پێکهاتێن هه‌رێمێ:دامەزراندنا دادگه‌هه‌کا تایبەت ب داعش گاڤه‌كا گرنگ و پێتڤى بوو

 پێکهاتێن هه‌رێمێ:دامەزراندنا دادگه‌هه‌کا تایبەت ب داعش گاڤه‌كا گرنگ و پێتڤى بوو

دهۆک-KDP.info- 


پێکهاتەکان و شارەزایانی جینۆساید پێیان وایە، پەسەندکردنی دادگایەکی تایبەت بە داعش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو. دەشڵێن ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی پێکهاتەکان.

کرمانج عوسمان، ڕاوێژکاری وەزارەتی داد بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت: "پەسەندکردنی دادگایەکی تایبەت بە داعش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر ئەو دادگایە، کارێکی گرنگە بۆ قوناغی ئێستا، چونکە هەموو ئەو دادگایییانەی تا ئێستا کراون بەپێی یاسای دژەتیرۆر بووە.''

کرمانج بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەگەر ئەم یاسایە دەرچوو، هەموو دادگایییەکانی داعش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەمەش کارێکی زۆر باشە و لەسەر ئاستی نێوخۆییش ددان بە جینۆسایددا دەنرێت، ئەمەش داواکاریی قوربانییەکانی داعشە.''

ئاماژەیشی دا: "داواکاریی خەڵک ئەم دادگایە بوو، چونکە ئەگەر پێشتر داعشێک دادگایی بکرایە بەپێی دادگای مەحەلی و بە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرا، ئەویش بەپێی یاسای دژەتیرۆر، ئەمەش کەیسەکە بچووک دەکات، ئەگەر ئەم یاسایە دەربچێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ددانی پێدا دەنرێت و ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە."

گوتیشی: ''بەغداش ڕەشنووسێکی یاساییی هەبوو بۆ ئەم دادگایە، بەڵام ڕۆڵی کورد تێیدا باش نەبوو، بۆیە پێمان وایە ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان زیاتر خزمەت دەکات و زیاتر نزیکە لە قوربانییەکان و بەڵگە و گۆڕە بەکۆمەڵەکان."

ڕۆبینا تیاری، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان کە خۆی ئەندامی پێکهاتەی مەسیحییە گوتی: ''دامەزراندنی دادگایەک بەم شێوەیە بۆ دادگاییکردنی داعش جۆرێکە لە گەڕانەوەی مافی پێکهاتەکان، چونکە سەرەتا پێکهاتەکان کۆمەڵکوژ کرابوون و زیانی گەورە بە پێکهاتەکان کەوتبوو لە ئێزدی و مەسیحی."

تیاری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "چاوەڕوانی ئەو پرۆژەیاسایەین لە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەین تا بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی ئەو داعشانە سزا بدرێن و ئەمە ببێتە هەنگاوێک بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی پێکهاتەکان."

عسمەت میر تەحسین بەگ، کوڕی میری کوچکردووی ئێزدییان، میر تەحسین بەگ، دەڵێت: "پشتیوانی لەو هەنگاوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئامادەکردنی پرۆژیاسای دادگای تاوانکاریی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان."

عیسمەت میر تەحسین بەگ لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هیوادارین پڕۆژەیاسای دادگای تاوانکاریی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسەند کرا لە پەرلەمان بکرێتە بڕیار و بکەوێتە خزمەت ئێزدییانەوە."

گوتیشی: ''هیوادارین ئەمە ببێتە هەنگاوێکی باش بۆ ئەوەی پرسی ئێزدییان بە جینۆساید بناسرێت و ئەو داعشانەی دەرحەق ئێزدییان کۆمەڵکوژییان کردووە بگەنە سزای حەقیقیی خۆیان."

ئاماژەیشی دا: "هەرچەندە هیچ شتێک لەم دنیایەدا قەرەبووی دایک و خوشکی ئێزدییان ناکاتەوە، بەڵام ئەوەی دەکرێت با ببێتە نموونەیەک بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، چونکە پێمان وایە ئەوەی بەرانبەر ئێزدییان کرا بە هەموو پێوەرێک جینۆسایدە."

تعليقات

المشاركات الشائعة