100 کچێن رزگاربوويێن ئێزدى ل شنگال دێ بنە پۆلیس
100 کچێن رزگاربوويێن ئێزدى ل شنگال دێ بنە پۆلیس
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشێکی رزگاربووانی دەستی داعش دەکرێنە پۆلیس؛ 100 کچی ئێزدی لە شنگال دەبنە پۆلیس کە ئەوانەن لە دەستی داعش رزگاریان بووە.
هەشت هەزار و 600 کەسی خەڵکی شنگال ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی وەک پۆلیسی عێراقی وەربگیرێن و، بڕیارە تەنیا دوو هەزار و 500 پۆلیس وەربگیردرێن.
بە گوێرەی ئاماری کارگێڕیی شنگال 100 کچی کوردی ئێزدی وەک پۆلیس وەردەگرن و زۆرینەیان رزگاربووی دەستی داعشن.
حەلا جەردو، کچە ئێزدییەکی رزگاربووی دەستی داعشە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی ببمە پۆلیس، ناوم لە پۆلیسی شنگال تۆمار کردووە. خەونی من بوو کە رۆژێک چەک هەڵبگرم تاوەکو بەرگریی لە وڵاتەکەم بکەم."
دڵسۆز مستەفا، ئەویش کچێکی رزگاربووی دەستی داعشە و دەڵێت: "چ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێت چ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت، دەمانەوێت شتێک بۆ ئێمەی رزگاربوو بکرێت."
بڕیارە هەزار کەسی نیشتەجێی شنگال و 1500 کەسی دەرەوەی شنگال لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک وەربگیرێن و، ئێستا لە رێگەی کارگێڕیی شنگالەوە ناویان تۆمار دەکرێت.
مەحاما خەليل، قایمقامی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە زووترین کات ناوی هەزار کەس لە شنگال و کەمپەکانی دەرەوەی تۆمار دەکرێن کە بۆ پاراستنی شنگال و دەوروبەریەتی."
بەشێک لە گەنجانی شنگال لەوە دەترسن کە لە ناوتۆمارکردندا واستەکاری هەبێت.
بەرجەس بەهدو، باوکی رزگاربوویەکی دەستی داعشە و دەڵێت: "شتێکی زۆر باشە کە ئەو کچانەی رزگاربووی دەستی داعشن بکرێنە پۆلیس."
ئيمان خەلەف، خوێندکارە و دەڵێت: "بە راستی زۆر باشە کە کچانی ئێزدی ببنە پۆلیس، بە تایبەت ئەوانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە. "
بەڵام هێشتا نازانرێت کەی و لە کوێ ئەو ئەو پۆلیسانە دەست بە مەشق و راهێنان دەکەن.
تعليقات