵام هێشتا چارەنووسی دوو هەزار و ٧٦٨ کەس لە ڕفێندراوە ئیزدییەکان دیار نییە".

تعليقات

المشاركات الشائعة