رێكخراوا داك:رێژا كه‌سێن هزر ل خۆكوشتنێ كرى رێژه‌یه‌كا ترسناكه
رێكخراوا داك:رێژا كه‌سێن هزر ل خۆكوشتنێ كرى رێژه‌یه‌كا ترسناكه
به‌وته‌ی سه‌دا 20ی به‌شداربوانی راپرسییه‌ك له نێو ئاواره‌كاندا؛ بۆ جارێكیش بێت كه‌سوكاریان بیریان له "خۆكوشتن" كردۆته‌وه، ئه‌وه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ئاماری روداوه هاوشێوه‌كاندا، كه به حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانه‌وه به‌دوای هۆكاره‌كانیدا ده‌گه‌ڕێن.
زیادبونی "خۆكوشتن له‌نێو ئاواره‌كاندا"، ته‌وه‌رێكی گفتوگۆكانی دوایین كۆنفرانسی ژماره‌یه‌ك رێكخراوی و لێپرسراوان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری حكومی بوو له شاری دهۆك، كه دووشەممە 29ی ئاداری 2021 به‌ڕێوه‌چوو.
ئامانج له گفتوگۆی ئه‌و رێكخراوانه و حكومه‌ت زانینی هۆكاره‌كانی "خۆكوشتنی ئاواره" و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه بۆ كۆتاییهێنان به‌و روداوانه.
سۆزان سه‌فه‌ر، سه‌رۆكی رێكخراوی داك بۆ گه‌شه‌پێدانی ژنانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كۆنفرانسه‌كه‌دا باسمان له زیادبونی رێژه‌ی خۆموشتن له‌ناو ئاواره‌كانی شنگالدا كرد، بۆ ئه‌وه‌ش، پێشتر راپرسییه‌كمان كردبوو له‌سه‌ر هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانی زیادبونی رێژه‌ی خۆكوشتن".
ئه‌و راپرسییه له مانگه‌كانی شوبات و ئاداری 2021دا بووه، 232 كه‌س له كه‌مپی شاریا و ئاواره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی شاریای دهۆك به‌شداربون، كه 127 له ره‌گه‌زی مێ و ئه‌وانیتر له ره‌گه‌زی نێر بون، ته‌مه‌نیشیان له نێوان 15 تا سه‌روو 35 ساڵیدا بووه.
له‌و راپرسییه‌دا 19 پرسیاری په‌یوه‌ست به دۆسیه‌ی "خۆكوشتن" له به‌شداربوان كراوه و له وه‌ڵامدا سه‌دا 20ی به‌شداربوان ده‌ڵێن كه‌سوكاریان بیریان له "خۆكوشتن" كردۆته‌وه.
ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی "خۆكوشتن" به‌شداربوانی راپرسییه‌كه پێیانوایه كێشه‌ی دارایی، نه‌بونی هه‌لیكار له‌گه‌ڵ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیی و سۆزدارییه‌كان هۆكارن.
سه‌رۆكی رێكخراوی داك وتی "ئه‌و رێژه‌یه‌ی بیریان له خۆكوشتن كردۆته‌وه رێژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره كه له‌نێو ئاواره ئێزیدییه‌كاندا هه‌یه".
دهۆك/ ئاداری 2021/ كۆنفرانسی رێكخراوه‌كانی ژنان و حكومه‌ت كه ته‌وه‌رێكی گفتوگۆكانی تایبه‌ت بوو به پرسی "خۆكوشتن له‌ناو ئاواره‌كاندا" فۆتۆ: رێكخراوی داك
دوایین روداوی "خۆكوشتن" له‌نێو ئاواره‌كاندا، 9ی شوباتی 2021 بوو، كه هاوڵاتییه‌كی دانیشتوی كه‌مپی خانكێی دهۆك به فیشه‌ك كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
"ئه‌وانه‌ی بیر له خۆكوشتن ده‌كه‌نه‌وه له بارودۆخێكی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین، ناخۆشی زۆریان بینیووه، له بارێكی ده‌رونی ناجێگیر و وێراندان، كاریان نییه و بێ هیوا بون بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان" ئه‌دیبا موراد وای وت، ئه‌و كچه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیوایه هیچ كاتێك نابێت بیر "له خۆكوشتن" بكرێته‌وه و به چاره‌سه‌ری نازانێت.
ئه‌دیبا، له ئاواره‌كانی كه‌مپی مام ره‌شانی شێخانه و كچه رزگاربوی ده‌ستی داعشه، "له كه‌مپه‌كه‌ی ئێمه هیچ سەنتەرێك نییه بۆ ئه‌وانه‌ی رزگاربوی ده‌ستی داعشن و له بارودۆخێكی خراپی ده‌رونیدان، له‌كاتێكدا هه‌مویان پێویستیان به چاره‌سه‌ر هه‌یه".
چه‌كدارانی داعش له 2014دا شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر له سێ هه‌زار و 500 ئافره‌ت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، به‌پێی ئاماری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
"ئێمه له دۆزه‌خێكدا بوین و رزگاربوین، ئێستا پێویستمان به چاره‌سه‌ر و هه‌لیكاریشه، تا بتوانین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆمان" به‌وته‌ی ئه‌دیبا موراد بۆ (كه‌ركوك ناو).
بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال – لە پارێزگای دهۆك جێگیربون- لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ـەوە زیاتر له 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون.
بەڵام ئامارەكانی سەرەتای ئەمساڵ مەترسیدارتر دەردەكەون، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێ‌دا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان كە لەناو كەمپەكاندا كاردەكەن.
قاسم خه‌ڵه‌ف، چالاكوان و شاره‌زای ده‌رونی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كۆنفرانس كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی خۆكوشتن هه‌یه به‌ڵام له‌وه‌گرنگتر جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانیه‌تی له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانه‌وه".
ئه‌و گله‌یی هه‌یه كه له زۆرینه‌ی كه‌مپه‌كاندا "سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری ده‌رونی داخراون" پێشیوایه "زۆرینه‌ی رێكخراوه‌كان ته‌نیا به زاره‌كی ده‌ڵێن هاوكاری ئاواره‌كان به تایبه‌ت رزگاربوانی ده‌ستی داعش ده‌كه‌ن نه‌ك كرداری، ئه‌وه‌ش وایكردووه ئاواره‌كان بێ هیوا بن و بیر له خۆكوشتن بكه‌نه‌وه".
له كۆتاییه‌كانی كانونی دوه‌می ئه‌مساڵدا، 27 رێكخراوی نا حكومی عیراقی داوایەكی بە پەلەیان ئاراستەی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كرد لەبارەی "زیادبونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن" لەناو كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكاندا، بەتایبەت ئەوانەی روبەڕوی "تاوانى دڕندانە" بونەتەوە لە ماوەی شەڕی سێ ساڵەی داعشدا.
سوریا، 2019، دوو كچه رزگاربوی ئێزیدی له ده‌ستی داعش له كه‌مپێكی كوردستانی سوریا پێش گه‌ڕانه‌وه بۆ عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
حكومه‌تی فیدراڵی عیراقیش به سه‌رۆكایه‌تی ئیڤان جابرۆ، وه‌زیری كۆچ‌و كۆچبه‌ران سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه له هۆكاره‌كانی "خۆكوشتنی هاوڵاتیانی ئاواره"ی ئێزیدی پێكهێنا.
ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له دهۆك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاری ئه‌و لیژنه‌یه بەردەوامه و راپۆرتی کۆتایی‌یان ته‌واو نه‌كردووه، چونكه دەیانه‌وێت بەوردی بەدواداچون بكه‌ن، تا ئامار و زانیاری و هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان بخه‌نه‌ڕوو، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌وڵی نه‌هێشتنی روداوه‌كانی خۆكوشتن بده‌ن".
ئه‌و ده‌ڵێت له‌سه‌ر بنه‌مای كاری ئه‌و لیژنه‌یه بڕیارده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری ده‌رونی و دابینكردنی هه‌لیكار و هه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌ی پێویست بۆ رزگاربوانی ئێزیدی.
دابینكردنی چاره‌سه‌ری ده‌رونی؛ به‌شێكی سه‌ره‌كی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدییه، كه سه‌ره‌تای ئاداری 2021 په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندیكرد، بۆ قه‌ره‌بوی دارایی و مه‌عنه‌وی ئه‌و خانمانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنران و روبه‌ڕوی توندوتیژی جیاواز بونه‌وه، به ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و دوباره تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به كۆمه‌ڵگه.
تعليقات