دادگەهه‌كا ئەلمانیا بریاره‌ك دژى په‌نابه‌رێن ئێزدى ده‌ركر

 دادگەهه‌كا ئەلمانیا بریاره‌ك دژى په‌نابه‌رێن ئێزدى ده‌ركر 

رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی ئەڵمانیا لە دژی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە ئێزدییەکانی ئەڵمانیا بڕیارێک دەدات، کە ئەگەری هەیە هەزاران کوردی ئێزدی لەو مافە بێبەش بکات، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەڵێت: "رەنگە دادگەی دیکەش هەمان بڕیار بدەن و ئێمە بەهەنگاوی سیاسی و یاسایی دژی بڕیارەکە دەوەستینەوە".

رۆژی 10ی ئەم مانگە دادگەی باڵای کارگێڕیی مونستەر بڕیارێکی دەکرد و دەڵێت ئێستا پێیوانییە ستەم و هەڕەشەیەک لەسەر پێکهاتەی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامەوە هەبێت"، ئەمەش بێئومێدیی ئەو ئێزدییانەی زیاتر کردووە کە داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە، چونکە ئیدی لەم مافە بێبەشدەکرێن".

د.عیرفان ئۆرتاج، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا، بە تۆڕی میدایی رووداوی گوت: "بریاری دادگەی باڵای کارگێڕیی مونستەر ناڕەوایە و ئێمە بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە، چونکە هیشتا ئێزدییەکان لەژێر هەڕەشە و لەناوبردندان، راستە داعش نەماوە، بەڵام هەڕەشەکان هەن".

بەلای دادگاکەی ئەڵمانیاوە، ئێزدییەکانی شنگال هەڕەشەیان لەسەر نییە و هەرێمی کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەوان کە مافەکانیان تێیدا پارێزراوە و پەناگەیەکە بۆ ئەوان.

سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا، لە لێدوانەکەیدا گوتی: "لەساڵی 2014ەوە نزیکەی 140 هەزار ئێزدی ناوچەکانی خۆیان لەترسی چەکدارانی داعش بەجێهێشتووە و روویان لە ئەڵمانیا کردووە، لەو ژمارەیە نزیکەی 80 هەزاریان مافی پەنابەرییان وەرگرتووە و 60 هەزاریان چاوەڕێی ئەو مافە دەکەن".

مونستەر بارەگای سەرەکیی دادگەی دەستووری و دادگەی باڵای ویلایەتی راینی لە ئەڵمانیا لێیە، دادگەی باڵای کارگێڕی تەماشای ئەو دۆسییانە دەکات کە پەیوەندیی بە دۆسیە کارگێڕییەکانەوە هەبێت.

ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا، دەڵێت ئەو بڕیارەی دادەگەکە "ناڕەوایە و هێشتا ئێزدییەکان رووبەڕووی هەڕەشە و پەراوێزخستن دەبنەوە، ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی ئیسلامی لە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی عێراق هەیە، دەکرێت ئەم ئایدۆلۆژیایە بەخێرایی ببێتە کاری وەحشیگەرانەی ترسناک لەچەشنی ئەوەی داعش کردی".

بەپێی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان (JCC)، لە هەرێمی کوردستان 667 هەزار ئاوارە هەن، لەو ژمارەیە 30٪ ئاوارەی کوردی ئێزدیین.

ئەو ئەنجوومەنەی ئێزدییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت دوای 5 ساڵ لە رزگارکردنی شنگال، تەنیا 5%ی ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

 لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە روونیکردووەتەوە: "راستە بارودۆخ لەوێ باشترە، بەڵام هێشتا ئێزدییەکان نەیانتوانیوە لەرووی ئابوورییەوە گەشە بکەن، بەهۆی تێڕوانینی هەڵە و هێشتا زۆر لەوان خۆراک و بەرهەمەکانی ئەوان ناخۆن و بەکارناهێنن، ئەوە جگە لە بارودۆخی خراپی ئابووریی هەرێمی کوردستان".

تعليقات

المشاركات الشائعة