کۆمیسیۆنا ئەمریکا بۆ ئازاديا ئاینان:مه‌ترسى لسه‌ر ئێزديان هه‌يه‌

 کۆمیسیۆنا ئەمریکا بۆ ئازاديا ئاینان:مه‌ترسى لسه‌ر ئێزديان هه‌يه‌ 

رووداو دیجیتاڵ:

کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینی لە جیهاندا بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، دوای نزیکەی چوار ساڵ لە تێکشکاندنی داعش، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە دەشتی نەینەوا و شنگال لەکاتی گەڕانەوەیان لە کامپەکانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵیان رووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبنەوە.

کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات، ئاوارەکان لەوە دەترسن لەکاتی گەڕانەوەیاندا رووبەڕووی چەوسانەوە ببنەوە؛ هەروەها ترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لایان هەیە.

کۆمیسیۆنە ئەمریکییەکە پێشنیازێک بۆ واشنتن دەکات و داوای لێدەکات، هەموو کەناڵەکانی بەردەستی بەکاربهێنێت بۆئەوەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هانبدات کێشەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بەگوێرەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی یەکلابکەنەوە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەو پرۆسەیەدا بەشداربن و هەردوو لایەن هانبدات تاوەکو بەتەواوی رێککەوتنی شنگالیش جێبەجێ بکەن.

هەروەها کۆمیسیۆنەکە پێشنیاز دەکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عێراق بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە پێویستیان بە چاودێریی تایبەتە بەهۆی "تێوەگلان یان نەرمی نواندن" بەرامبەر "پێشێلکاریی هەستیار دژی ئازادیی ئایینی".

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، "حەشدی شەعبی کە گرووپێکی میلیشیای نزیک لە ئێرانە، بەردەوام بووە لە هەراسانکردنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەتایبەتیش لە باکووری عێراق، ئەوەش وایکردووە باشکردنی دۆخی ئازادیی ئایینی زەحمەتتر بێت".

لە ساڵی 2020ـدا، بەگوێرەی راپۆرتەکە، "حەشدی شەعبی بێباکانە، لە دەشتی نەینەوا و شنگال کاریکردووە و پێشێلکاریی دڕندانەی دژی خەڵک ئەنجامداوە کە ماوەیەکی زۆرە لە مەینەتیدان".

کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی پێشنیاز دەکات لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیانەوە، واشنتن حکومەتی عێراق زیاتر هانبدات بۆئەوەی حەشدی شەعبی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، "بەتایبەتیش ئەو گرووپانەی کە بەردەوامن لە تێوەگلان لە تووندوتیژی تائیفی کە بوونەتە بەربەستێکی گەورە لە بەرامبەر گەڕانەوەی ئێزدی، کریستیان و عەرەبە سوننەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق".

هەروەها راپۆرتەکە پێشنیاز دەکات ئەمریکا سزا بخاتە سەر ئەو سەرکردانەی حەشدی شەعبی کە لە پێشێلکردنی ئازادیی ئایینیدا تێوەگلاون.

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر رەوشی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە دووچاری کاوکاری بوونەتەوە و دەڵێت، وێڕای ئەو هاوکارییە مرۆییەی کە ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە پێشکێش بە عێراقیان کردووە، "بەشێکی بەرچاوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە ئاوارەبووەکان هەستیان بە سەلامەتی نەکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکانیان".

کۆمیسیۆنە ئەمریکییەکە دەڵێت، زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەبی سوننە بە زۆرەملێ ئاوارە کراون و بوونەتە کۆچبەر. هەروەها روونیشیدەکاتەوە کە ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانە تۆمەتی داعشبوون یان هاوکاریکردنی ئەو گرووپە پەڕگیرەیان خراوەتە پاڵ و لە ترسی تۆڵەلێکردنەوەدا، ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە پێشتر داعش کۆنترۆڵی کردبوون.

سەرنجێکی تایبەت لە راپۆرتەکەدا خراوەتە سەر کوردانی ئێزدی و تێیدا هاتووە، "ئێزدییەکان بەتایبەتی مەترسییان لەسەرە. تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەدا پەرش و بڵاو بوونەتەوە و دەرفەتی گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ شنگال سنووردار بووە".

بەپێی راپۆرتەکە، ژیانی کوردانی ئێزدی لەنێو کەمپەکاندا وایکردووە، کە زیاتر بکەونە بەر هەڕەشەی لایەنگرانی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکەوە. هەروەها باس لەوەش دەکات، بە درێژایی ساڵی 2020، داعش هەوڵیداوە کوڕان و کچانی کوردانی ئێزدی بە قاچاخ ببات و بە زۆرەملێ کاری نایاساییان پێ بکات. ئاماژە بەوەش کراوە "لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆی ئەو شەش هەزار کچ و ژنە ئێزدیانەی کە داعش لە ساڵی 2014 رفاندبوونی، تەنیا چەند سەد کەسێکیان توانیویانە لەگەڵ خێزانەکانیان یەکبگرنەوە".

راپۆرتەکە دەڵێت، بێتوانایی عێراق لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا وایکردووە کە خەم و پەژارە لەنێو کوردانی ئێزدیدا بمێنێتەوە.

لەبارەی کریستیانەکانیشەوە، راپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی دەڵێت، لە ساڵی 2020دا "کریستیانەکانی باکووری عێراق لە ئاوارەییدا ماونەتەوە." ئەوانەشی کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، موڵک و شوێنەکانی پەرستشیان "کاولکراو بوون".

هەروەها لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و ئاماژە بەوە دەکات، "هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دیکەی بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باکووری عێراق، بە دیاریکراویش لە شنگال، دۆخەکەی سەختتر کردووە، چونکە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەشێوەیەکی گەورە کاریگەرییان کردووەتە سەر ناوچەی پێکهاتە و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان کە هەر خۆیان لە دۆخێکی خراپدا بوون".

راپۆرتەکە رەخنە لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت سوپای تورکیا "کەمترین رێکاری پێشوەختەی بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە گرتووەتەبەر، بۆ نموونە، لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا پێشڕەویکردنی تورکیا بەرەو شنگال لە چوارچێوەی (ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ) و (ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی پڵنگ) بووە هۆی کوژرانی پێنج کەسی سڤیل و برینداربوونی زیاتر لە 10 کەسی دیکە".

تعليقات

المشاركات الشائعة